نووسینی :H. Magnus Enzensberger
و. له فارسییه‌وه: هه‌ژێن
ده‌رباره‌ی ڕه‌گه‌کانی ئانارشیزمی ئه‌سپانی
له یه‌کێک له ڕۆژه‌کانی ئۆکتۆبه‌ری 1867دا پیاوێکی ئیتالی هاته «مه‌درید» پایته‌ختی ئه‌سپانیا. پیشه‌ی ئه‌ندازیار و ته‌مه‌نی نزیکه‌ی چل ساڵێک بوو. ڕدێنێکی پڕ، چاوی گه‌ش، په‌یکه‌ر ئه‌ستوور و به توانا دیار بوو. به‌دوای ناونیشانێکدا ده‌گه‌را، که له په‌راوه‌که‌یدا نووسیبووی. دواجار له قاوه‌خانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له کارگه‌رانی چاپخانه ئاشنا بوو.
ئاوازی ده‌نگ و شێوازی ده‌ربڕینی ده‌بوونه هۆی لێوه‌رگرتنی وته‌کانی. کاتێک که له باره‌ی سه‌رکوت، به‌هره‌کێشی و ده‌مکوتکردنه‌وه، ده‌دوا، ده‌نگی ده‌گیرا، به‌جۆرێک که به‌تووندی په‌رێشان ده‌بوو و ئازار و خه‌م، ده‌موچاوی داده‌گرت! شتێکی سه‌رنجڕاکێش بوو، که ئه‌و زمانی ئه‌سپانی نه‌ده‌زانی، هه‌ندێکجار به زمانی فه‌ره‌نسی ده‌دوا، که ژماره‌یه‌کی که‌م له گوێگرانی تێدهگهێشتن یا به ئیتالی که به ڕاده‌یه‌ک ده‌توانرا بزانیت؛ مه‌به‌ستی چییه! به‌ڵام له کۆتایی قسه‌کانیدا خرۆش و وره‌یه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به‌سه‌ر هه‌موواندا باڵی کێشا!] پاش تێپه‌ڕبوونی 32 ساڵ هێشتاکه «ئانسلمو لونتسو»ی (ژورنالیست) ده‌یتوانی یه‌که‌مین به‌رخوردی خۆی له‌گه‌ڵ «فانلی»، واته یه‌که‌مین که‌سێک که ئانارشیزمی هێنابووه ئه‌م ولاته، بیری خۆی بێنێته‌وه، که له‌کاتی گه‌رانه‌وه‌دا هاواری کرد : Cosa orribile! Spaventosa!
ئانسلمو ده‌ڵیت : “سێ _ چوار شه‌و به‌سه‌ریه‌که‌وه، فانلی سه‌رقاڵی پاگه‌نده‌کردن بۆ ئێمه بوو. وی له کاتی پیاسهکردندن یا له قاوه‌خانه‌دا له‌گه‌ڵ مه ده‌دوا. هه‌روا مانیفێستی نێونه‌ته‌وه‌یی، به‌رنامه‌ی یه‌کێتی سۆشیالیستدیموکراتهکان و چه‌ند ژماره له بڵاوکراوه‌ی (Glocke)، که وتار و قسه‌کردنه‌کانی «باکۆنین»ی تێدا چاپکرابوون؛ بۆ ئێمه به‌جێهێشت! پێش ئه‌وه‌ی ماڵئاواییمان لێبکات، وێنه‌یه‌کی به کۆمه‌ڵمان گرت، که وی له‌نێوان مه‌دایه“.
پێش «فانلی» هیچکه‌س ئاگای له ڕێکخراوێک به‌نێوی یه‌کێتی نێونه‌ته‌وه‌یی کارگه‌ران نه‌بوو. وی یه‌کیک له لایه‌نگرانی باکۆنین و ئه‌ندامی باڵی (اختیارگرا) و دژه که‌سایه‌تی (ئه‌نتی ئۆتوریته) ی ناو نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م بوو و دیاریه‌که‌شی بۆ ئه‌سپانیا؛ ئانارشیزم بوو!
سه‌رکه‌وتوویی ئه‌م په‌روه‌رده‌کردنه شۆڕشگێڕییانه، بێوێنه بوو. زۆر به‌خێرایی له ناوچه پیشه‌سازی و کشتوکاڵییه‌کان په‌ره‌ی سه‌ند. به‌تایبه‌ت له ناوچه ڕۆژئاوایی و باشوورییه‌کانی ئه‌سپانیا، بیرکردنه‌وه‌ی ئانارشیستی به په‌رتاو بڵێسه‌ی سه‌ند! به جۆرێک که له یه‌که‌مین کۆنگره‌ی 1870ی بزووتنه‌وه‌ی کارگه‌ری ئه‌سپانیا له به‌رژه‌وه‌ندی باکۆنین و دژی کارل مارکس هه‌ڵوێستی گرت! دوو ساڵ دواتر له دانیشتنی «کوردوبا» فیدراسیۆنی ئانارشیسته‌کان 45000 ئه‌ندامی چالاکی وه‌رگرت. یاخیبوونه وه‌رزێڕییه‌کان له ئه‌نده‌لوسیا (ساڵی 1873) هه‌مووان له‌ژێر ڕابه‌ری ئانارشیسته‌کاندا بوون. ئه‌سپانیا ته‌نیا ولاتێکه له جیهاندا، که وانه شۆڕشگێڕییه‌کانی باکۆنین، شێوه‌یه‌کی کرده‌ییان به‌خۆوه گرت و تاوه‌کو ساڵی 1936 بزووتنه‌وه‌ی کارگه‌ری ئه‌سپانیا به‌کرده‌وه له‌ژێر کارایی ئانارشیسته‌کاندا بوو. ئه‌وان نه‌ک ته‌نیا زۆرینه بوون، به‌ڵکو به‌هێزترین و تێکۆشهرترینی فراکسیۆنه‌کانیان پێکده‌هێنا!
له ڕووی مێژووییه‌وه پێشکه‌وتنی ئانارشیزم له ئه‌سپانیا ده‌توانرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووری ئه‌م ولاته بزانرێت. به چاوپۆشی له هه‌ندێ هه‌رێم و به‌شی ئه‌سپانیا تاکو پێش شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م، ئه‌م ولاته پشتبه‌ستوو به ئابووری کشتوکاڵی به‌ڕیوه ده‌برا. ناکۆکی چینایه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ها زاڵبوو، که ده‌توانرێت باس له دوو نه‌ته‌وه له‌م ولاته بکرێت. چینی سیاسی که ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تی و سوپای له‌ژێر ڕکێفدا بوو، فره‌تر له زه‌ویداره گه‌وره‌کان پێکهاتبوو، که له‌گه‌ڵ کلیساش په‌یوه‌ندییه‌کی فره پته‌ویان هه‌بوو! له کاتێکدا که بۆرژوازی له وڵاتانی‌تری ئه‌وروپای ڕۆژئاوایی پێشکه‌وتوو بوو، ئه‌م چینه له ئه‌سپانیا گه‌نده‌ڵ، به‌رتیلخۆر و له جێبه‌جێکردنی ڕیفۆرم و به‌رهه‌مهێناندا، بێ‌توانا بوو. ژیانی مشه‌خۆرانه‌ی وان، مۆڵه‌تی گه‌شه‌کردنی هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی له‌ڕێگه‌ی که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه‌وه، نه‌ده‌دا! له‌م په‌یوه‌نده‌دا، ورده‌بۆرژوازی له‌م وڵاته‌دا زۆر گچکه و بێ‌توانا بوو – به چاوپۆشی له پیشه‌وه‌رانی هه‌ژار و بازرگانه بچووکه‌کان – مارکس وته‌نی، ئه‌وانه “پیاوانی بۆگه‌نی ده‌وڵه‌تی” بوون، که ته‌نیا له خزمه‌تی ده‌زگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریدا بوون!
زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری زه‌حمه‌تکێشانی ئه‌سپانیایی له گونده‌کان و له‌سه‌ر زه‌وییه‌کان کاریان ده‌کرد. چه‌ندین سه‌ده بوو، که ناکۆکی چینایه‌تی له‌م وڵاته‌دا به‌رجه‌سته بوو بوو! له به‌شه باکوورییه‌کان شێوه موڵکایه‌تی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست، هێشتاکه له ئارادا بوو. ته‌واوی جه‌نگه‌ڵ و مێرگه سه‌رسه‌وز و پڕ به‌رهه‌مه‌کان، له شێوه‌ی موڵکایه‌تی کۆن، به‌ته‌واوی له ئابووری مالی شاره‌کان به‌جێمابوو. له ناوچه‌کانی تری «ئه‌نده‌لوسیا» و که‌ناره‌کانی «لواندل» تازه‌کی له ساڵی 1836دا بۆرژوازی زه‌میندار و سه‌رمایه‌داری تازه پێگه‌یشتوو، سه‌ریانهه‌ڵدا! سیسته‌می پارله‌مانی (ساڵی 1843) له راستیدا نیشانه‌ی سیاسی چینێکی تازه بوو، که له شاره گه‌وره‌کان ده‌ژیان و گونده‌کانی خۆیان وه‌ک ولاتانی داگیرکراو ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی کوێخا (به‌کرێگیراو)ه‌وه به‌ڕێوه ده‌برد!
له‌م بارودۆخه‌دا هه‌ژمارێکی گه‌وره‌ی پڕۆلیتاریای وه‌رزیر په‌یدا بوو، که 4/3 دانیشتوانی ئه‌نده‌لوسی تاکو ده‌ستپیکردنی شه‌ڕی نێوخۆیی له به‌رشه‌لۆنه به شێوه‌ی کرێی ڕۆژانه و به باری گرانی مالییه‌وه ڕۆژیان ده‌کرده شه‌و و هێزی کاری خۆیان بۆ ڕزگاربوون له برسیه‌تی هه‌راج ده‌کرد! 12 کاتژێر کاری ڕۆژانه، ئه‌وه‌ش له کاتی چنینه‌وه‌ی به‌روبووم، که له ساڵدا له شه‌ش مانگ زیاتر نه‌بوو، بی‌کاری له نێوه‌که‌ی تری ساڵدا به‌دوادا ده‌هات! به شێوه‌یه‌ک که بێ‌کاری بوو بووه خویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، که ئه‌نجامه‌که‌ی بووه هۆی هه‌ژاری گشتی، به‌دخۆراکی و هه‌ڵهاتن له گونده‌کان!
تووندوتیژی ده‌وڵه‌تی له گونده‌کان، ڕۆڵی هێزی داگیرکه‌ری ده‌گێڕا. ساڵیک پاش به‌ده‌سه‌لات گه‌یشتنی چینی تازه، سوپایه‌کی تازه به‌نێوی «پاسه‌وانی نه‌ته‌وه‌یی – گاردی ملی» به بیانووی به‌رگرتن به چه‌ته و ڕێگران له گونده‌کان، دروستبوو، که له‌ڕاستیدا ئه‌رکی ته‌نگهه‌ڵچنین به وه‌رزیرانی له ئه‌ستۆ بوو. که‌سانی گاردی میللی له ناوچه دووره‌کانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردران و مۆڵه‌تی هاوسه‌رییان له‌گه‌ڵ که‌سانی خۆجێیی (محلی) نه‌بوو. ئه‌م که‌سانه (حه‌سحه‌سه‌کان) مۆڵه‌تی به‌بێ چه‌ک چوونه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌و شوێنانه نه‌بوو و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌میشه پێکه‌وه بوون، تاکو ئه‌وڕۆکه‌ش له گونده‌کاندا به جووته‌کان ناویان ده‌به‌ن!
نه‌فره‌تی گشتی له ئه‌نده‌لوسیا، هه‌میشه له شێوه‌ی شه‌ڕه بچووکه میللیه‌کان به‌رجه‌سته ده‌بوو. شه‌ڕی پارتیزانی (چریکی) هه‌میشه خۆبه‌خۆ سه‌ریانهه‌ڵده‌دا و به یاخیبوونی گشتی وه‌رزێران کۆتایی ده‌هات! ئه‌م هه‌ڵچوونه جه‌ماوه‌رییانه به کوشتاری فراوان له هه‌ر دوو لا؛ کۆتایی ده‌هات! به‌زۆری ئه‌م بزووتهنهوانه شێوازێکی چوون یه‌کیان هه‌بوو. کارگه‌رانی کشتوکاڵی، حه‌سحه‌سه‌کانی گاردی میللی‌یان له‌نێو ده‌برد، که‌شیش (پیاوانی کلیسا) و کارمه‌ندانیان ده‌ستگیر ده‌کرد، ئاگریان له کلیسا به‌رده‌دا، به‌ڵگه‌نامه و په‌ڕگه‌ی ماڵی خاوه‌نکاره‌کانیان له‌نیو ده‌برد، سیسته‌می مالییان بێ به‌ها ده‌کرد، له ده‌وڵه‌تی خۆجێی (محلی) جیاده‌بوونه‌وه، سه‌ربه‌خۆییان ڕاده‌گه‌یاند و به‌ناوی کۆمۆنی سه‌ربه‌خۆوه ده‌ستیان به کشتوزار ده‌کرد! زۆر سه‌رنجڕاکێش بوو، ئه‌م وه‌رزێڕه نه‌خوێنده‌وارانه هه‌ڵبه‌ته نائاگایانه، هه‌ر هه‌مان فێرکارییه‌کانی «باکۆنین»یان جێبه‌جێده‌کرد! هه‌ڵبه‌ته له‌وێوه که ئه‌م ڕاپه‌ڕینانه خۆجێیی بوون و باری گشتیان به‌خۆوه نه‌ده‌گرت، ماوه‌یه‌ک درێژه‌یان ده‌کێشا، تاوه‌کو له‌لایه‌ن سوپاوه خه‌ڵتانی خوێن ده‌کران و له‌نیو ده‌بران!
له گونده‌کانی ئه‌نده‌لوسیا بۆ یه‌که‌مینجار ڕه‌گی ئانارشیزم له ئه‌سپانیا دایکوتا! بزووتنه‌وه خۆبه‌خۆکانی کارگه‌رانی گوندی به به‌هره‌مه‌ندبوون له فێرکارییه ئانارشیستییه‌کان، زه‌مینه‌یان بۆ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆشکرد!
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابوردوودا له سه‌راپای گونده‌کانی باشووری ئه‌سپانیا «بانگهوازدهرانی بیروباوه‌ڕی ئانارشیستی» هه‌بوون، که به سواری ولاخهوه، پیاده‌ڕۆ یا به‌سه‌ر لۆرییه‌وه له هاتوچۆدابوون. به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌یان له گیرفاندا بێ، کارگه‌ران پێشوازییان لێده‌کردن و خواردنیان و شوێنی خه‌وتنیان بۆ ئاماده ده‌کردن ( له سه‌ره‌تاوه تا ئه‌ورۆکه، بزووتنه‌وه‌ی ئانارشیستی ئه‌سپانیا، هه‌رگیز له ده‌ره‌وه یارمه‌تی ماڵی پێنه‌کرا). به‌مجۆره بزووتنه‌وه‌یه‌کی راهێنانی جه‌ماوه‌ری به‌ڕێخرا. له‌نیوان نه‌خوێنده‌واراندا، هه‌ژمارێکی زۆر هه‌بوون که وتاری بڵاوکراوه و گۆڤاره‌کانیان ده‌رخ کردبوو! له هه‌ر گوندێکدا «ڕۆشنگه‌ر»ێک یا کارگه‌ریکی هوشیار هه‌بوو، که هه‌ر شتێک فێربوو بوو، بهکهسانیتری ده‌گه‌یاند! ئه‌م که‌سانه به‌وه‌دا ده‌ناسرانه‌وه: که جگه‌ره‌یان نهدهکێسا، قوماریان نه‌ده‌کرد، خواردنه‌وه (ئه‌لکول)یان نه‌ده‌خوارده‌وه، باوه‌ڕیان به خودا نه‌بوو، بۆ هاوسه‌رانی (مارهنهبڕاو)یان وه‌فادار بوون و مناڵه‌کانیان به ئاوی چلچله -کریستانه‌کان له‌بری سونه‌تی ناونانی لای موسولمانان، له کلیسادا ده‌یانشۆن، واته خاوێنیان ده‌که‌نه‌وه. و.ک- نه‌ده‌شت!
له ڕووی ئابوورییه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر باشوور و ڕۆژئاوای ئه‌سپانیا که به‌زۆری وشهکهساڵی بوو، هه‌رێمی کاتا‌لۆنیا فره ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌ڕووی پێشه‌سازییه‌وه پێشکه‌وتووترین هه‌رێمی ئه‌سپانیا ده‌ژمێردرا! به‌رشه‌لۆنه ناوه‌ندی که‌شتیڕانی، ناردنه‌ده‌ره‌وه، بانک و پێشه‌سازی ڕستن‌وچنین بوو! بڕی ده‌رامه‌تی ساڵانه له باجوخهراج له‌م ناوچه‌دا به‌راده‌ی دووبه‌رابه‌ری ته‌واوی ئه‌سپانیا بوو. بێجگه له‌باسک، کاتا‌لۆنیا ته‌نیا هه‌رێمی ئه‌م ولاته بوو، که بۆرژوازی به‌راده‌یه‌کی به‌هێز سه‌ریهه‌ڵدابوو! بانکداره‌کان و خاوه‌ن کارخانه‌کانی کاتا‌لۆنیا به پێچه‌وانه‌ی زه‌ویداره گه‌وره‌کانه‌وه له بهشهکانیتری ولات، به‌دوای که‌له‌که‌کردنی سه‌رمایه و لهخۆراخهرجکردنهوه نه‌بوون. له‌نێوان ساڵانی 1870 تا 1936 له به‌رشه‌لۆنه و چوارده‌وری له‌ژێر کارایی بوونی پێشه‌سازی گه‌وره‌دا، پرۆلیتاریای پیشه‌سازی په‌یدا بوو!