خاوه‌نکار و ڕامیار‌کاران وه‌ده‌رنێن، تایبه‌تیکردن هه‌ر ئێستاکه‌ ڕاگرن

و. له‌ ئینگلیزییه‌وه*‌: هه‌ژێن

تایبه‌تیکردن دژ به‌ خه‌ڵکه‌

تایبه‌تیکردن پرسێکه‌ که‌ ڕاسته‌وخۆ زیان و کارایی له‌سه‌ر ژیان و گوزەرانی چینی کارگه‌ر داده‌نێت. له‌ سه‌روبه‌ری هه‌ر هه‌ڵبژاردنێکدا، له‌لایه‌ن ڕامیار‌کارانه‌وه‌ سه‌ردانی ده‌کرێین و به‌ڵێنی هه‌موو شتێکمان پێده‌ده‌ن. پاش هه‌ڵبژاردن، وه‌ك جاران‌ ده‌یان هه‌زار له‌ کارگه‌ر و که‌سانی هه‌ژار ڕووبه‌ڕووی ده‌رکردن و دابڕان و وابه‌سته‌یی خاوه‌ندارێتی ده‌بنه‌وه.‌ ئه‌م باره‌ ناله‌باره‌ راسته‌وخۆ به‌ پرۆسه‌ی تایبه‌تیکردنه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌. تایبه‌تیکردن پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌کانی میری و کۆمپانییه‌کانی میرییه‌ بۆ بواری چالاکی به‌ده‌ستهێنانی سوود. ئه‌مه‌ به‌ واتای کۆمه‌ڵێك شت دێت:

  • کاری که‌م و کرێی نزم، له‌گه‌ڵ خزمه‌تگوزاری که‌متر.
  • لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کان.
  • به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خزمه‌تگوزارییه‌کان.
  • له‌سه‌رکار ده‌رکردن و که‌مکردنه‌وه‌ و وابه‌سته‌یی ئه‌گه‌ر موچه‌مان دواخرا.

تایبه‌تیکردن واته‌ سوود که‌ڵه‌که‌کردن له‌ برسیکردن

به‌مجۆره‌، بۆ نموونه‌، نرخی کاره‌با زیاد ده‌کرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ESKOM) ده‌یه‌وێت پاره‌ی فره‌تر به‌ده‌ست بێنێت و قه‌ره‌بووی قه‌رزه‌کانی بکاته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێت، تاوه‌کو کۆمپانییه‌که‌ سوودی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی که‌ کۆمپانییه‌که‌ له‌ بازاردا سه‌رنجڕاکێشتر بێت: (کۆنگره‌ی نیشتمانی ئه‌فریکا ANC & SACP) و شالیاری میری (Jeff Radebe) به‌ڵێنی فرۆشتنی DENEL، ESKOM، TELKOM و SPOORNET ی له‌ کۆتایی 2002دا به‌ کۆمپانیا گه‌وره‌کان داوه‌. Radebe هیواداره‌ که‌ کۆمپانیا گه‌وره‌کان له‌ باشوری ئه‌فریکا، کۆمپانیاگه‌لی وه‌ک Anglo-American و Sanlam و کۆمپانیاگه‌لی سه‌رووده‌ریایی وه‌ك Suez-Lyonnaise ئه‌م کۆمپانیانه‌ بکرن.

خاوه‌ندارێتی میری ئه‌ڵته‌رناتیڤ نییه‌

له‌ ڕاستیدا به‌ کرده‌وه‌ جیاوازییه‌کی که‌تواری نییه،‌ کاتێك ئه‌م کۆمپانیانه‌ به‌ موڵکی میری‌ بمێننه‌وه‌ یا ببنه‌ هی کۆمپانیا گه‌وره‌کان. گرفتی بنه‌ڕه‌تی لێره‌دایه‌: که‌ سوکانی میری به‌ده‌ست ANC یه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆمپانیا میرییه‌کان و خزمه‌تگوزارییه‌ میرییه‌کان بکه‌نه‌ سه‌رچاوه‌ی سوود که‌ڵه‌که‌کردن. ESKOM سه‌د له‌ سه‌د مولکی میرییه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ خۆی له‌ Soweto له‌ مانگێدا 15،000 که‌سی که‌مکرده‌وه‌ -ده‌رکرد-. میری له‌ Servcon دا هاوبه‌شه‌، ئه‌و کۆمپانییه‌ی که‌ له‌ که‌ناری ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ره‌شه‌ی ده‌رکردن له‌ کارگه‌ران ده‌کات. له‌ سه‌دا حه‌فتای TELKOM موڵکی میرییه‌، که‌ له‌ پینج ساڵی رابوردوودا له‌ سه‌دا سی (30%) نرخی ته‌له‌فۆنکردنی به‌رزکرده‌وه. شته‌که‌ ساده‌یه‌. کاتێك که‌ ئێمه‌ دژی تایبه‌تیکردنه‌وه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌، پێمان وانییه‌ که‌ موڵکایه‌تی میری بۆ ئه‌م کۆمپانی و خزمه‌تگوزارییانه‌ چاره‌سه‌ر بێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك چیتر جیاوازییه‌کی وا له‌ نێوان خاوه‌ندارێتی میری کۆمپانیاکان و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی کۆمپانیاکاندا نییه‌. هه‌ردووکیان له‌ سروشیاندا سوود هانده‌ریانه‌ و دژی کارگه‌ر و دژی یه‌کێتییه‌کانن. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یێنێت، که‌ هاوکات خه‌باتمان، خه‌باته‌ دژی هه‌ردوولایە؛ کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان و میری‌.

خاوه‌ندارێتی میری ناکاته‌ سۆشیالیزم

پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین که‌ موڵکایه‌تی میری کۆمپانیاکان هیچ په‌یوه‌ندی به‌ سۆشیالیزمه‌وه‌ نییه‌. له‌ مێژوودا هه‌ندێك له‌ کۆمپانیا زیاتر دژه‌ کارگه‌ره‌کان موڵکی میری بوون. بۆ ئانارشیسته‌ شۆڕشگێڕه‌کان پرسه‌که‌ روونه‌: سۆشیالیزم واته‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری؛ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ته‌واو پێچه‌وانه‌ی کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تییه‌؛ هه‌روه‌ها کۆنترۆڵی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌تی له‌ هیچ بارێکدا ناتوانرێت به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کارگه‌ران بچوێنرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ دژی تایبه‌تیکردن نین، که‌ میریمان خۆش ب‌وێ و ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بێت که‌ به‌ هۆی تایبه‌تیکردنه‌وه‌ ده‌سه‌لاتی له‌ده‌سه‌ت بدات. ئێمه‌ ڕکمان له‌ میری ده‌بێته‌وه‌، لەبەر ئه‌وه‌یە دەمانەوێت ڕاستگۆ بین. هۆی ڕاسته‌قینه‌ی دژایه‌تیمان بۆ تایبه‌تیکردن له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ زیان به‌ چینی کارگه‌ر ده‌گه‌یێنێت. که‌ ئه‌مه‌ له‌ هۆیه‌کی پێویست زیاتره‌.

بۆچی تایبه‌تیکردنه‌وه‌ ڕووده‌دات؟

تایبه‌تیکردن له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕووده‌دات که‌ کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی ئابوری ده‌بنه‌وه‌. ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ هاوشێوه‌ی ته‌مبه‌ڵییه‌ (داته‌پین‌)ه‌ گه‌وره‌که‌ی ده‌هه‌ی سییه -1930یه‌کانه‌-‌. ئه‌مجاره‌ ته‌مبه‌ڵی به‌هێز شێوه‌ی خاو بزووتن به‌خۆوه‌ ده‌گرێت: له‌ شه‌سته‌کانه‌وه‌ داته‌پینی ئابوری درێژماوه‌ له‌ ئاستی جیهانیدا له‌ ئارادایه‌، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ 1973وه‌ زیاتر به‌رچاوکه‌وت. ئێمه‌ هێشتاکه‌ له‌ قه‌یراندا ده‌ژین‌. کۆمپانیا گه‌وره‌کان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که‌ چینی کارگه‌ر باجی ئه‌م ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌ڕێی پیاده‌کردنی سیاسه‌ته‌کانی نیئۆلیبرالیزم؛ له‌وانه‌ تایبه‌تیکردن و بێسه‌ره‌و- ‌به‌ره‌ییه‌وه‌ casualisation، بده‌ن. به‌ واتایه‌کی تر، سیاسه‌تی دژه‌ کارگه‌ری وه‌ك تایبه‌تیکردن بۆ ئه‌وه‌یە کرێیکار (هه‌قده‌ست) و ئاستی ژیانی چینی کارگه‌ر به‌مه‌به‌ستی به‌رزکردنه‌وه‌ی سوودی کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان، دابه‌زێنێت. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یێنێت که‌ هۆی ئاراسته‌کردنی ئه‌م ڕامیارییانە‌ چه‌ند ڕامیارکارێکی گه‌نده‌ڵ یا به‌رێوه‌به‌رێکی که‌مته‌رخه‌م نین: به‌ڵکو ناوه‌ڕۆکی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ دڵڕه‌قی و گیانی شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی سه‌رمایه‌داری مۆدێرنه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌، خه‌باتی ئێمه‌ دژی تایبه‌تیکردن، خه‌باته‌ دژی خودی سه‌رمایه‌داری‌، خه‌باته‌ دژی سیسته‌می سوود که‌ڵه‌که‌کردن له‌ ڕێی کاری هه‌رزان، که‌مکردنه‌وه‌ی پێداویستی و خزمه‌تگوزارییه‌کان، په‌یوه‌ندی نادیموکراتانه‌ی به‌رهه‌مهێنان، شه‌ڕ و ڕاسیزم.

له‌ خشته‌بردن و فڕوفێڵی هه‌ڵبژاردنه‌کان

ئێمه‌ ئانارشیسته‌ شۆڕشگێڕه‌کان هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ له‌خشته‌بردن ده‌زانین. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ دیاریکراون، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان دیموکراسیانه‌ نین. هیچکات ڕامیارکاره‌کان له‌ هیچ خاڵێکدا ڕه‌زامه‌ندی جه‌ماوه‌رییان بۆ پیاده‌کردنی تایبه‌تیکردن پێنه‌دراوه‌‌. هیچکات له‌ هیچ خاڵێکدا ڕامیارکاره‌کان مافی ئه‌وه‌یان پێنه‌دراوه‌ له‌سه‌ر خوانی ئێمه‌ قه‌له‌و بن، ده‌رمان که‌ن و دامان بڕن، مافمان بخۆن و ڕوناکیمان ببڕن. ڕۆشنه‌، که‌ میری خزمه‌تی خه‌ڵک ناکات. خزمه‌تی کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان و ده‌وڵه‌ندان ده‌کات. ئه‌مانه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سه‌لماون که‌ هه‌موو میرییه‌کان له‌ جیهاندا سیاسه‌ته‌کانی نیئۆلیبرالیزم پیاده‌ ده‌که‌ن و له‌ هیچ بارێکدا نوێنه‌رایه‌تی چینی کارگه‌ر ناکه‌ن. پێویست نییه‌ ئێمه‌ به‌شداری له‌م سیسته‌مه‌ بۆگه‌نه‌دا، له‌م مافیا ڕامیارییه‌دا بکه‌ین. خاوه‌نکار و ڕامیار‌کاران ده‌ستیان تێکه‌ڵه‌، ده‌وڵه‌تمه‌ندان سه‌روه‌ری هه‌ژارانن.

چینی کارگه‌ر ده‌بێت کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت

له‌به‌ر ئه‌وه‌ مافی خۆمانه‌‌ دژایه‌تی میری بکه‌ین و بیگۆڕین به‌ سیسته‌مێكی نوێ، که‌ خزمه‌تی خه‌ڵکی بکات. پێویسته‌ سیسته‌می کارگه‌ران و ئه‌نجومه‌نه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بێت، که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆی نوێنه‌ران داده‌مه‌زرێت. له‌ بری هه‌ڵبژاردنی پێنج ساڵ جارێکی ڕامیارە‌ درۆزنه‌کان، پێویسته‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌بێت، ده‌ستبه‌جێ نوێنه‌رانی ناکارا و گه‌نده‌ڵ له‌ نوێنه‌رایه‌تی بخه‌ین. له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌موو بڕیاردانه‌کان به‌ که‌سانێك به‌نێوی شاره‌زایان بسپێرین، پێویسته‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌بێت، به‌پێی لوان له‌و بڕیاردانانه‌دا به‌شداری بکه‌ین، که‌ کاراییان له‌سه‌رمان هه‌یه‌. پێویسته‌ مافی کۆنترۆڵکردنی شوێنه‌کانی کارکردن، ئه‌نجومه‌نه‌کان (شاره‌وانییه‌کان) و فێرگه‌کانمان هه‌بێت. ئایا ئه‌مه‌ ده‌کرێت (کرده‌نییه‌)‌؟ به‌ڵێ، مێژوو ئه‌زمونه‌گه‌لی کۆنترۆڵکردنی کارگه‌ری و به‌ڕێوه‌بردنی دیموکراسییانه‌تری کۆمه‌ڵگه‌ له‌لایه‌ن چینی کارگه‌ره‌وه‌ نیشانی داوه‌؛ له‌وانه‌ کۆمۆنه‌ی پاریس، شۆڕشی ئه‌سپانیا، ئه‌نجومه‌نه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌نگاریا 1956، یا ده‌سه‌لاتی گه‌لی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو له‌ باشووری ئه‌فریکا. پێویسته‌ چینی کارگه‌ر ده‌ست به‌سه‌ر ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمەڵگە، بگرێت.

ئامانجه‌کانمان

ئامانجی سه‌ره‌کیمان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تایبه‌تیکردن و کۆتاییهێنانه‌ به‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، که‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گرفته‌که‌یه‌. ئامانجمان بۆ کارگه‌ران و ئه‌نجومه‌نه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ڕاسته‌وخۆی کۆمپانیا و خزمه‌تگوزارییه‌کانی میری و‌ کۆمپانی خزمه‌تگوزارییه تایبه‌تییه‌کانە. کاری ڕاسته‌وخۆ (Direct Action) تەنیا ڕێگەچارە و شێوازی تێکۆشانە نه‌ك هه‌ڵبژاردن. ئێمه‌ ئامانجمان هه‌ره‌وه‌زیکردنی کۆمپانیاکانه‌، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنیان و خستنه‌ژێر به‌ڕێوه‌بەرایەتی کا‌رگه‌ری و کۆنترۆڵی ئه‌نجومه‌نه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کان و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییان له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵسورانی شۆڕشگێڕانه‌وه‌.

سه‌رکه‌وتوو بێت چینی کارگه‌ر. ژیانمان باشتر ده‌بێت، کاتێك که‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان بڕوخێنرێن

داخوازییه‌کانمان

  • ئێمه‌ خوازیاری‌ به‌هێزکردنی کرده‌ی Khanyisa** ی به‌رده‌وامین؛ چینی کارگه‌ر ده‌بێت کاروباره‌کان به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت و هه‌ر دابڕان و وه‌ستانێك به‌رپه‌رچ بداته‌وه‌.
  • ئێمه‌خوازیاری بایکۆتکردنی (به‌شداری نه‌کردن)ی خه‌ڵکانی کارگەر‌ین لهبژاردنی خزمه‌تگوزارییه‌کاندا، ده‌بێت میری خه‌رجیان له‌ ئه‌ستۆ بگرێ و خۆرایی بن.
  • ئێمه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ین‌ کارگه‌ران و ئه‌نجومه‌نه‌کان هێزی نه‌رێکردنی ڤیتۆکردنی- هه‌موو بڕیاره‌ په‌یوه‌سته‌کان له‌لایه‌ن کۆمپانیا و ناوه‌نده‌ خزمه‌تکارییه‌کانی میرییه‌وه‌، بن.
  • ئێمه‌ خوازیاری ڕاگرتنی هه‌موو که‌مکردنه‌وه‌، لێگرتنه‌وه‌، ته‌نگ پێهه‌ڵچنینێکین له‌ ڕێگه‌ی سه‌ختگرتنه‌کانی شوێنکارەوە.

ئه‌وه‌ی نییه‌تی ببژێرێت، نابێت ببژێرێت

* وه‌ك هه‌موومان ده‌زانین پرۆسه‌ی تایبه‌تیکردن به‌ ئاوه‌ڵاکردنی سنووره‌کانی کوردستان و عیراق له‌به‌ده‌م بازار ئازاد ( سیسته‌می ئابوری نیئۆلیبرالیزم)دا، نه‌ك ته‌نیا ڕه‌وشی تایبه‌تیکردنی خێراکرده‌وه‌ و مه‌یدانی بۆ کۆمپانی ده‌ره‌کی خۆشکرد، که‌ ئه‌مه‌ش پابه‌ندی ڕێکه‌وتنی ده‌سه‌لاتدانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌یه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ جیهانییه‌کانی وه‌ك بانکی نێوده‌وڵه‌تی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و..تد و تایبه‌تیکردن یه‌کێکه‌ له‌ مه‌رجه‌ یه‌که‌مه‌کانیان. به‌ڵکو شێوازی مافیایی و راوڕووتی بێوێنه‌ی وه‌ك تاپۆکردنی گشت ناوه‌نده‌کانی خزمه‌تگوزاری و که‌رته‌ گشتییه‌کانی له‌سه‌ر پارته‌ ده‌سه‌لاتداره‌کان له‌ڕێگه‌ی فێڵی یاساییه‌وه‌ و به‌ناوکردنی ناوه‌ند و که‌رته‌کان به‌نێوی که‌سانی سه‌ر به‌ پارت و کۆمپانیاگه‌لی ژێربه‌ژێر سه‌ربه‌ پارت و دواجار گێڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌ندامانی خێزانه‌ ده‌سه‌لاتداره‌کانی ناو پارته‌ڕامیارییه‌کان، هێنایه‌ ئاراوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخێك که‌ ئه‌ورۆ له‌ کوردستاندا له‌ ئارادایه‌، هاوشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی زۆربه‌ی ولاتانێك که‌ به‌ر شاڵاوی تایبه‌تیکردن که‌وتوون، به‌تایبه‌ت دانیشتوانی باشووری ئه‌فریکا، که‌ سالانێکی دوورودرێژ به‌ده‌ست هه‌لاواردنی نه‌ژادییه‌وه‌ ناڵاندی و وه‌ك جه‌ماوه‌ری کوردستان پێیان وابوو، به‌ کۆتایی سته‌مه‌ نه‌ژادییه‌که‌ و سپاردنی کاروباره‌کان به‌ ده‌سه‌لاتدارانی خۆیی، ئیتر گشت ئازار و چه‌وسانه‌وه‌یان کۆیایی پێ دێت. به‌لام ئه‌مه‌ هه‌روه‌ك له‌ کوردستان بینیمان، پاش کۆتایی هاتنی سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ نابێت، جڵه‌وی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ ده‌سه‌ڵاتخوازانی خۆیی بسپێرینه‌وه‌. به‌ڵکوو پێویسته‌ به‌خۆمان له‌ ڕێگه‌ی خۆڕێکخستنی خۆمانه‌وه‌ کۆمه‌ڵگه‌ و کاروباره‌کانمان به‌ڕێوه‌به‌رین. ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ که‌ ڕه‌شپێشته‌کانی باشوری ئه‌فریکا پێش ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووی بوونه‌وه‌. بۆیه‌ منیش وه‌رگێڕانی ئه‌م نووسینه‌م به‌ گونجاو زانی. به‌ درێژایی مێژوو ئه‌زموونه‌کان نیشانیان داوه‌، که‌ کۆتاییهێنان به‌ هه‌لاواردنی نه‌ژادی، ڕه‌گه‌زی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی هیچکات کۆتایی به‌ سه‌رچاوه‌ی سته‌می مرۆڤ له‌ مرۆڤ نییه‌، به‌ڵکو کۆتاییهێنان به‌ چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ به‌ له‌ناوبردنی پایه‌ و پێناو و هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌وسانه‌وه‌؛ موڵکایه‌تی تایبه‌تی، کاریکرێگرته‌ و سه‌روه‌ری چینایه‌تی، مرۆڤ ده‌توانێت بۆ هه‌میشه‌ ئازاد بێت.

**Khanyisa وشه‌یه‌کی زولو (Zulu )ییه، که زمانێکی بەرفراوانە و زۆرێنەیەك ئاخاوتنی پێدەکەن،‌ به‌ واتای ڕوناکبوونه‌وه‌‌Spreading the light دێت.

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وتاره‌ : ماڵپه‌ڕی ئانارشیسته شۆڕشگێڕه‌‌کانی باشوری ئه‌فریکا(زابالازا نێت)

ڕێپێوانی به‌رگری له‌ زانۆن

Grupo Alavio ئاماده‌کردنی:

و. له‌ ئاڵمانییه‌وه‌: هه‌ژێن

له‌ 14 سێپته‌مبه‌ردا ڕاسپارده‌یه‌ک (نوێنه‌رایه‌تییه‌ک) له‌ کارگه‌رانی زانۆن و ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی بێکاران (MTD) له نۆیکوین‌ Neuquén ه‌وه‌ به‌ره‌و بۆینۆس ئایرێس Buenos Aires که‌وته‌ڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگرییه‌کی سه‌رتاسه‌ری nationale Kampagne بۆ به‌رگریکردن له‌ زانۆن ڕێکبخه‌ن. سه‌دان کارگه‌ر به‌نێوه‌ندی شاردا ڕێپێوانیان کرد و خوازیاری چاره‌سه‌ری لێسه‌ندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی هه‌موو کارخانه و کۆمپانیا ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌کانی ئه‌رژه‌نتین بوون. له‌ مارسی 2002ه‌وه‌ کارگه‌رانی زانۆن دیارده‌یه‌کیان خستۆته‌ڕوو: کارگه‌رانی خۆڕێکخه‌ر/- خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر ته‌نانه‌ت باشتر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خاوه‌نکار، به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رکاردا به‌رهه‌میانهێناوه‌. ڕاسپارده‌یه‌کی پێکهاتوو له‌ 170 هه‌ڵسوڕاو ( 100 کارگه‌ری زانۆن و 70 ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ئه‌وانه‌ی که‌ کارخانه‌که‌ ده‌پارێزن) سه‌ر له‌به‌یانییه‌که‌ی گه‌یشتنه‌ بۆینۆس ئایرێس. له‌ به‌رده‌م دادگه‌یه‌کی ئه‌و شوێنه‌وه‌ به‌ره‌و کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی (پارله‌مان) : دژی لێسه‌ندنه‌وه‌ و داخستنی کارخانه‌که‌ له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌، ڕێپێوانیان کرد. کارگه‌رانی چاپخانه‌ی چیلاڤێرت Chilavert ، کارخانه‌ی جلوبه‌رگ دوورینی بروکمانBrukman ، چاپخانه‌ی کۆنفۆرتی Conforti، خه‌سته‌خانه‌ی جه‌نین Junin-Gesundheitsklinik، خه‌سته‌خانه‌ی ئه‌دۆز Ados-Gesundheitsklinik، کارگه‌ی پێڵاوی Gattic ، کارخانه‌ی ماکارۆنی Sasetru ، کارگه‌رانیBauen Hotel و کارگه‌رانی کاره‌بایی Renacer ی‌ ئوسوهیا Usuhia هه‌روا که‌سانیك له‌ ڕێکخراوه‌ جۆراو جۆره‌کانی بێکارانه‌وه‌ له‌ ڕێپێوانه‌که‌دا به‌شدار ده‌بوون.

کارگه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی دووباره‌ کردنه‌وه‌ی (وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی) کارخانه‌کان، داوانامه‌یه‌کیان دایه‌ کۆنگرێس (پارله‌مان) بۆ چاره‌سه‌ری لێسه‌ندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی ( خاوه‌نه‌ کۆنه‌کان) گشت کارخانه‌ و کۆمپانیا سه‌رله‌نوێ وه‌گه‌ڕخراوه‌کان. له‌هه‌مان کاتدا خۆپێشانده‌ران ده‌زانن که‌ به‌ پێ له‌سه‌رداگرتن، چه‌نده‌ گرنگه‌ کارخانه‌کان به‌هه‌ر نرخێک بووه‌ بپارێزنچ به‌ بوون و چ به‌ نه‌بوونی تاپۆی یاسایی. هه‌فته‌کانی ئه‌م دواییانه‌ پڕمه‌ترسی بوون بۆ کارگه‌رانی زانۆن. فشار و ته‌نگ پێهه‌ڵچنین له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی Gouverneurs بۆ سه‌ر کارگه‌ران ، تاوه‌کو ده‌ست له‌ کاره‌کانیان له‌ کارخانه‌دا بکێشنه‌وه‌ و له‌به‌رامبردا له‌ پرۆژه‌کانی بێکاریدا کاربکه‌ن؛ کارگه‌گه‌لی گچکه‌ی ده‌وڵه‌تی. پاش سێ ساڵ به‌ڕێوه‌بردنی زانۆن له‌لایه‌ن خودی کارگه‌رانه‌وه‌، سه‌رله‌نوێ له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی نۆیکوین Neuquénه‌وه‌ ده‌که‌ونه‌وه‌ به‌ر شاڵاو، ئه‌مه‌ له‌م مانگه‌دا، که‌ تێیدا کارگه‌ران پێوه‌ری به‌رز له‌به‌رهه‌مهێنان ، فرۆشتن و کوالیتێت (باشێتی کاڵا)‌دا ده‌توانن تۆمار بکه‌ن. به‌ر له‌ ماوه‌یه‌کی کورت دادگه‌رێک، خۆی له‌وه‌ بوارد (کێشاوه‌) که‌ زانۆن وه‌ک هه‌ره‌وه‌زی (تعاونی)کارگه‌ران بناسێت و کارخانه‌که‌ یاسایی (دانپیانراو)بکاته‌وه‌.
ئه‌م ڕێپێوانه‌ به‌شێکه‌ له‌ ستراتیژی سه‌رتاسه‌ری بزووتنه‌وه‌ی وه‌گه‌رخستنه‌وه‌ی کۆمپانیاکان. له‌ ئه‌رژه‌نتین‌دا به‌لانیکه‌مه‌وه‌ زیاتر له‌ 200 کارخانه‌ و کۆمپانیای ده‌ستبه‌سه‌رداگیراو نزیکه‌ی 10000 کارگه‌ر کاریان تێدا ده‌که‌ن هه‌ن، که‌ کارخانه‌ی زانۆن له‌ هه‌رێمی باشووریی Neuquénیه‌کێکه‌ له‌ نموونه‌ پڕکاراکان بۆ ( ئه‌زموونی به‌رهه‌مهێنان) له‌ژێر خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کارگه‌راندا. له‌ ئێستادا له‌ زانۆن‌دا 420 کارگه‌ر کارده‌که‌ن. ئه‌م کارخانه‌ له‌ مانگێکدا نزیکه‌ی 3000 میتر کاشی به‌رهه‌م دێنێ. له‌ مارسی 2002دا 240 کارگه‌ری دامه‌زراو ده‌ستیان به‌سه‌ر کارخانه‌که‌دا گرت. له‌و کاته‌وه‌ زیاتر له‌ 180 کارگه‌ری تازه‌، که‌سانێک له‌ ڕێکخراوه‌کانی بێکاران، له‌ کارخانه‌دا وه‌رگیراون.
خۆپیشانده‌ران ده‌یانووت: ته‌نیا چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ کارخانه‌گه‌لی دووباره‌ وه‌گه‌ڕخراو و لێپرسراوه‌تی وه‌رگیراو، لێسه‌ندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی (خاوه‌نکار)ه‌- له‌ژێر به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی کارگه‌ری –دا، بۆ ئه‌وه‌ی بێترس له‌ داخستنه‌وه‌ و وه‌رگرتنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌، به‌رهه‌میان تێدا به‌رهه‌م بهێنرێته‌وه‌. پاش قه‌یرانی 19/20ی دێسه‌مبه‌ری 2001 حکومه‌ت زۆرجار مۆڵه‌تی به‌کارگه‌رانێک، که‌ کۆمپانیاکانیان داگیرده‌کرد، ده‌به‌خشی، تاوه‌کو کارخانه‌ و نوسینگه‌ داخراوه‌کان بکه‌نه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ ئه‌م مۆڵه‌ته‌ کاتیانه بۆ 2 ساڵ دیاریکرابوون، مۆڵه‌تی چاپخانه‌ی Chilavert، چاپخانه‌ی Grissanopolis و لکه‌ کارخانه‌یه‌کی بیره‌، ئه‌وانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن کارگه‌رانه‌وه‌ وه‌گه‌ڕخرانه‌وه‌، له‌م ساڵه‌دا کۆتایی پێدێت. ‌ئه‌وه‌ی که‌ حکومه‌تی ئێستاکانه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌کات، ئاشکرا نییه. ناڕازیان ده‌ریانڕی، که‌ وان پێیان وانییه، که‌ حکومه‌ت کاری پڕ‌ڕێز بۆ بێکاران له‌ ولاتدا دابین بکات. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا سیاسه‌تێک ده‌گرێته‌به‌ر، که‌ ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌، سیاسه‌تێک که‌ تێیدا هه‌ژاران تووشی تاوان ده‌کات.

پاش ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌رژه‌نتین له‌ 2001دا قه‌یرانێکی دارایی سه‌خت دایگرتووه‌. ئابووری ئه‌رژه‌نتین له‌م کاته‌دا جێگیر ده‌رده‌کوێ. ئابووریناسه‌کان پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرن، که‌ ئابووری خۆی ده‌گرێته‌وه‌، سه‌رکه‌وتنی به‌رهه‌می کۆمه‌ڵایه‌تی ناپوخته‌ (انتاج اجتماعی غیرصافی) له‌ ده‌رکه‌وتندایه‌. هه‌نووکه‌ وه‌ک پێشان گرفته‌ ئابووریه‌کان بێچاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی که‌ بازاری کاریان به‌گشتی گرتۆته‌وه‌. که‌چی به‌هره‌کێشه‌ بیانییه‌کان و کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان گه‌شانه‌وه‌یه‌ک ڕاده‌گه‌یێنن، به‌ڵام ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ ڕووناکاته‌ بازاری کار. له‌م کاته‌دا ڕێژه‌ی بێکاری نزیکه‌ی 19.5% دایه‌. له‌وانه‌ی که‌ کاریان هه‌یه‌، نزیکه‌ی 15.7%یان بێکارن. به‌مجۆره‌، نزیکه‌ی 35.2% به‌ته‌واوی گرفتی کاریان هه‌یه‌ (واته‌ 5.2 میلیۆن کارگه‌ر.

(بزووتنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کارخانه‌کان له‌ ئه‌رژه‌نتین شانازی داهێنانی هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌ ستراتیژییه‌کانی (هه‌ستانه‌وه‌)یان ، بۆ به‌رگری له‌ چینی کارگه‌ر به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داری پیده‌بڕێ، ئه‌وانه‌ش بریتین له‌ ئه‌زمونگه‌لی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی که‌رگه‌ری و ڕێکخراوبوون، ئه‌وانه‌ی که له‌سه‌ر ڕیگه‌یه‌کی ته‌واو ڕاسته‌وخۆ‌ دژی پێکهاته‌کانی سه‌رمایه‌داری (خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی)، یه‌که‌ ئاراسته‌که‌ره‌کانی کۆمپانیاکان به‌ته‌نیا بۆ سوود هه‌روه‌ک داماڵینی کارگه‌ران له‌ لێهاتوویی و زانینی (ئامێره‌کان) خه‌باتده‌که‌ن. به‌رگری له‌ زانۆن و هه‌موو ئه‌و کارخانانه‌ی‌ له‌لایه‌ن کارگه‌رانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌، بکه‌ن! ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌ ئێمه‌ وه‌رگێڕنه‌وه‌، ئه‌وکات هه‌موومان تێکده‌شکێن! ( ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یخوازین) ده‌ستهه‌ڵگرتنی یه‌کجارییه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانی‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی گشت کارخانه‌ و کۆمپانیاکان، ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ژێر کۆنترۆڵی کارگه‌ریدا به‌رهه‌م دێنن.

ZNet 17.09.2004

وه‌رگیراو له: ZNet http://zmagsite.zmag.org

سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م: http://www.revolutionvideo.org/alavio

مارکسیزم و ئانارکیزم 3

به‌شی سێیه‌م
هه‌نووكه‌ پرسیارێكی تری بنه‌ڕه‌تی‌ ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌: ده‌وڵه‌تیكردنی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان یا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری (self-management)؟ لێره‌شدا ماركس و ئه‌نگلس با ده‌ده‌نه‌وه‌. له‌ مانیفێستی كۆمونیستدا كه‌ به‌ سروش وه‌رگرتنی راسته‌وخۆ له‌ سۆشیالیستی ده‌وڵه‌تگه‌را، لویس بلانك‌ (Louis Blanc)ی فه‌ره‌نسی، نووسراوه‌. ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ «ده‌بێت گشت ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا ناوه‌ندی بكرێنه‌وه» به‌لام له‌ وشه‌ی ده‌وڵه‌تی، ئه‌وان به‌ «پرۆلیتاریای ڕێكخراو وه‌ك چینی فه‌رمانڕه‌وا» تێده‌گه‌ن. باشه‌ بۆچی وه‌ها ڕێكخراوێكی پرۆلیتێری نێو‌ ده‌نێنن «ده‌وڵه‌ت»؟ له‌مه‌ بگوزه‌رێین: بۆچ چه‌ند ساڵ دواتر ئه‌وان په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ و له‌ جونی 1872 له‌ پێشه‌كی چاپی سه‌رله‌نوێی مانیفێست‌دا له‌ ده‌وڵه‌تگه‌رایی كورتبینانه‌ی خۆیان سه‌رله‌نوێ تێڕوانینه‌وه‌ ده‌كه‌ن و په‌نجه‌ بۆ راگه‌یاندنی 1871 له‌مه‌ڕ كۆمۆنه‌ی پاریس ڕاده‌كێشن، كه‌ پێویسته‌ به‌رهه‌مهێنان به‌هۆی«خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌مهێنه‌ران – associated to producers» به‌ڕێوه‌ ببرێت؟

بێگۆمان ئه‌وان هه‌ستیان به‌ پێداویستی پێكهاتن له‌گه‌ڵ باكۆنیسته‌كان له‌ ئینته‌رناسیناڵی یه‌كه‌مدا‌ كردبوو. به‌لام ئه‌وه‌ش بڵێین، كه‌ ماركس هیچكات له‌ ورده‌كاریدا ڕێگه‌گه‌لێك، كه‌ ده‌توانن خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێ بخه‌ن، نه‌چووه‌ته‌ به‌لایاندا و له‌ كاتێكدا، كه‌ پرۆدۆن لاپه‌ڕه‌ی فره‌ی له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا بۆ ئه‌م پرسه‌ ته‌رخانكردبوو. پرۆدۆن كه‌ ژیانی وه‌ك كارگه‌رێك ده‌ست پێكردبوو، ده‌یزانی كه‌ باس له‌ چی ده‌كات. وی به‌ وردبینیه‌وه‌ «كۆمه‌له‌ كارگه‌رییه‌كان Workerassociations» كه‌ له‌ شۆڕشی 1848دا سه‌ریانهه‌ڵدابوو، سه‌رنجدابوو. به‌ڵام هۆی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ماركس، له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر به‌ «خه‌یاڵیبوون – utopian» دانانی پرسی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌ لای وی بێت. ئه‌ورۆكه‌ ئێمه‌ كۆمونیسته‌ ئازادڕه‌وه‌كان، به‌شێكین له‌وانه‌ كه لانیكه‌م له‌ ئه‌وروپای ڕۆژئاوا خۆبه‌ڕیوه‌به‌رییان كردووه‌‌ به‌ بابه‌تی ڕۆژ، پرسیارێكی كۆنكرێت و خستویانه‌ته‌ به‌رنامه‌ی كاری ڕۆژه‌وه‌‌. پرسیارێك، كه‌ ئیتر جێكه‌وته‌ بووه‌ و ئه‌رۆكه‌ له‌لایه‌ن نزیكه‌ی هه‌ره‌زۆری ڕه‌وته‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی بۆ ده‌برێت، گۆڕانی به‌سه‌ردا هێنراوه‌‌ و كورتكراوه‌ته‌وه‌.[3]

VII.

ماركسیسته‌كان و ئه‌نارکیسته‌كان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی سیاسیانه‌وه ڕووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه‌. یه‌كه‌مین هێرش له‌لایه‌ن ماركس و ئه‌نگلس‌ه‌وه‌ له‌دژی شتاینه‌ر (Steiner) له‌ په‌رتووكی پڕدژایه‌تی «ئایدیۆلۆژی ئاڵمانی»ه‌وه‌ ده‌ستی پیكرد. لێره‌دا پرسه‌كه‌ له‌سه‌ر خراپ له‌یه‌ك گه‌یشتنێكی دوولایه‌نه‌ بوو. شتاینه‌ر ڕوونی نه‌كردبووه‌وه‌، كه‌ له‌پاڵ ستایش بۆ «من» و «كه‌س» وی، له‌ڕاستیدا لایه‌نگری یه‌كگرتنی خۆخواستانه‌ی ‌ئه‌م «كه‌س»ه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێكی‌تر. له‌ڕاستیشدا وی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌نووكه‌یی پێشنیار ده‌كات، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای فیدرالی و مافی جیابوونه‌وه‌ دامه‌زرابێت. هه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ دواتر باكۆنین و دواجار لینین له‌مه‌ڕ پرسی نه‌ته‌وه‌ییدا، به‌كاریان هێناوه‌. ماركس و ئه‌نگلس به‌ هه‌ڵه‌ ڕه‌خنه‌ تونده‌كانی شتاینه‌ر به‌رامبه‌ر كۆمونیزم به‌ كۆنه‌په‌رستی وی داده‌نێن، له‌ كاتێكدا كه‌ هێرشه‌كانی شتاینه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئاراسته‌ی جۆرێكی تایبه‌ت له‌ كۆمونیزم بوون، دژی «ناپوخته‌كان- Clumsy» كۆمونیزمی دوڵه‌تی، كه‌ كۆمونیسته‌ خه‌یاڵییه‌كانی (utopian communism) سه‌رده‌می خۆی، له‌وانه‌ ڤایتلینگ (Weitling) له‌ ئاڵمان و كابه‌ (Cabet) له‌ فه‌ره‌نسه‌، كه‌ هۆی ئه‌م ڕه‌خنانه‌ی شتاینه‌ریش مه‌ترسییه‌ك بوو، كه‌ ئامانجی ئه‌م‌، ئازادی تاكه‌كه‌سی بوو.

هه‌ر به‌وجۆره‌ی كه‌ پێشتر وتمان، هێڕشی توندی ماركس‌ێش بۆ سه‌ر پڕۆدۆن تا‌ڕاده‌یه‌ك له‌به‌ر شتگه‌لی ئاوا بوو، پرۆدۆن پێشوازی له‌ موڵكایه‌تی گچكه‌ی تایبه‌ت له‌ هه‌لومه‌رجێكدا، كه‌ نێشانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌كه‌سی بێت، ده‌كات. به‌ڵام شتێك كه‌ ماركس لێی تێناگات ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پرۆدۆن له‌ پێشه‌سازی گه‌وره‌ و گرنگی به‌شی سه‌رمایه‌داریدا، به‌ته‌واوی خۆی به‌پشتیوانیكه‌ری موڵكایه‌تی گشتی ده‌ناساند. له‌بیرمان نه‌چێت كه‌ پرۆدۆن له‌ «په‌ڕاوه‌كان –Carnets»یدا ئاوا ده‌نووسێت: « پێشه‌سازی گچكه‌، به‌هه‌مان ‌ڕاده‌ی فه‌رهه‌نگی گچكه‌، گه‌مژانه‌یه؟‌». له‌ پێشه‌سازی گه‌وره‌شدا، وی بێچه‌ندوچوون گشتگه‌رایه‌. له‌ ڕوانگه‌ی پرۆدۆن‌دا ڕێكخراوگه‌لێك له‌ژێر نێوی «هه‌ره‌وه‌زی كارگه‌ری – Worker-companies»دا ڕۆڵی سه‌ره‌كی بگێڕن، واته‌ به‌ڕێوه‌بردنی پیشه‌سازی گه‌وره‌ له‌وانه‌ هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، كارخانه‌ گه‌وره‌كان، ده‌رهێنانی كانه‌كان، چێكردنی پۆڵا و ده‌ریاوانی، … هیتریان، له‌ ئه‌ستۆیه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پرۆدۆن له‌ كۆتایی ژیانیدا، له‌ په‌رتووكی «لێهاتوویی سیاسی چینی كارگه‌ر»دا، خۆی به‌ لایه‌نگری جیابوونه‌وه‌ی ته‌واوی چینی كارگه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازی یا به‌واتایه‌كی‌تر لایه‌نگری خه‌باتی چینایه‌تی ڕاده‌گه‌یێنێت، به‌ڵام هێشتا ئه‌مه‌ش ماركس له‌ نیازخراپی به‌رامبه‌ر پرۆدۆنیزم، كه‌ به‌ سۆشیالیزمی ورده‌بۆرژوازی دایده‌نێت، ده‌ستهه‌ڵناگرێ.

با سه‌رنجی مشتومڕی به‌رده‌وام و ناپاكی نێوان ماركس و باكۆنین له‌ نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌كه‌مدا بده‌ین؛ لێره‌شدا له‌گه‌ڵ جۆرێك له‌ خراپ له‌یه‌ك گه‌یشتن ڕووبه‌ڕووین. باكۆنین تاڕاده‌ی زیاده‌ڕه‌ویكه‌رانه‌ ماركس به‌ دێوێكی ده‌سه‌لاتخواز و تینووی فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كارگه‌ریدا ده‌ناساند. له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسه‌كانی باكۆنین ناوه‌ڕۆكێكی پێخه‌مبه‌رانه‌یان هه‌یه‌، وی به‌باشی داهاتووه‌ دووره‌كان ده‌بینێت. له‌هه‌مان كاتدا كه‌ هاتنه‌سه‌رشانۆی «بیرۆكراسی سوور» پێشبینی ده‌كات، دیكتاتۆرییه‌تێك كه‌ سه‌رنجام ڕابه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی سێیه‌م (Komintern) به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كارگه‌ریدا ڕه‌وای ده‌بینن, هه‌ست پێده‌كات. ماركس به‌ تۆمه‌ت دانه‌پاڵ باكۆنین به‌ نزمترین شێواز و به‌ ڕاوه‌رگرتن بۆ ده‌ركردنی باكۆنین له‌ نێونه‌ته‌ویی یه‌كه‌مدا, له‌ كۆنگره‌ی لاهای[4] له‌ سێپته‌مبه‌ری 1872دا، ده‌ست به‌ هێرشی به‌رامبه‌ر ده‌كات. پاش ئه‌م ڕووداوه‌، پرده‌كانی نێوان ئاناشیزم و ماركسیزم ده‌ڕوخێن و ده‌بێته‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بۆ چینی كارگه‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌م دوو بزووتنه‌وه‌ پێویستیان به‌ هاوكاری تیۆری و كرده‌یی یه‌كتر هه‌بوو. له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی 19دا تێكۆسان بۆ پێكهێنانی نێونه‌ته‌وه‌یه‌كی ئه‌نارکیستی له‌گه‌ڵ شكستدا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێت. وه‌ها نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ك سه‌ره‌ڕای نیازه‌كانی، به‌گشتی له‌ بزووتنه‌وه‌ی كارگه‌ری داده‌بڕێت. له‌ كاتێكدا كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ماركسیزم به‌خیرایی له‌ ئاڵمان به‌ گه‌شه‌ی سۆشیال‌دیموكراسی و له‌ فه‌ره‌نسه‌ به‌ دامه‌زراندنی پارتی كارگه‌ی له‌لایه‌ن (Jules Guesdes)‌، گه‌شه‌ ده‌كات.

دواتر پارتی جۆراوجۆری سۆشیال‌دیموكرات له‌ ده‌وری یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ و نێونه‌ته‌وه‌یی دووه‌میان پێكهێنا. له‌ كۆنگره‌كانی دواتریاندا‌ زۆرجار مشتومڕ له‌گه‌ڵ ئازادڕه‌وانێك‌ ڕویده‌دا، كه‌ هه‌لیان بۆ ده‌ڕه‌خسا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌شدار بكه‌ن. ساڵی 1893 سۆشیالیستی ئازادیخواز دۆملا نیۆوینهویس (Domela Nieuwenhuis)ی هۆله‌ندی له‌ وتارێكی توند و پاراودا، سۆشیال‌دیوكراسی ئاڵمانی تاوانبار كرد و له‌گه‌ڵ هه‌راو هوی ئاماده‌بووان ڕووبه‌ڕوو بوو. ساڵی 1896 له‌ له‌نده‌ن كچی ماركس، ئاڤێلینگ (Aveling) و ڕابه‌ری سۆشیالیستی فه‌ره‌نسه‌ ژان ژورس (Jean Jaurès) به‌ جنێودان به‌ ئه‌نارکیسته‌كان، كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری سه‌ندیكا كارگه‌ییه‌كان توانیبوویان بێنه‌ هۆڵی كۆنگره‌وه‌، كرده‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ تیرۆریزمی ئه‌نارکیستی، كه‌ له‌ ماوه‌ی ساله‌كانی 1890 تا 1895 له‌ فه‌ره‌نسه‌ ئاژاوه‌ی به‌رپاده‌كرد، كۆمه‌كێكی به‌نرخی به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هیستریانه‌‌ (hysterical)ی ئه‌نارکیسته‌كان، كه‌ ئیتر به‌ «چه‌ته‌» ده‌ژمێردران، كرد. ئه‌م ڕیفۆرمیسته‌ شه‌رمنۆك و یاساگه‌رانه‌ له‌ توانایاندا نه‌بوو، له‌ پاڵنه‌ری شۆڕشگێڕییان بگه‌ن و هۆی په‌نابردنی وان بۆ توندوتیژی[5] وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌كی پڕ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌ دژی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌فره‌تاوی، ده‌رك بكه‌ن.

له‌نێوان ساڵانی 1860- 1914 سۆشیال‌دیموكراسی ئاڵمان و زیاتر له‌و ده‌زگه‌ی پانوپۆڕی سه‌ندیكا كارگه‌رییه‌كانی ئاڵمان، به‌رده‌وام خه‌ریكی كه‌نارخستنی ئاناشیزم بوون. ته‌نانه‌ت كاتێك كه‌ كاوتسكی ڕایگه‌یاند، كه‌ لایه‌نگری مانگرتنی جه‌ماوه‌رییه‌، بیرۆكراتی كارگه‌ری وه‌ك «ئه‌نارکیستێك» گومانیان لێكرد. به‌ڵام له‌ فه‌ره‌نسه‌ پرسه‌كه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوو. پارله‌مانگه‌رایی (Parliamentary) و ڕیفۆرمیزمی هه‌ڵبژێرگه‌رای ژوریس (Jaurès)، نه‌فره‌تیان له‌ كارگه‌رانیك، كه‌ به‌خۆیان لێهاتووی دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی سه‌ندیكایی و خه‌باتكارانه‌ی سه‌ربه‌خۆی ‌ سێ.ژێ.تێ (CGT)یان پێكهێنابوو، كه‌ پێشڕه‌وانی فێرناند پلوتیه‌ (Fernand Pelloutier)، ئێمیل پوژه‌ (Emile Pouget)و پییه‌ر مۆنات (Pierre Monate) بوون، كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستییه‌وه‌ سه‌ریاهه‌ڵدابوو.

شۆڕشێ ڕوسیه‌ و دواتر شۆڕش ئه‌سپانیا كه‌لێنی نێوان ئه‌ناركیزم و ماركسیزمیان فراوانتر كرد. كه‌لێنێك كه‌ چیتر نه‌ك ته‌نیا به‌رهه‌می ناكۆكی ئایدیۆلۆژیكی به‌ڵكو به‌ كرده‌وه‌ش‌ خوێناوی بوو. بۆ كۆتاییهێنان به‌ سه‌رنجه‌كانی سه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر رابوردووی ماركسیزم و ئه‌ناركیزم، ده‌بێت دوو تێبینییه‌شی‌تریشی بۆ زیاد بكه‌م:

1- هه‌ندێك له‌ ماركس‌ناسانی وه‌ك ماكسیمیلیان رۆبل (Maxumilan Robel) له‌ فه‌ره‌نسه،‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌‌ڵه‌داچوون‌‌ – ئه‌گه‌ر هه‌موویشی نه‌بێ-‌، ئه‌گه‌ر‌ له‌ماركس‌دا مه‌یلی «ئازادڕه‌وانه‌» به‌دی بكه‌ن‌.

2- هه‌ندێك له‌ ئه‌نارکیسته‌ ده‌سته‌گه‌را و بیرته‌سكه‌كانی وه‌ك گاستون لێڤال (Gaston Leval) له‌ فه‌ره‌نسه‌، به‌ذڵنیاییه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا چوون، كه‌ به‌ هه‌ستێكی كوێرانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌هریمه‌نێك له‌ ماركس ده‌ڕوانن‌. ده‌مه‌وێت له‌ شوێنێكدا له‌نێوان ئه‌م ئه‌م دوو پیاوه‌ توندڕه‌وه‌ جێگیربم، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردووكیان هاوه‌ڵمن.

VIII.

ئه‌ی‌ هه‌نووكه‌ چی‌؟‌ به‌بێ گومان، ئێستاكه‌ له‌به‌ره‌ده‌م بوژانه‌وه‌یه‌كی‌ (Renaissans) سۆشیالیزمی ئازادڕه‌وانه‌ داین. من لێره‌دا ناچارم په‌نجه‌ بخه‌مه‌سه‌ر چۆنیه‌تی بوژانه‌وه‌ی دووباره‌ی له‌ مانگی مه‌ی (ئایار) 1968 له‌ فه‌ره‌نسه‌دا. خۆبه‌خۆترین، چاوه‌ڕواننه‌كراوترین و نائاماده‌كراوترینی ڕا‌په‌ڕینه‌كان بوو. بایه‌كی به‌هێزی ئازادی وڵاتی گرته‌وه‌، وه‌ها وێرانكه‌ر و له‌هه‌مان كاتدا ئافرێنه‌ر بوو، كه‌ ئیتر هیچ شتێكی وه‌ك پێشووی خۆی نه‌‌هێشته‌وه. ژیان گۆڕا یا ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌توانین بڵێێن، كه‌ ئێمه‌ ژیانمان گۆڕی. به‌ڵام وه‌ها له‌دایكبوونه‌وه‌یه‌كی دووباره، له‌ چوارچێوه‌ی بوژانه‌وه‌یه‌كی سه‌رله‌نوێ له‌ سه‌راپای بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌دا و به‌تایبه‌ت له‌نێوان لاوانی خوێندكاردا پێكده‌هات. به‌م هۆیه‌وه‌ چیتر دابڕه‌ به‌هێزه‌كانی نێوان بزووتنه‌وه‌ ئازادڕه‌وه‌كان و ئه‌وانه‌ی كه‌ پاگه‌نده‌ی لایه‌نگری «ماركسیزم-لینینیزم»‌‌ ده‌كه‌ن، بوونیان نییه‌. ته‌نانه‌ت ده‌توانرێت بگوترێت جۆرێك له‌ ئاوه‌ڵایی ناده‌سته‌گه‌رایانه‌ش له‌نێوان ئه‌م بزووتنه‌وه‌ جۆراوجۆرانه‌دا سه‌ریهه‌ڵدا. هاوڕێانی لاو له‌ فه‌ره‌نسه‌، له‌ گروپه‌ ماركسیسته ‌ده‌سه‌لاتخوازه‌كانه‌وه‌ ده‌چوونه‌ ناو گروپه‌ ئازادڕه‌وه‌كان (Anarcho-groups) و هه‌روا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌‌ش ڕوویداوه‌‌. گروپگه‌لی «ماویستی- Maoists» هه‌بوون، كه‌ سه‌راپا له‌ژێر كارایی ئازادڕه‌ویدا، هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌ یا كارایی بۆچونی ئه‌نارکیسته‌كان دڕی كردۆته‌ ناویان. ته‌نانه‌ت گروپی ترۆتیسكیست‌یش زۆرێك له‌ خاڵی تێڕوانینیان خۆیان له‌ژێر كارایی نووسین و تیۆری ئه‌نارکیسته‌كان‌دا ده‌گۆڕی‌‌. كه‌سانی وه‌ك ژان پۆل سارتر (Jean Paul Sartre) و هاوه‌ڵه‌كانی ئیتر‌ له‌ گۆڤاره‌ مانگانه‌كه‌یاندا، تێڕوانینی ئه‌نارکیستی ده‌رده‌بڕن. به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ یه‌كێك له‌ وتاره‌كانی ئه‌م دواییانه‌یان به‌نیوی «ماڵئاوا‌ لینین- Lenin Ade» بوو.

‌ بێگومان هێشتاكه‌ گروپی ماركسیستی ده‌سه‌ڵاتخواز هه‌ن، كه‌ به‌تایبه‌ت دژی‌ ئازادڕه‌وین، هه‌ر به‌وجۆره‌ی كه‌ گروپی ئه‌نارکیستی له‌ ئارادان، كه‌ تا هه‌نووكه‌ش دژه‌ ماركسیست ماونه‌ته‌وه‌.

هه‌ردوو ڕێكخراوی كۆمونیستی ئازادڕه‌و[6]، كه‌ له‌ فه‌ره‌نسه‌ هه‌ن و به‌ته‌مان به‌م نزیكانه‌ یه‌كگرن، خۆیان له‌نێوان‌ ئه‌ناركیزم و ماركسیزم‌‌دا ده‌بیننه‌وه‌‌. ئه‌م ڕێكخراوانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نارکیسته‌ كلاسیكه‌كان، ئه‌م خاڵه‌ هاوبه‌شه‌ی تێڕوانینی هه‌یه‌، كه‌ هه‌ردووكیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی دژه‌ ده‌سه‌لاتخوازی، كه‌ گه‌یشته‌ نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌كه‌م. له‌هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ ماركسیسته‌كانیش ئه‌م خاڵه‌ هاوبه‌شه‌ی تێڕوانینیان هه‌یه‌، كه‌ هه‌ردووكیان به‌ لێبڕاوی له‌ بواری خه‌باتی چینایه‌تی پڕۆلیتاریا و تێكۆشان بۆ له‌ناوبردنی ده‌سه‌لاتی سه‌رمایه‌داری خه‌بات ده‌كه‌ن.

كۆمونیسته‌ ئازادڕه‌وه‌كان له‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن، ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ له‌رابوردووی ئه‌ناركیزم به‌جێماون، زیندووكه‌نه‌وه‌ – بۆ نموونه‌،‌ ئامانجی من له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌رتووكی «ئه‌ناركیزم» و «نه‌خوا و نه‌سه‌روه‌ر»‌، هه‌ر ئه‌مه‌ بووه‌- و له‌لایه‌كی‌تره‌وه‌ كۆمونیسته‌ ئازادڕه‌وه‌كان، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ماركس و ئه‌نگلس، به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌شانه‌یان، كه‌ هێشتاكه‌ به‌ كه‌ڵك و كاران و وه‌ڵام به‌ پێدوایستییه‌كانی سه‌رده‌می ئێمه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، ڕه‌تناكه‌نه‌وه‌. له‌وانه‌ چه‌مكی له‌خۆ نامۆبوون،‌ كه‌ له‌ «ده‌ستنووسه‌كانی 1844»دا ماركس‌ی لاودا ده‌بینرێت. ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ به‌ باشی له‌گه‌ڵ پێداگری ئه‌نارکیسته‌كان له‌سه‌ر ئازادی تاكه‌كه‌سی ده‌گونجێت. ئه‌وه‌ی كه‌ ئازادی پرۆلیتاریا ده‌بێت به‌ده‌ستی خۆی ڕووبدات نه‌ك به‌هۆی جێگرێكی وییه‌وه‌، واته‌ بۆچوونێك كه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ مانیفێستی كۆمونیست و ئاڵوگۆڕه‌كانی دواتریدا، به‌ڵكو له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌كه‌میشدا ده‌بینرێت، به‌شێكه‌ له‌م میراته‌. سه‌ره‌نجام مێتۆدۆلۆژی (Methodology) ماتریالیزمی دیاله‌كتیكی و مێژوویی، كه‌ هێشتاكه‌ش وه‌ك یه‌كیك‌ له‌ هێڵه‌ ڕێنوێنیكه‌ره‌كانی ده‌رككردنی ڕووداوه‌كانی ڕابوردوو و ئێستا ماو‌نه‌ته‌‌وه‌، به‌شێكن له‌و میراته. له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی دواییه‌وه‌ له‌بیرمان نه‌چێت كه‌ مه‌رجی وه‌رگرتنی ماتریالیزمی دیاله‌كتیكی و مێژوویی له‌وه‌دایه‌، كه‌ به‌شیوه‌یه‌كی وشك و میكانیكی به‌كار نه‌برێت و نه‌كرێته‌ بیانوو بۆ خۆ دزینه‌وه‌ له‌ خه‌بات، به‌وه‌ی‌ كه‌ هێشتاكه،‌ بنه‌ما مادییه‌كانی‌ شۆڕش له‌ ئارادا نین، هه‌ر وه‌ك چۆن‌ ستالییسته‌كان سێ جار له‌ فه‌ره‌نسه‌ له‌ ساڵانی 1936، 1945، 1968 په‌نایان بۆ برد. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا نابێت ماتریالیزمی مێژووی دابه‌زێنرێته‌ ئاستی دیاریكه‌رگه‌رایی (جبریة) ساده‌ و ده‌بێت هه‌رده‌م ده‌رگه‌كان به‌ڕووی توانای تاكه‌كه‌سی و خۆبه‌خۆیی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ردا كراوه‌بن.

به‌وجۆره‌ی كه‌ مێژوونووسی ئازادڕه‌و كامینسكی (Kaminsky) له‌ په‌رتووكه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆیدا له‌باره‌ی باكۆنین‌ه‌وه‌ ده‌ڵێت، پێكهاته‌ (Synthesis)ی نێوان ماركسیزم و ئه‌ناركیزم‌، نه‌ك ته‌نیا پێویسته‌ به‌ڵكو وه‌لانانیشی له‌ توانادا نییه‌‌. وی درێژه‌ی ده‌داتێ و ده‌ڵێ «مێژوو به‌خۆی گونجاندنه‌كانی خۆی به‌ڕێده‌خات».

ده‌مه‌وێت وه‌ك ئه‌نجامگیرییه‌كی كه‌سی خۆم بڵێم. كۆمونیزمی ئازادڕه‌و، كه‌ به‌رهه‌می وه‌ها پێكهاته‌یه‌كه‌ به‌بێ گومان ئاره‌زووی فراوانی كارگه‌رانی هوشیار و پێشكه‌وتوو -ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندیكجاریش هێشتاكه‌ به‌ته‌واوی هوشیار نه‌بن- واته‌ به‌شێك كه‌ ئه‌وڕۆكه ‌«چه‌پی كارگه‌ری»یان پێ ده‌ڵێین، فره‌ باشتر له‌ ماركسیزمی ده‌سه‌ڵاتخواز و شوناش گۆراو ئه‌ناركیزمی كۆنه‌ و به‌سه‌رچوو و پواو، ده‌رده‌بڕێ.

په‌رواێز:-

* ده‌توانن ده‌قه‌ ئاڵمانییه‌كه‌ی له‌م ڕێگه‌وه‌ به‌ده‌ست بێنن (http://www.anarchismus.at/txt4/guerin.htm) ,هه‌روه‌ها به‌ كلیك كردنه‌ سه‌ر ناوی نووسه‌ر یا ئه‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌، ده‌توانن ده‌قی ئنگلیزی یه‌كێك له‌ په‌تووكه‌ به‌ناو بانگه‌كانی به‌نێوی (Anarchism: From theory to Practice) بخوێننه‌وه‌. بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ فارسییه‌كه‌ی، كلیكی ئه‌م به‌سته‌ره‌ (http://persianblog.com/?date=13831227&blog=anarchi) بكه‌ن. (و.ك)

** بۆ دڵنیابوون له‌ وه‌رگیرانه‌ فارسیه‌كه، دواجار له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ ئاڵمانیه‌كه‌ی به‌راوردم كردووه‌ و هه‌روه‌ها بۆ ئاشنایه‌تی خوێنه‌رانی هێژا به‌ كه‌سایه‌تییه‌كان و به‌رهه‌مه‌كانیان و ئه‌و واژه‌ سیاسی و فه‌لسه‌فیانه‌ی له‌م نووسینه‌دا هاتوون، هه‌وڵمداوه‌ وه‌ریانگێڕمه‌ سه‌ر ئینگلیزی.‌ (و.ك)

[1] ئه‌م ڕۆژانه‌ لێره‌و له‌وێ، كه‌سانێكی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات ده‌یانه‌وێ تیرۆریزمی ئامانج دیاریكراوی كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ی ئه‌نارکیسته‌كان له‌گه‌ڵ تیرۆریزمی كوێرانه‌ی ئیسلامییه‌كانی ئه‌ورۆكه‌ به‌راورد بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ردوو باردا، تیرۆریزم هه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداران و كه‌ناركه‌وته‌یی بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان ته‌واو ده‌بێت، به‌لام جیاوازییه‌كی ته‌واو له‌نیوانیاندا هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه‌ تیرۆریزمی ئه‌نارکیسته‌كان ئاراسته‌كه‌ی كوشتنی سه‌رۆكشالیار و سه‌رمایه‌داره‌كان بوو، له‌به‌رامبه‌ردا تیرۆریزمی ئیسلامییه‌كان ئاراسته‌ی شه‌لوپه‌تكردنی جه‌سته‌ی ڕێبوارانه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا. (و.ك)

[2] ئه‌م به‌شه‌ له‌ وه‌رگێڕانه‌ فارسییه‌كه‌دا په‌ڕێنراوه‌، كه‌ له‌ وه‌رگێڕانه‌ ئاڵمانیه‌كه‌ی دا ئاوا هاتووه‌ Welch ein Unterschied auch zwischen den Abschnitten im Kommunistischen Manifest 1848, welche forderten, daß der Staat die Gewalt über die gesamte Ökonomie erlange und den späteren Erklärungen, in denen der Staat durch die assoziierten Produzenten ersetzt wird (و.ك)

[3] له‌ ده‌قه‌ ئاڵمانییه‌كه‌دا ئه‌م واژه‌یهliberären kommunismus زۆرجار به‌كارهاتووه‌ كه‌ له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ فارسییه‌كه‌دا هه‌ر واژه‌ی ئه‌ناركیزم به‌كارهاتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ وه‌رگێرانه‌ ئاڵمانییه‌كه‌دا هه‌ر دوو واژه‌كه‌ واته‌ (Anarchismus و liberären kommunismus) له‌ شوێنی تایبه‌تیدا به‌كاربراون. له‌ كوردیدا به‌ مانای كۆمونیزمی ئازادڕه‌وانه‌، كه‌ له‌ فارسیه‌كه‌یدا به‌ (كمونیسم آزادمنش)‌ و له‌ عه‌ره‌بی‌دا به ‌(الشیوعیة التحرریة) و به‌ ئینگلیزیش Libertarian communism دێت. (و.ك)

[4] له‌ ده‌قه‌ ئاڵمانیه‌كه‌دا كۆنگره‌ی هاگه‌ر (Haager)ی 1872 نووسراوه‌، به‌لام له‌ فارسیه‌كه‌دا كۆنگره‌ی (لاهه‌) نووسراوه‌. (و.ك)

[5] ئه‌وه‌ی له‌وێدا‌ به‌شین نووسیومه‌، به‌شی زۆری له‌ وه‌رگێرانه‌ فارسییه‌كه‌دا نه‌هاتووه‌. (و.ك)

[6] له‌ ده‌قه‌ فارسیه‌كه‌دا ته‌نیا ئاماژه‌ بۆ یه‌ك ڕێكخراو كراوه‌ به‌ناوی (او . ث . ال) كه‌ ده‌كرێ به‌ لاتینییه‌كه‌ی ئاوابێ (U.T.L). به‌ڵام له‌ ده‌قه‌ ئاڵمانییه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ دوو ڕێكخراوی هاوئاراسته‌ ده‌كات و نێوی هیچكامیانی نه‌هێناوه‌. (و.ك)

هاوینی کورتی ئانارکی

نووسینی :H. Magnus Enzensberger

و. له‌ فارسییه‌وه‌: هه‌ژێن

ده‌رباره‌ی ڕه‌گه‌کانی ئانارشیزمی ئه‌سپانی

له‌ یه‌کێک له‌ ڕۆژه‌کانی ئۆکتۆبه‌ری 1867دا پیاوێکی ئیتالی هاته‌ «مه‌درید» پایته‌ختی ئه‌سپانیا. پیشه‌ی ئه‌ندازیار و ته‌مه‌نی نزیکه‌ی چل ساڵێک بوو. ڕدێنێکی پڕ، چاوی گه‌ش، په‌یکه‌ر ئه‌ستوور و به‌ توانا دیار بوو. به‌دوای ناونیشانێکدا ده‌گه‌را، که‌ له‌ په‌راوه‌که‌یدا نووسیبووی. دواجار له‌ قاوه‌خانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ کارگه‌رانی چاپخانه‌ ئاشنا بوو.

ئاوازی ده‌نگ و شێوازی ده‌ربڕینی ده‌بوونه‌ هۆی لێوه‌رگرتنی وته‌کانی. کاتێک که‌ له‌ باره‌ی سه‌رکوت، به‌هره‌کێشی و ده‌مکوتکردنه‌وه‌، ده‌دوا، ده‌نگی ده‌گیرا، به‌جۆرێک که‌ به‌تووندی په‌رێشان ده‌بوو و ئازار و خه‌م، ده‌موچاوی داده‌گرت! شتێکی سه‌رنجڕاکێش بوو، که‌ ئه‌و زمانی ئه‌سپانی نه‌ده‌زانی، هه‌ندێکجار به‌ زمانی فه‌ره‌نسی ده‌دوا، که‌ ژماره‌یه‌کی که‌م له‌ گوێگرانی تێده‌گه‌ێشتن یا به‌ ئیتالی که‌ به‌ ڕاده‌یه‌ک ده‌توانرا بزانیت؛ مه‌به‌ستی چییه‌! به‌ڵام له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا خرۆش و وره‌یه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به‌سه‌ر هه‌موواندا باڵی کێشا!] پاش تێپه‌ڕبوونی 32 ساڵ هێشتاکه «ئانسلمو لونتسو»‌ی (ژورنالیست) ده‌یتوانی یه‌که‌مین به‌رخوردی خۆی له‌گه‌ڵ «فانلی»، واته یه‌که‌مین که‌سێک که‌ ئانارشیزمی هێنابووه‌ ئه‌م ولاته‌، بیری خۆی بێنێته‌وه‌، که‌ له‌کاتی گه‌رانه‌وه‌دا هاواری کرد : Cosa orribile! Spaventosa!

ئانسلمو ده‌ڵیت : “سێ _ چوار شه‌و به‌سه‌ریه‌که‌وه‌، فانلی سه‌رقاڵی پاگه‌نده‌کردن بۆ ئێمه‌ بوو. وی له‌ کاتی پیاسه‌کردندن یا له‌ قاوه‌خانه‌دا له‌گه‌ڵ مه‌ ده‌دوا. هه‌روا مانیفێستی نێونه‌ته‌وه‌یی، به‌رنامه‌ی یه‌کێتی سۆشیالیست‌دیموکراته‌کان و چه‌ند ژماره‌ له‌ بڵاوکراوه‌ی (Glocke)، که‌ وتار و قسه‌کردنه‌کانی «باکۆنین»‌ی تێدا چاپکرابوون؛ بۆ ئێمه‌ به‌جێهێشت! پێش ئه‌وه‌ی ماڵئاواییمان لێبکات، وێنه‌یه‌کی به‌ کۆمه‌ڵمان گرت، که‌ وی له‌نێوان مه‌دایه‌“.

پێش «فانلی» هیچکه‌س ئاگای له‌ ڕێکخراوێک به‌نێوی یه‌کێتی نێونه‌ته‌وه‌یی کارگه‌ران نه‌بوو. وی یه‌کیک له‌ لایه‌نگرانی باکۆنین و ئه‌ندامی باڵی (اختیارگرا) و دژه‌ که‌سایه‌تی (ئه‌نتی ئۆتوریته) ی ناو نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م بوو و دیاریه‌که‌شی بۆ ئه‌سپانیا؛ ئانارشیزم بوو!

سه‌رکه‌وتوویی‌ ئه‌م په‌روه‌رده‌کردنه‌ شۆڕشگێڕییانه‌، بێوێنه‌ بوو. زۆر به‌خێرایی له‌ ناوچه‌ پیشه‌سازی و کشتوکاڵییه‌کان په‌ره‌ی سه‌ند. به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ ڕۆژئاوایی و باشوورییه‌کانی ئه‌سپانیا، بیرکردنه‌وه‌ی ئانارشیستی به‌ په‌رتاو بڵێسه‌‌ی سه‌ند! به‌ جۆرێک که‌ له‌ یه‌که‌مین کۆنگره‌ی 1870ی بزووتنه‌وه‌ی کارگه‌ری ئه‌سپانیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی باکۆنین و دژی کارل مارکس هه‌ڵوێستی گرت! دوو ساڵ دواتر له‌ دانیشتنی «کوردوبا» فیدراسیۆنی ئانارشیسته‌کان 45000 ئه‌ندامی چالاکی وه‌رگرت. یاخیبوونه‌ وه‌رزێڕییه‌کان له‌ ئه‌نده‌لوسیا (ساڵی 1873) هه‌مووان له‌ژێر ڕابه‌ری ئانارشیسته‌کاندا بوون. ئه‌سپانیا ته‌نیا ولاتێکه‌ له‌ جیهاندا، که‌ وانه‌ شۆڕشگێڕییه‌کانی باکۆنین، شێوه‌یه‌کی کرده‌ییان به‌خۆوه‌ گرت و تاوه‌کو ساڵی 1936 بزووتنه‌وه‌ی کارگه‌ری ئه‌سپانیا به‌کرده‌وه‌ له‌ژێر کارایی ئانارشیسته‌کاندا بوو. ئه‌وان نه‌ک ته‌نیا زۆرینه‌ بوون، به‌ڵکو به‌هێزترین و تێکۆشه‌رترینی فراکسیۆنه‌کانیان پێکده‌هێنا!

له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ پێشکه‌وتنی ئانارشیزم له‌ ئه‌سپانیا ده‌توانرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووری ئه‌م ولاته‌ بزانرێت. به‌ چاوپۆشی له‌ هه‌ندێ هه‌رێم و به‌شی ئه‌سپانیا تاکو پێش شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م، ئه‌م ولاته‌ پشتبه‌ستوو به‌ ئابووری کشتوکاڵی به‌ڕیوه‌ ده‌برا. ناکۆکی چینایه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ها زاڵبوو، که‌ ده‌توانرێت باس له‌ دوو نه‌ته‌وه‌ له‌م ولاته‌ بکرێت. چینی سیاسی که‌ ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تی و سوپای له‌ژێر ڕکێفدا بوو، فره‌تر له‌ زه‌ویداره‌ گه‌وره‌کان پێکهاتبوو، که‌ له‌گه‌ڵ کلیساش په‌یوه‌ندییه‌کی فره‌ پته‌ویان هه‌بوو! له‌ کاتێکدا که‌ بۆرژوازی له‌ وڵاتانی‌تری ئه‌وروپای ڕۆژئاوایی پێشکه‌وتوو بوو، ئه‌م چینه‌ له‌ ئه‌سپانیا گه‌نده‌ڵ، به‌رتیلخۆر و له‌ جێبه‌جێکردنی ڕیفۆرم و به‌رهه‌مهێناندا، بێتوانا بوو. ژیانی مشه‌خۆرانه‌ی وان، مۆڵه‌تی گه‌شه‌کردنی هێزه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی له‌ڕێگه‌ی که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه‌وه‌، نه‌ده‌دا! له‌م په‌یوه‌نده‌دا، ورده‌بۆرژوازی له‌م وڵاته‌دا زۆر گچکه‌ و بێتوانا بوو – به‌ چاوپۆشی له‌ پیشه‌وه‌رانی هه‌ژار و بازرگانه‌ بچووکه‌کان – مارکس وته‌نی، ئه‌وانه‌ “پیاوانی بۆگه‌نی ده‌وڵه‌تی” بوون، که‌ ته‌نیا له‌ خزمه‌تی ده‌زگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریدا بوون!

زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری زه‌حمه‌تکێشانی ئه‌سپانیایی له‌ گونده‌کان و له‌سه‌ر زه‌وییه‌کان کاریان ده‌کرد. چه‌ندین سه‌ده‌ بوو، که‌ ناکۆکی چینایه‌تی له‌م وڵاته‌دا به‌رجه‌سته‌ بوو بوو! له‌ به‌شه‌ باکوورییه‌کان شێوه‌ موڵکایه‌تی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست، هێشتاکه‌ له‌ ئارادا بوو. ته‌واوی جه‌نگه‌ڵ و مێرگه‌ سه‌رسه‌وز و پڕ به‌رهه‌مه‌کان، له‌ شێوه‌ی موڵکایه‌تی کۆن، به‌ته‌واوی له‌ ئابووری مالی شاره‌کان به‌جێمابوو. له‌ ناوچه‌کانی تری «ئه‌نده‌لوسیا» و که‌ناره‌کانی «لواندل» تازه‌کی له‌ ساڵی 1836دا بۆرژوازی زه‌میندار و سه‌رمایه‌داری تازه‌ پێگه‌یشتوو، سه‌ریانهه‌ڵدا! سیسته‌می پارله‌مانی (ساڵی 1843) له‌ راستیدا نیشانه‌ی سیاسی چینێکی تازه‌ بوو، که‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌کان ده‌ژیان و گونده‌کانی خۆیان وه‌ک ولاتانی داگیرکراو ڕاسته‌وخۆ له‌ ڕێگه‌ی کوێخا (به‌کرێگیراو)ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برد!

له‌م بارودۆخه‌دا هه‌ژمارێکی گه‌وره‌ی پڕۆلیتاریای وه‌رزیر په‌یدا بوو، که‌ 4/3 دانیشتوانی ئه‌نده‌لوسی تاکو ده‌ستپیکردنی شه‌ڕی نێوخۆیی له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ به‌ شێوه‌ی کرێی ڕۆژانه‌ و به‌ باری گرانی مالییه‌وه‌ ڕۆژیان ده‌کرده‌ شه‌و و هێزی کاری خۆیان بۆ ڕزگاربوون له‌ برسیه‌تی هه‌راج ده‌کرد! 12 کاتژێر کاری ڕۆژانه‌، ئه‌وه‌ش له‌ کاتی چنینه‌وه‌ی به‌روبووم، که‌ له ساڵدا له‌ شه‌ش مانگ زیاتر نه‌بوو، بیکاری له‌ نێوه‌که‌ی تری ساڵدا به‌دوادا ده‌هات! به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ بێکاری بوو بووه‌ خویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی بووه‌ هۆی هه‌ژاری گشتی، به‌دخۆراکی و هه‌ڵهاتن له‌ گونده‌کان!

تووندوتیژی ده‌وڵه‌تی له‌ گونده‌کان، ڕۆڵی هێزی داگیرکه‌ری ده‌گێڕا. ساڵیک پاش به‌ده‌سه‌لات گه‌یشتنی چینی تازه‌، سوپایه‌کی تازه‌ به‌نێوی «پاسه‌وانی نه‌ته‌وه‌یی – گاردی ملی» به‌ بیانووی به‌رگرتن به‌چه‌ته‌ و ڕێگران له‌ گونده‌کان، دروستبوو، که‌ له‌ڕاستیدا ئه‌رکی ته‌نگهه‌ڵچنین به‌ وه‌رزیرانی له‌ ئه‌ستۆ بوو. که‌سانی گاردی میللی له‌ ناوچه‌ دووره‌کانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردران و مۆڵه‌تی هاوسه‌رییان له‌گه‌ڵ که‌سانی خۆ‌جێیی (محلی) نه‌بوو. ئه‌م که‌سانه‌ (حه‌سحه‌سه‌کان) مۆڵه‌تی به‌بێ چه‌ک چوونه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌و شوێنانه‌ نه‌بوو و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌میشه‌ پێکه‌وه‌ بوون، تاکو ئه‌وڕۆکه‌ش له‌ گونده‌کاندا به‌ جووته‌کان ناویان ده‌به‌ن!

نه‌فره‌تی گشتی له‌ ئه‌نده‌لوسیا، هه‌میشه‌ له‌ شێوه‌ی شه‌ڕه‌ بچووکه‌ میللیه‌کان به‌رجه‌سته‌ ده‌بوو. شه‌ڕی پارتیزانی (چریکی) هه‌میشه‌ خۆبه‌خۆ سه‌ریانهه‌ڵده‌دا و به‌ یاخیبوونی گشتی وه‌رزێران کۆتایی ده‌هات! ئه‌م هه‌ڵچوونه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ به‌ کوشتاری فراوان له هه‌ر‌ دوو لا؛ کۆتایی ده‌هات! به‌زۆری ئه‌م بزووته‌نه‌وانه‌ شێوازێکی چوون یه‌کیان هه‌بوو. کارگه‌رانی کشتوکاڵی، حه‌سحه‌سه‌‌کانی گاردی میللی‌یان له‌نێو ده‌برد، که‌شیش (پیاوانی کلیسا) و کارمه‌ندانیان ده‌ستگیر ده‌کرد، ئاگریان له‌ کلیسا به‌رده‌دا، به‌ڵگه‌نامه‌ و په‌ڕگه‌ی‌ ماڵی خاوه‌نکاره‌کانیان له‌نیو ده‌برد، سیسته‌می مالییان بێ به‌ها ده‌کرد، له‌ ده‌وڵه‌تی خۆ‌جێی (محلی) جیاده‌بوونه‌وه، سه‌ربه‌خۆییان ڕاده‌گه‌یاند و به‌ناوی کۆمۆنی سه‌ربه‌خۆوه‌ ده‌ستیان به‌ کشتوزار ده‌کرد! زۆر سه‌رنجڕاکێش بوو، ئه‌م وه‌رزێڕه‌ نه‌خوێنده‌وارانه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ نائاگایانه‌، هه‌ر هه‌مان فێرکارییه‌کانی «باکۆنین»‌یان جێبه‌جێده‌کرد! هه‌ڵبه‌ته‌ له‌وێوه‌ که‌ ئه‌م ڕاپه‌ڕینانه‌ خۆجێیی بوون و باری گشتیان به‌خۆوه‌ نه‌ده‌گرت، ماوه‌یه‌ک درێژه‌یان ده‌کێشا، تاوه‌کو له‌لایه‌ن سوپاوه‌ خه‌ڵتانی خوێن ده‌کران و له‌نیو ده‌بران!

له‌ گونده‌کانی ئه‌نده‌لوسیا بۆ یه‌که‌مینجار ڕه‌گی ئانارشیزم له‌ ئه‌سپانیا دایکوتا! بزووتنه‌وه‌ خۆبه‌خۆکانی کارگه‌رانی گوندی به‌ به‌هره‌مه‌ندبوون له‌ فێرکارییه‌ ئانارشیستییه‌کان، زه‌مینه‌یان بۆ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆشکرد!

له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابوردوودا له‌ سه‌راپای گونده‌کانی باشووری ئه‌سپانیا «بانگه‌وازده‌رانی بیروباوه‌ڕی ئانارشیستی» هه‌بوون، که‌ به‌ سواری ولاخه‌وه‌، پیاده‌ڕۆ یا به‌سه‌ر لۆرییه‌وه‌ له‌ هاتوچۆدابوون. به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌یان له‌ گیرفاندا بێ، کارگه‌ران پێشوازییان لێده‌کردن و خواردنیان و شوێنی خه‌وتنیان بۆ ئاماده‌ ده‌کردن ( له‌ سه‌ره‌تاوه تا ئه‌ورۆکه‌، بزووتنه‌وه‌ی ئانارشیستی ئه‌سپانیا، هه‌رگیز له‌ ده‌ره‌وه‌ یارمه‌تی ماڵی پێنه‌کرا). به‌مجۆره‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی راهێنانی جه‌ماوه‌ری به‌ڕێخرا. له‌نیوان نه‌خوێنده‌واراندا، هه‌ژمارێکی زۆر هه‌بوون که‌ وتاری بڵاوکراوه‌ و گۆڤاره‌کانیان ده‌رخ کردبوو! له‌ هه‌ر گوندێکدا «ڕۆشنگه‌ر»‌ێک یا کارگه‌ریکی هوشیار هه‌بوو، که‌ هه‌ر شتێک فێربوو بوو، به‌که‌سانی‌تری ده‌گه‌یاند! ئه‌م که‌سانه‌ به‌وه‌دا ده‌ناسرانه‌وه‌: که‌ جگه‌ره‌یان نه‌ده‌کێسا، قوماریان نه‌ده‌کرد، خواردنه‌وه‌ (ئه‌لکول)یان نه‌ده‌خوارده‌وه‌، باوه‌ڕیان به‌ خودا نه‌بوو، بۆ‌ هاوسه‌رانی‌ (ماره‌نه‌بڕاو)یان وه‌فادار بوون و مناڵه‌کانیان به‌ ئاوی چلچله‌ -کریستانه‌کان له‌بری سونه‌تی ناونانی لای موسولمانان، له‌ کلیسادا ده‌یانشۆن، واته‌ خاوێنیان ده‌که‌نه‌وه. و.ک‌- نه‌ده‌شت!

له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر باشوور و ڕۆژئاوای ئه‌سپانیا که‌ به‌زۆری وشهکه‌ساڵی بوو، هه‌رێمی کاتالۆنیا فره‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌ڕووی پێشه‌سازییه‌وه‌ پێشکه‌وتووترین هه‌رێمی ئه‌سپانیا ده‌ژمێردرا! به‌رشه‌لۆنه‌ ناوه‌ندی که‌شتیڕانی، ناردنه‌ده‌ره‌وه‌، بانک و پێشه‌سازی ڕستن‌وچنین بوو! بڕی ده‌رامه‌تی ساڵانه‌ له‌ باج‌وخه‌راج له‌م ناوچه‌دا به‌راده‌ی دووبه‌رابه‌ری ته‌واوی ئه‌سپانیا بوو. بێجگه‌ له‌باسک، کاتالۆنیا ته‌نیا هه‌رێمی ئه‌م ولاته‌ بوو، که‌ بۆرژوازی به‌راده‌یه‌کی به‌هێز سه‌ریهه‌ڵدابوو! بانکداره‌کان و خاوه‌ن کارخانه‌کانی کاتالۆنیا به‌ پێچه‌وانه‌ی زه‌ویداره‌ گه‌وره‌کانه‌وه‌ له‌ به‌شه‌کانی‌تری ولات، به‌دوای که‌له‌که‌کردنی سه‌رمایه‌ و له‌خۆراخه‌رجکردنه‌وه نه‌بوون. له‌نێوان ساڵانی 1870 تا 1936 له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ و چوارده‌وری له‌ژێر کارایی بوونی پێشه‌سازی گه‌وره‌دا، ‌پرۆلیتاریای پیشه‌سازی په‌یدا بوو!

ئه‌م وتاره‌ له‌ وێبلاگی «آنارشیسم» وه‌رگیراوه‌.

مارکسیزم و ئانارکیزم 1

* Daniel Guérin

و. له‌ فارسییه‌وه‌:
به‌شی یه‌که‌م

له‌ وتاردانێكدا له‌‌ نیویۆرك به‌ میژووی 06/11/1973 پێشكه‌ش كراوه‌

I.

لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌، گرفتێكی فره‌ له‌به‌رده‌ماندا قوتده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ یه‌كه‌مینیانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌م. چی له‌ واژه‌ی «ماركسیزم» تێده‌گه‌ین؟

مه‌به‌ستمان كامه‌ «ماركسیزم»ه‌؟

وه‌لامی ده‌ستبه‌جێ به‌م پرسه‌ پێویسته‌ : لێره‌دا مه‌به‌ستی مه‌ له‌ ماركسیزم كۆمه‌ڵه‌ به‌رهه‌می ماركس (Marx)** و ئه‌نگلس (Engels)ه‌ نه‌ك پاشڕه‌وانی وان، كه‌ به‌ بێوه‌فاییه‌كی كه‌م تا زۆر به‌رامبه‌ر وان، ماركه‌ی «ماركسیستی»یان بۆ خۆیان داگیركردووه‌. نموونه‌ی ئاشكرا له‌م باره‌وه‌ ماركسیزمی شێوێنراو و ته‌نانه‌ت دژه‌خونی لێكراوی سۆشیال‌دیموكراته‌كانی ئاڵمانه‌. له ده‌می ژیانی ماركس و ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی پارتی سۆشیال‌دیموكراتی ئاڵمان، سۆشیال‌دیموكراته‌كان دروشمی جۆرێك «ده‌وڵه‌تی خه‌ڵكی» پاگه‌نده‌ییان پێشنیار ده‌كرد. ماركس و ئه‌نگلس بۆی هه‌یه‌ له‌ خۆشی ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ره‌نجام پارتێك به‌ لایه‌نگری زۆره‌وه‌ له‌ ئاڵمان خۆی به‌ لایه‌نگری ئه‌وان، خۆی ڕاده‌گه‌یاند، زۆر سه‌یر له‌م باره‌وه‌ ناڕۆشنییان نیشاندا و ته‌نیا په‌رده‌هه‌ڵماڵینه‌ تووند و یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی باكۆنین (Bakunin) له‌باره‌ی «ده‌وڵه‌تی خه‌ڵكی»یه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی سۆشیال‌دیموكراته‌كان له‌گه‌ڵ پارته‌ بۆرژوازی رادیكاڵ، بوو، كه‌ ماركس و ئه‌نگلسی ناچار به‌ پشتكردن له‌ وه‌ها دروشم و كاركردێك كرد.

پاش ماوه‌یه‌ك دواتر، پیره‌ ئه‌نگلس له‌ ساڵی 1895دا له‌ پێشه‌كییه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی كه‌ بۆ په‌رتووكی «خه‌باتی چینایه‌تی له‌ فه‌ره‌نسه‌»ی ماركسی نووسی – هه‌ر له‌م پێشه‌كییه‌دا بوو كه‌ وی- به‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ته‌واو له‌ ماركسیزم‌دا، ڕێگه‌ی ڕیفۆرمیزمی گرته‌به‌ر. به‌ واتای ئه‌وه‌ی كه‌ پێ له‌سه‌ر سوودوه‌رگرتن له‌ كارتی ڕاپرسی وه‌ك ئامرازێكی باڵا (نموونه‌یی) و ته‌نانه‌ت تاكه‌ ئامرازی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌لات، داده‌گرێت. لێره‌دا چیتر ئه‌نگلس به‌و چه‌مكه‌ی من مه‌به‌ستمه‌، ماركسیست نییه‌. دواتر كارل كاوتسكی (Karl Kautsky) به‌ شێوه‌یه‌كی دوو لایه‌نه، ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی ماركس و ‌ئه‌نگلس. وی له‌ تیۆریدا وای نێشان ده‌دایه‌وه‌، كه‌ هێشتاكه‌ له‌ بواری خه‌باتی چینایه‌تیدا، شۆڕشگێڕ ماوه‌ته‌وه‌، به‌لام به‌ كرده‌وه‌ بێجگه‌ له‌ په‌رده‌پۆشكردنی كرده‌ ته‌واو هه‌ڵپه‌رستانه‌ و ڕیفۆرمیستییه‌كانی پارته‌كه‌ی، شتێكی تری نه‌ده‌كرد.

له‌م باره‌دا، ئێدوارد برنشتاین (Eduard Bernstaein)، كه‌ ئه‌ویش پاگه‌نده‌ی «ماركسیست» بوونی ده‌كرد، له‌ راستیدا هه‌نگاوێك له‌ كاوتسكی واوه‌تر نه‌ڕۆیشت و به‌ ئاشكرا خه‌باتی چینایه‌تی ڕه‌تكرده‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنگه‌ری، پارله‌مانگه‌ری و ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی‌دا به‌جێماو ده‌زانێ.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كاوتسكی ڕایده‌گه‌یاند، كه‌ وتنی ئه‌م شته‌، كه‌ هوشیاری سۆشیالیستی ئه‌نجامی پێویست و ڕاسته‌وخۆی خه‌باتی چینایه‌تی پرۆلیتاریایه‌ : “ته‌واو هه‌ڵه‌یه”. به‌ باوه‌ڕی وی: ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ سۆشیالیزم و خه‌باتی چینایه‌تی له‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرن، به‌ڵكو به‌رئه‌نجامی‌ پێشمه‌رجی دیكه‌ن. به‌ واتایه‌كی‌تر هوشیاری سۆشیالیستی به‌رهه‌می زانست بووه‌. به‌رهه‌م و هه‌ڵگری زانستی پرۆلیتاریا نییه‌، به‌ڵكو هی ڕۆشنبیرانی بۆرژوازییه‌ – وه‌ به‌ هۆی ئه‌مانه‌وه‌یه‌ – كه‌ سۆشیالیزم بۆ پرۆلیتاریا ده‌گوێزرێته‌وه‌. سه‌ره‌نجامی ئه‌وه‌ی كه‌: هوشیاری سۆشیالیستی توخمێكه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دێته‌ ناو خه‌باتی چینایه‌تی پرۆلیتاریاوه‌ و نه‌ك شتێك كه‌ به‌خۆی بێته‌ ئاراوه‌.

ته‌نیا تیۆریسیۆنێك كه‌ له‌ سۆشیال‌دیموكراسی ئاڵمان‌دا به‌ ماركسیزمی (ڕه‌سه‌ن) وه‌فادار مایه‌وه‌، ڕۆزا لوكسێمبورگ (Rosa Luxemburg) بوو. به‌ڵام ئه‌ویش سازشگه‌لێكی له‌گه‌ڵ رابه‌ری پارته‌كه‌ی ئه‌نجامدا. ڕۆزا هیچكات بێپه‌رده‌ بێبل (Bebel) و كاوتسكی نه‌ ده‌دایه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌. به‌رخوردی ئاشكراوی وی له‌گه‌ل كاوتسكی ته‌نیا ئه‌وكاته‌ ده‌ستی پیكرد، كه‌ له‌ ساڵی 1910دا فێركاری پێشووی بۆچوونی مانگرتنی سیاسی جه‌ماوه‌ری ڕه‌تكرده‌وه. ڕۆزا به‌تایبه‌ت هه‌وڵی ده‌دا نزیكی له‌گه‌ڵ ئه‌نارکیسته‌كان كه‌ به‌رهه‌می تیۆری وی له‌مه‌ڕ خۆبه‌خۆیی شۆڕشی جه‌ماوه‌ری بوو، بشارێته‌وه‌. وه‌ها هه‌وڵێك، وی ناچار به په‌نابردن بۆ جنێودان به‌ ئه‌نارکیسته‌كان كرد. به‌م شێوه‌ وی پێیوابوو، پارته‌كه‌ی كه‌ چ له‌ڕووی بیڕوباوره‌وه‌ و چ له‌ ڕووی مالییه‌وه‌ (ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین‌، چونكه‌ ئه‌وڕۆكه‌ لیی به‌ئاگاین) به‌وه‌ی وابه‌سته‌ بوو؛ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه. ‌

به‌لام وێرای جیاوازی له‌ ناو دا، ناكۆكی واقیعی نێوان ئه‌وه‌ی ئه‌نارکیسته‌كان، به‌ مانگرتنی گشتی نێوی ده‌به‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆزا لوكسێمبورگ به‌ پارێزه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌دا به‌ «مانگرتنی جه‌ماوه‌ری» نێوی بنێت، له‌ ئارادا نییه‌. له‌ لا‌یه‌كی‌ تریشه‌وه‌، قسه‌وباسه‌ توندووتیژه‌كانی كه‌ یه‌كه‌میان له‌ 1904 له‌گه‌ڵ لێنین (Lenin) و دواترینیان له‌ ساڵی 1918دا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی بۆلشه‌ڤیكی ڕوویدا، فره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستییه‌وه‌ دوور نه‌بوو. دوایین تێڕوانینه‌كانی وی له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی سپارتاكیسته‌كان له‌ ساڵی 1918دا له‌مه‌ڕ سۆشیالیزمی پێشڕه‌وگه‌ر له‌خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی سۆڤیه‌ته‌ كاگه‌رییه‌كانیشه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م پۆله ده‌ژمێردرین. ڕۆزا لوكسێمبورگ به‌ یه‌كێك له‌ بازنه‌كانی یه‌كێتی نێوان ئه‌ناركیزم و ماركسیزمی نه‌شێوێنراو ده‌ژمێردرێت. به‌لام ماركسیزمی ڕه‌سه‌ن ته‌نیا به‌ هۆی سۆشیال‌دیموكراته‌كانی ئاڵمانه‌وه‌ نه‌ شێوێندرا. به‌ڵكو ئه‌وه‌ لینین بوو، ‌كه‌ له‌ ئاستێكی فراواندا ئاوه‌ژووی كرد. وی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خاڵگه‌لی ژاكۆبین (Jakobin)ی و ده‌سه‌ڵاتخوازی كه‌ هه‌ندێك كات له‌ نووسینه‌كانی ماركس و ئه‌نگلس دا ده‌ركه‌وتبوون، قوڵتر كرده‌وه‌. وی باڵاده‌ستی ناوه‌ندگه‌رایی و ده‌ركی بیرته‌سكانه‌ و ده‌سته‌گه‌رایانه‌ی پارتی (ئه‌وه‌ش ته‌نیا یه‌ك پارت) و به‌تایبه‌ت كاری شۆڕشگێڕانی پیشه‌یی وه‌ك ڕابه‌رانی جه‌ماوه‌ر هێنایه‌‌ نێو ماركسیزمه‌وه‌. وه‌ها چه‌مكگه‌لیك له‌ نووسینه‌كانی ماركس‌دا زۆر ده‌ست ناكه‌ون و ئه‌گه‌ر هه‌شبن له‌ شیوه‌ی كۆرپه‌یی و سه‌ره‌تایین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لینین سۆشیال‌دیموكراته‌كان به‌ توندی له‌وه‌ی كه‌ ئه‌نارکیسته‌كان به‌ كه‌م ده‌گرن، ده‌داته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و له‌ په‌رتووكی گچكه‌ی «ده‌وڵه‌ت و شۆڕش»دا به‌شێكی ته‌واو بۆ ستایشی ئه‌نارکیسته‌كان له‌به‌ر وه‌فادارییان بۆ شۆڕش، ته‌رخان ده‌كات.

II.

گرفتێكی‌تریش له‌ ئارادایه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ندێشه‌ی ماركس و ئه‌نگلس له‌ڕووی پێگه‌یینه‌وه‌ بۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعیه‌تی سه‌رده‌م له‌ ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا به‌ تووندی شیاوی ده‌رككردنه‌. به‌لام هه‌وڵی لیكده‌ره‌وانێكی تازه – له‌نیویاندا نوێنه‌رێكی كلیساش – بۆ سه‌لماندنی شتێك به‌نێوی دۆگماتیزمی ماركسیستی، بێسووده‌.

بانموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه‌:

ماركسی لاو و مرۆڤدۆست، شاگردی فۆیه‌رباخ (Feuerbach)ی فه‌یله‌سوف، به‌گشتی له‌ ماركسی ساڵانی پێگه‌یینی كه‌ دواتر خۆی گیرۆده‌ی دیاریگه‌ریی زانستی توند و دژوار كردووه‌، جیاوازه‌.

ماركسی ڕۆژنامه‌ی ڕاینی نوێ (Neue Raihnische Zeitung)‌ – بڵاوكراوه‌یه‌ك، كه‌ ته‌نیا پاگه‌نده‌ی دیموكراتبوون و له‌ هه‌وڵی یه‌كیتی له‌گه‌ڵ بۆرژوازی ئاڵمان‌دا بوو، هیچ وێكچوونێكی له‌گه‌ڵ ماركسی ساڵی 1850 واته‌ ماركسی كۆمونیست و ته‌نانه‌ت بلانكیست (Blanquist) كه‌ ئاوازی شۆڕشی به‌رده‌وام، كاری سیاسی سه‌ربه‌خۆی كۆمونیستی و‌ دروشمی دیكتاتۆری پڕۆلیتاریای ده‌دا، نییه‌.

هه‌ندێك جیاوازییش له‌نێوان به‌شه‌كانی مانیفێستی 1848 و هه‌ندێ داواكاریدا، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ زۆرداره‌كی ده‌ست به‌سه‌ر سه‌راپای ئابووریدا بگرێت‌ و ڕوونكردنه‌وه‌كانی دواتر، كه‌ تیایاندا ده‌وڵه‌ت به‌هۆی «په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌» جێگه‌ی ده‌گیرێته‌وه، هه‌یه‌‌.[1] ماركسی ساڵانی دواتر، كه‌ شۆڕشی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ داهاتوویه‌كی دوور ده‌سپارد و خۆی له‌ په‌رتووكخانه‌ی مۆزه‌ی بریتانیا زیندانی ده‌كرد، تاوه‌كو ده‌ست بداته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی فراوان و گران. كه‌سێكی ته‌واو جیاوازه،‌ له‌ ماركسی ڕاپه‌ڕێنخوازی 1850 كه‌ باوه‌ڕی به‌ ڕاپه‌ڕینی گشتی و ده‌ستبه‌جێ هه‌بوو.

ماركس كه‌ له‌ ساڵه‌كانی 1864 – 1869 سه‌ره‌تا له‌ پشتپه‌رده‌وه‌ ڕۆڵی ڕاوێژكاری تایبه‌ت و ڕێخه‌ری له ‌ده‌سه‌ڵات دووره‌په‌رێزی كارگه‌رانی كۆوه‌بوو له‌ نێونه‌ته‌وه‌ی یه‌كه‌مدا ده‌گێڕا، له‌ پڕێكدا ساڵی 1870 ده‌گۆڕێت به‌ كه‌سێكی فره‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتخواز‌ كه‌ له‌ «له‌نده‌ن‌»ه‌‌وه‌ فه‌رمان بۆ ئه‌نجومه‌نی گشتی ئینته‌رناسیوناڵ‌ ده‌رده‌‌كات. ماركس كه‌ له‌ سه‌ره‌تای 1871دا به‌ تووندی دژی ڕاپه‌ڕینی پاریس بوو، ماركسێك نییه‌ كه‌ كه‌مێك دواتر له‌ نامیلكه‌‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆیدا به‌نێوی (شه‌ڕی نێوخۆیی له‌ فه‌ره‌نسه‌)، ده‌كه‌وێته‌ نرخاندنی كۆمۆنه‌ی پاریس و زۆرێك له‌ لایه‌نه‌كانی تا ئه‌وپه‌ڕی ڕاده‌ی خوازراو ده‌ستنیشان ده‌كات.

دواجار ماركسێك كه‌ له‌ هه‌مان نامیلكه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ پێداده‌گرێت، ماركسێك نییه‌ كه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا له‌مه‌ڕ به‌رنامه‌ی گۆتا (Gothaer Programm) بێ ئه‌ملاوئه‌ولا ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت، كه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك درێژ پاش شۆڕشی پرۆلیتێری درێژه‌ به‌ژیانی خۆی بدات.

ده‌توانین له‌ ماوه‌ی ساڵانێكدا شوێن پێی ته‌واوی ئه‌م پاشگه‌زبوونه‌وه‌ و هه‌ڵبه‌زودابه‌زه‌ زیكزاكیانه هه‌ڵگرین.‌ به‌مجۆره‌ نابێت ماركسیزمی ڕه‌سه‌ن واته‌ نووسینه‌كانی ماركس و ئه‌نگلسیش وه‌ك كۆمه‌ڵێكی وه‌ك یه‌ك و ته‌با له‌به‌رچاو بگیرێن. به‌ڵكو پێویسته‌‌ له‌ بۆته‌ی تاقیكاری ڕه‌خنه‌یی و وردا دابنرێت و ته‌نیا ئه‌و خالانه‌ی لیوه‌ وه‌ربگیرێت، كه‌ په‌یوه‌ندی نزیكیان له‌گه‌ڵ كۆمونیزمی ئازادڕه‌وانه‌‌ (Libertarian communism)دا هه‌یه‌.[2]

III.

هه‌نووكه‌ له‌به‌رده‌م گرفتی سێیه‌م وه‌ستاوین: ئه‌ناركیزمیش كه‌متر له‌ ماركسیزم له‌ چوارچێوه‌ی باوه‌ڕی له‌یه‌كچوو به‌هره‌مه‌ند نییه‌. به‌وجۆره‌ی كه‌ له‌ په‌رتووكی ئه‌ناركیزم‌دا باسم لێوه‌كردووه‌، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری و پێداگرتن له‌سه‌ر له‌پێشبوونی داوه‌ری تاكه‌كه‌سی، بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نارکیسته‌كان به‌وته‌ی پرۆدۆن (Proudhon) له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ ماركس “دژه‌ دۆگماتیزم بوون بكه‌نه‌ پیشه‌ی خۆیان” له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تێڕوانینی ئازادڕه‌وه‌كان، جۆراوجۆرتر، خوڕتر و له‌ ڕووی تێگه‌یشتنه‌وه‌ دژوارتره‌ له‌ تێڕوانینی سۆشیالیسته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان (authoritarian socialists).

مه‌یلی جیاواز له‌ ناو ئه‌ناركیزم‌دا هه‌یه‌: بێجگه‌ له‌ كۆمونیسته‌ ئازادڕه‌وه‌كان(Libertarian Communists) كه‌ من سه‌ربه‌وانم، ده‌توانرێت ئه‌نارکیسته‌ تاكگه‌را (Individual anarchists)، ئه‌نارکیسته‌ كۆگه‌را (Sozietaere anarchists)، ئاناركۆسه‌ندیكالیسته‌كان (AnarchoSyndikalists) و ده‌سته‌یه‌كی‌تریان له‌وانه ئه‌نارکیسته‌ دژ به‌ توندووتیژی (Power-free anarchist)، ئه‌نارکیسته‌ ئاشتیخوازه‌كان (Anarcho-pacifists)، ئه‌نارکیسته‌ گیاخۆره‌كان (vegetarian anarchists) و هیتریش ناوبێنین.

هه‌نووكه‌ ئه‌م پرسیاره‌‌ قوتده‌بێته‌وه‌ : ده‌مانه‌وێت چ جۆرێك له‌ ئه‌ناركیزم له‌گه‌ڵ ماركسیزم به‌راورد بكه‌ین، تاوه‌كو بزانین كه‌ له‌ چ بارێكه‌وه‌، ئه‌م دوو فێرگه‌ سیاسییه‌ له‌ ئه‌ندێشه‌ی شۆڕشگێڕیدا له‌گه‌ڵ یه‌كتردا یه‌كده‌گرنه‌وه‌ یا له‌ یه‌كتر دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌. بۆ من ڕوونه‌ كه‌ ئه‌ناركیزمی چێكه‌ر (constructive anarchism)، كۆمه‌ڵگه‌را و ئه‌ناركیزمی كۆگه‌را یا ئه‌ناركیزمی كۆمونیستی له‌گه‌ڵ ماركسیزم‌دا كه‌مترین دوورییان له‌نێواندایه‌ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ من له‌ په‌رتووكی «ئه‌ناركیزم»دا ته‌نیا له‌ هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ له‌ ئه‌ناركیزم بووم.

IV.

گه‌ر به‌ قوڵی سه‌رنج بده‌ین ، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ماركسیزم و ئه‌ناركیزم له‌ ڕابوردوودا كاراییان له‌سه‌ر یه‌ك داناوه‌. مالاتستا (Malatesta) ئه‌نارکیستی به‌ناوبانگی ئیتالیایی له‌ شوێنێكدا نووسیویه‌تی: “نزیكه‌ی ته‌واوی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌نارکیستی سه‌ده‌ی نۆزده‌ كارایی‌ ماركسیزمی له‌سه‌ر بووه‌‌”. ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ باكۆنین ڕێزی‌ له‌به‌رامبه‌ر لێهاتوویی زانستی ماركس هه‌بوو، به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ ده‌ست به‌ وه‌رگێڕانی به‌رگی یه‌كه‌می «سه‌رمایه‌» بۆ سه‌ر زمانی ڕوسی ده‌كات. له‌ پاڵ ویدا ئه‌نارکیستی ئیتالیایی كارلۆ كافیرۆ (Carlo Cafiero)ش كورته‌یه‌ك له‌م به‌رهه‌مه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌. له‌ له‌ولاشه‌وه‌،‌ یه‌كه‌م په‌رتووكی پرۆدۆن «موڵكایه‌تی چییه‌» (1840) و به‌تایبه‌ت به‌رهه‌می به‌ناوبانگی «سیسته‌می ناكۆكییه‌ ئابوورییه‌كان یا فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاری ‌» (1846) به‌ قووڵی ماركسی لاو ده‌خه‌نه‌ ژێر كاراییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر چی كه‌مێك دواتر ئابووریناسی بێ ئه‌مه‌ك، به‌ نووسینی «هه‌ژاری فه‌لسه‌فه‌» ده‌ست ده‌داته‌ سه‌رزه‌نشكردنێكی ژاراوی له‌ دژی فێركاره‌كه‌ی خۆی.

سه‌ره‌ڕای لێدوانی زۆر، ماركس به‌ راده‌یه‌كی زۆر قه‌رزارباری تێڕوانینه‌كانی باكۆنینه‌. لێره‌دا بۆ خۆلادان له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ ته‌نیا دوو نموونه‌ ده‌هێنینه‌وه‌: راگه‌یاندن له‌مه‌ڕ كۆمۆنه‌ی پاریس كه‌ له‌لایه‌ن ماركسه‌وه‌ نووسراوه‌، به‌توندی له‌ژێر كارایی بۆچوونه‌كانی باكۆنین‌‌دایه. به‌وجۆره‌ی كه‌ ئارتور لێنینگ (Arthur Lehning) بڵاوكه‌ره‌وه‌ی «ئه‌رشیڤه‌كانی باكۆنین»یش په‌نجه‌ی بۆ ئه‌م خاڵه‌ ڕاكێشاوه‌ و به‌وجۆره‌ی كه‌ پێشتر وتمان ده‌ستپێشخه‌ری باكۆنین بوو، كه‌ ماركس ناچار به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دروشمی «ده‌وڵه‌تی خه‌ڵكی» و هاوكاره‌ سۆشیال‌دیموكراته‌كانی بوو.

V.

ماركسیزم و ئه‌ناركیزم به‌ته‌واوی له‌ كارایی به‌رامبه‌ریه‌ك له‌ ڕه‌گوڕیشه‌یه‌ك به‌هره‌مه‌ندن و ڕه‌گوڕیشه‌یان بۆ سه‌ر‌ خێزانیك. ئێمه‌ وه‌ك ماتریالیست، پێمان وانییه‌ كه‌ بۆچوونه‌كان بۆ خۆیان له‌ مێشكی مرۆڤه‌وه‌ په‌یدا ده‌بن، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه‌ ته‌نیا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رین‌ له‌ ڕه‌وتی خه‌باتی چینایه‌تیدا پێیهه‌ستاون. یه‌كه‌مین نووسه‌رانی سۆشیالیست، چ ئه‌نارکیست و چ ماركسیست به‌ته‌واوی له‌ ژیر كارایی شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسه‌وه‌ له‌ ساله‌كانی كۆتایی سه‌ده‌ی 18و له‌ژێر كارایی تێكۆسانی كارگه‌رانی فه‌ره‌نسه‌دا بوون،‌ كه‌ له‌ ساڵی 1840 به‌دواوه‌ بۆ خۆڕێكخراوكردن و خه‌بات دژی به‌هره‌كێشی سه‌رمایه‌داری ده‌ستیان پیكرد.

كه‌من ئه‌وانه‌ی كه‌ بزانن، له‌ 1840دا پاریس مانگرتنێكی گشتی به‌ خۆوه‌ بینیوه‌. سالانێك پاش ئه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ كارگه‌رییه‌كانی وه‌ك «كارگه‌ ĽAtelier» سه‌ریان هه‌ڵدا. له‌م ساله‌دا 1840 په‌ره‌گرتنێكی به‌رچاو ڕووده‌دات، پرۆدۆن «تێبینی دژی موڵكایه‌تی» بڵاو ده‌كاته‌وه‌. چوارساڵ دواتر له‌ ساڵی 1844دا، ماركسی لاو له‌ «تێبینییه‌كانی»دا، ڕاپۆرتی سه‌ردانییه‌كه‌ی بۆ لای كارگه‌رانی پاریس ده‌خاته‌ڕوو و په‌نجه‌ بۆ كاراییه‌كی قوڵ، كه‌ كارگه‌رانی ده‌ستكار له‌سه‌ر وییان داناوه، ڕاده‌كێشێ‌. ساڵێ به‌ر له‌وه‌ له‌ 1843دا ژنێكی ده‌ركه‌وته‌ به‌نێوی فلۆرا تریستان (Flora Tristan) كارگه‌رانی بۆ پێكهێنانی یه‌كێتییه‌كی كارگه‌ری بانگه‌واز كرد و بۆ په‌یوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ وان، به‌ره‌و شاره‌كانی فه‌ره‌نسه‌ كه‌وته‌ڕێ.