هه‌ژێن
11ی ئۆگوستی 2009
دێمۆکراسی، واژه‌یه‌کی جادوویی و واتایه‌کی گشتی و فره‌لایه‌ن، دهمامکێك بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕوخساره درۆزنه‌کان. ئه‌گه‌ر دێمۆکراسی به واتا ڕه‌سه‌نه‌که‌ی وه‌ری گرین، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆکه به باڵای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه جێکه‌وته‌کاندا ده‌بڕدرێت، درۆه‌یه‌کی پیرۆزه، ئه‌گه‌ر دیمۆکراتی باوی ئه‌وڕۆکه وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی چینه باڵاده‌سته‌کانیش وه‌ربگرین، ئه‌وا له‌به‌رده‌م بریاری ناسه‌روه‌رانی نوێنه‌رایه‌تیکراوی کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهاندا ده‌ربازه‌یه‌کی پۆڵایین و قوفڵێکی ژه‌نگنین ده‌بینین!
چه‌مکی دێمۆکراسی، به‌تایبه‌ت پاش هه‌ره‌سی ڕژێمه تاکپارتییه‌کانی بلۆکی خۆرهه‌ڵات، له‌سه‌ر زاری نووسه‌ران و خوێنده‌وارانی کورد –له‌به‌ر ئه‌وه‌ی واژه‌ی ڕۆشنبیر ناتوانێت شوناسی سه‌روو چینایه‌تی هه‌بێت و فره‌تر بووه‌ته نازناوێکی به‌خشراوی ده‌سه‌لاتداران بۆ پاشڕه‌وانیان، من خوینده‌وار به‌کار ده‌به‌م– بووه‌ته بنێشته خۆشه و به بۆنه و بێبۆنه، دێمۆکراسی نوێنه‌رایه‌تی وه‌ك مۆدێلی باو و له‌بری دێمۆکراسی راسته‌قینه له به‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتخواز ده‌ده‌ن و چه‌وساوان و بێبه‌شانی نارازی بۆ ده‌ستگرتن به چمکی عه‌بای شێخ و موریده‌کانی سیسته‌مه‌که‌وه، بانگه‌واز ده‌که‌ن.
له هه‌فته‌کانی پێشوودا جارێکی تر باشووری کوردستان له سیناریۆیه‌کی زیرهکانهتردا بووه‌وه به مه‌یدانی پاگه‌نده درۆینه‌کانی هه‌ڵبژاردن و به‌ڵێندانه‌وه و سویندخوارندهوه به بته پیرۆزه‌کانی کۆمه‌ڵگه و کوێخایه‌تی بۆ بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه نارازییه‌کان. جاڕێکی تر جوینه‌وه‌ی بنێشته هه‌ڵبزرکاوه‌که‌ی سیسته‌می دێمۆکراسی نوێنهرانیهتی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا په‌ره‌ی سه‌نده‌وه و پێنووسه خه‌مخۆره‌کانی چینه مشه‌خۆر و گروپه ده‌سه‌لاتخوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه، که‌وتنه‌وه پاککردنه‌وه و رازاندنه‌وه‌ی روخساری تۆز لێ نیشتووی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و جه‌نراڵه تۆراوه‌کانی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان تاراده‌یه‌ك کۆمه‌ڵگه‌ی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتخوازدا دابهشاند و چه‌مکی ڕۆشنبیر به‌گشتی و ڕۆشنبیرانی کورد، فره‌تر له هه‌موو که‌وته سه‌رزاران و مشتومڕی له‌سه‌ر دروست بوو، چونکه هه‌روا نووسه‌ران و خوێنده‌وارانی سه‌ر به‌ده‌سه‌لات، به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتخوازدا دابه‌ش بوون، هه‌رواش نووسه‌رانی نارازی کۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی : به‌ره‌ی نووسه‌رانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتخواز و به‌ره‌ی نووسه‌رانی سه‌ربه‌خۆی سه‌ر به بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه ناڕازییه‌کاندا دابه‌ش بوون. به‌ڵام گرفتێك یا ڕێگرێك ئه‌وه‌ی که نه‌یهێشت فره‌تر جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌رانه ده‌رکه‌وێت و ڕیزبه‌ندی شۆڕشگێڕانه و دژه‌شۆڕشانه ده‌رکه‌وێت، به‌کاربردنی چه‌مکی ڕۆڕشنبیر بوو بۆ گشتگیرکردنی نووسه‌ران و خوێنده‌وارانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی، که به بڕوای من هه‌م هه‌ڵه و هه‌م فریوده‌رانه‌یه، چونکه ناتوانرێت ڕۆشنبیران له‌ژێر سه‌یوانی نه‌ته‌وه – که له چه‌ندین چین و توێژی کۆمه‌لایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز پێکهاتووه– یا هه‌ر شوناسنامه‌یه‌کی رامیاری دروستکراودای گشتگیردا کۆبکرێنه‌وه؛ تۆ ڕۆشنبیری نیئۆلیبراڵی، ئه‌و ڕۆشنبیری ئیسلامییه و ئه‌ویتر ڕۆشنبیری سۆشیالیست، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش هیچ لۆجیکێك نییه ئه‌م ڕۆشنبیرییه دژه به‌یه‌ك و جیاوازانه له مه‌نجه‌ڵێکی جادووییدا کۆ بکاته‌وه، تاوه‌کو بتوانین ڕۆشنبیرانی کۆمه‌ڵگه به تێڕوانین و فیلۆسۆفی جیاوازه‌وه له‌ژیر ساباتی کوردایه‌تیدا کۆبکه‌ینه‌وه! به‌رای من ده‌توانین بڵێین ڕۆشنبیرانی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیرانی دژ به ده‌سه‌لات، ئه‌ویش به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ڕۆشنبیری خاوه‌ن کرده‌وه و گوتار وێكچوو، کاتێك له هه‌ره بزاڤێکدا و له هه‌ر ڕه‌وتێکی رامیارییدا ده‌ستبه‌کار بێت، هه‌رگیز شوناسی سه‌ربه‌خۆیی هزری و شۆڕشگێڕانه هزرانی خۆی له‌ده‌ست نادات و هیچ کات، هیچ هۆیه‌ك و پاساوێك بۆ کۆکردنه‌وه‌ی وی یا وان له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌سه‌ڵاتخوازان، له ئارادا نییه و ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ، هه‌رده‌م و به‌رده‌وام دژی ده‌سه‌ڵات و له‌به‌ری چه‌وساوان ده‌مێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئاوا نه‌بێت، که‌واته ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ بوونی نییه و گوتار و ڕه‌فتاری دژ به‌یه‌ك ده‌وه‌ستنه‌وه.
ئه‌گه‌ر خۆمان له‌وه‌ش لاده‌ین، که ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆکه به دێمۆکراسی نێو دبرێت، شێوازی سیسته‌مێکه ته‌واو دژی دێمۆکراسی و درۆیه‌کی پیرۆزه و هه‌ر ڕۆژه وه‌ك هه‌توانێکی جادوویی له‌سه‌ر برینه‌کانمان داده‌نرێت. ئه‌وا دیسانه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌ی که به‌نێوی دێمۆکراسییه باوه‌که‌وه هه‌یه، له‌ته‌ك پاگه‌نده‌ی جاڕدهرانیدا ده‌که‌وێته‌وه ناکۆکی و له‌ته‌ك پاگه‌نده سه‌ره‌تاییه‌کانیدا نایێته‌وه، هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا ته‌نیا مه‌به‌ستم هه‌رێمی کوردستان نییه، به‌ڵکو بیشکهکانی په‌روه‌رده‌بوون و کۆشکه‌کانی پیربوونی سیسته‌مه‌که و دیێمۆکراسییهکهیهتی؛ واته بریتانیا، ئهمهریاکا، ئۆروپای خۆراوایی به‌گشتی.
پاگه‌نده‌ی نوێنه‌رانی دێمۆکراسی باو بۆ ڕه‌وایه‌تی و دروستی سیسته‌مه‌که‌یان، ئه‌وه‌یه تاکه سیسته‌مێکه، که پێچه‌وانه‌ی سیسته‌مه تاکپارتییهکانهوه گوێ له خواره‌وه‌ی خۆیان ڕاده‌دێرن و به‌پێی خواستی ده‌نگده‌رانیان بڕیار ده‌ده‌ن و پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه. هه‌ڵبه‌ته زۆرێك پێش من و منیش له شوێنی تردا له‌وه دواوم، سه‌راپای دێمۆکراسی پارلهمانخوازان له درۆکانی سه‌ده‌رمی هه‌ڵبژاردنه‌کانیدا کۆ ده‌بێته‌وه، که به‌خۆشیان هه‌ندێك جار ناچار به داننان پێیدا ده‌بن و گه‌شترین و دره‌وشاوه‌ترین ساته‌کانی هه‌ر ئه‌و ساتانه‌ن، که نوێنه‌ران و پارته‌کان به‌ڵێنه درۆینه‌کانیان له‌ته‌ك وێنه پڕخهرجهکانیان له‌سه‌ر داهاتی تاکه به‌رهه‌مهێنه‌ر و کارگه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه، له سه‌ر کۆلانه هه‌ژارنشینه‌کاندا هه‌ڵده‌واسن و ڕۆژی ژماردنی ده‌نگه‌کان و راگه‌یاندنیان سوێندی پڕ به سه‌روه‌ری شوناسه نه‌ته‌وه‌ییه درۆینه‌که‌یان ده‌خۆن!
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت سه‌رنجی خوێنه‌ران و خۆبههزرڤانزانانی دێمۆکراسی بۆ راکیشم، ئه‌وه‌یه که چه‌ند ڕۆژی رابوردوو له کوردستان و چه‌ند هه‌فته‌ی تر له ئاڵمان و هه‌م چند سه‌د ساڵێکێسه له سه‌راپای جیهان و ئه‌گه‌ر ئه‌م سیسته‌مه دژه مرۆییه له هه‌ڵچوون و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی داهاتووشدا گیانی ده‌ربازکات، ئه‌وا سه‌د باره و هه‌زار باره ده‌بێته‌وه، چونکه سیسته‌مێکه سه‌راپای به فریو و درۆی پیرۆز ڕازێنراوه‌ته‌وه!
لێره‌دا من هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی کوردستان، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که تازه‌ترین نموونه و هه‌م خوێنه‌ری هێژا باشتر پێی ئاشنایه، وه‌ك نموونه ده‌هێنمه‌وه: وه‌ك پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌کرێت، پارله‌مان هی گه‌له و په‌یوه‌ندی به هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه، نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراو نوێنه‌ری گه‌لن و له‌وێ له‌سه‌ر کورسی تاکه‌کانی گه‌ل داده‌نیشن. با ئه‌وه‌ش له‌و لاوه دابنێین، که ئه‌مه هه‌مووی وایه یا نا، خودی پارله‌مان هی کێیه و نوێنه‌ره‌کان، نوێنه‌ری کێن؟ واشی دابنێین هیچ هوشیارییه‌کی جیاواز و هیچ سه‌رنجێك له ده‌روه‌ی سیسته‌می چینایه‌تی و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنه‌که‌ی شك نابه‌ین، دیسان چه‌ند پرسیارێك له ده‌می راگه‌یاندنی سه‌ره‌نجامی ده‌نگدانه‌کاندا خۆیان له‌به‌رده‌م تاکی هوشیاردا قوت ده‌که‌نه‌وه: بۆ ئه‌وه‌ی نموونه‌که بۆ تێگه‌یشتن ئاسان بێت، هه‌ژمارێکی ڕێك هه‌ڵده‌بژێرم) با وای دابنێین له هه‌رێمی کوردستان پارله‌مان 100 کورسی هه‌یه و هه‌ر کورسییه‌ك نوێنه‌رایه‌تی 25.000 ده‌نگ ده‌کات، ئه‌م ساڵ 2.500.000 که‌س مافی ده‌نگدانی هه‌بووه و به‌گشتی 2.000.000 که‌س به‌شداری ده‌نگدانی کردووه، که‌واته به‌بپێی ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ران، 80 نوێنه‌ر ده‌توانن بچنه پارله‌مانه‌وه و 20 کورسی به خاڵی ده‌مێننه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نه‌کانیان (که‌سانێك که مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، به‌پێی پاگه‌نده‌ی لایه‌نگرانی دێمۆکراسی پارله‌مانی) یا که‌سی شیاویان بۆ نوێنه‌رایه‌تی خۆیان شك نه‌بردووه یا باوه‌ڕییان به‌وه نه‌بووه که‌سێك به‌نێوی ئه‌وانه‌وه بچێته پارله‌مانه‌وه و بڕیار بدات، له هه‌ردوو باره‌که‌دا هه‌ر ئاوا که ده‌نگده‌ران مافی ڕێژه‌یی داگیرکردنی کورسییه‌کانی پارله‌مانیان هه‌یه، به‌هه‌مان پاگه‌نده‌ی یه‌کسانی مافیی گشت ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه له‌به‌رده‌م یاسای کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ناو دێمۆکرات‌دا، دهنگنهدهرانیش ده‌بێت مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت، که کورسییه‌کانیان به‌پێی ڕێژه‌ی به‌شدارینه‌کردنیان له ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی پارله‌ماندا، که پاگه‌نده‌ی یانه‌ی گه‌لیی و هه‌مووانی بۆ ده‌کرێت، چ وه‌ك نیشاندانی ناره‌زایه‌تییان به سیسته‌مه‌که و چ نیشاندانی ناڕه‌زایه‌تییان به شێوازی هه‌ڵبژاردن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمهڵگهبه، کورسییه‌کانی خۆیان به چۆڵی بهێڵنه‌وه !
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه له سیسته‌می دیمۆکراتی پارله‌مانی له لانکهکهیهوه تا کوردستان و باشووری ئه‌فریکا و سیبریا و که‌نه‌دا ده‌بینین، ئه‌وه‌یه که ته‌نیا لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌که مافی یاساییان هه‌یه و ئه‌وانیتر په‌راوێز ده‌کرێن. ئه‌وانی تر نه ده‌نگیان (ئه‌گه‌ر ده‌نگدان به هه‌ڵویست و کاردانه‌وه وه‌ربگرین، ده‌نگنه‌دانیش هه‌ڵوێست و کاردانه‌وه‌یه) هه‌یه و نه کورسی و نه وه‌ك هاووڵاتی (درۆیه‌کی تری پیرۆز) له‌به‌رچاو ده‌گیرێن و نه ئه‌و پارله‌مانه که پاگه‌نده‌ی یانه‌ی گه‌ل و هه‌مووانی بۆ ده‌که‌ن، جێگه‌ی ئه‌وانی تێدا ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به‌وه هه‌بێت که نه‌ته‌وه یه‌که‌یه‌کی هاوبه‌رژه‌وه‌نده و درۆیه‌کی پیرۆز نییه، ئه‌وا ده‌کرێت خێزان سه‌ره‌تاییترین یه‌که‌ی بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شمان لا په‌سه‌ند نه‌بێت، ئه‌وا سه‌ره‌تاییترین یه‌که‌ی کۆمه‌ڵگه خێزانه –لایه‌نی که‌م له کوردستاندا، که خێزان و خێڵ کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کین– و پێكهێنه‌ری خێزانیش تاکه‌کانی. ئایا ده‌کرێت له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی یا له بڕیارێکی خێزانێدا که چند ئهندامیکیان له‌وێ نه‌بن و شوێنه‌کانیان چۆڵن، سه‌رۆك و بڕیارده‌رانی خێزان بڕۆن چه‌ند ئه‌ندامێك له دۆست و دراوسێکانیان بهێنن و شوێنی ئه‌ندامه نائامادهکانی خێزانیان پێ پڕ بکه‌نه‌وه و له‌بری ئه‌وان بڕیار بده‌ن؟ ئه‌گه‌ر نا ئه‌ی به چ لۆجیك و به چ یاسا و دادپه‌روه‌رییه‌ك کورسییه چۆڵه‌کانی پارله‌مان به‌سه‌ر پارته براوه‌کانی یا ئاماده‌کانی ناو پارله‌ماندا دابه‌ش ده‌کرێن و له‌بری ده‌نگنه‌ده‌ران بڕیار له‌سه‌ر پرسه گشتییه‌کان ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر دێمۆکراسی پارله‌مانی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به ماف و ئازادی تاکه‌وه هه‌یه؟
پرسیارێکی تر له‌مه‌ڕ ره‌وایه‌تی و ناڕه‌وایه‌تی نوێنه‌رایه‌تی پارله‌مانی و سیسته‌مه باوه‌که ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر کارکردی سیسته‌مه‌که و شێوازه دێمۆکراسییه‌که‌ی وه‌ك چرنووكخوێناویترین سیسته‌می چینایه‌تی که توانیویه‌تی له ناهوشیاری تاکه‌کاندا بۆشاییه‌ك بۆ کایه ناڕه‌واکانی بدۆزێته‌وه و هه‌ر ڕۆژه له ڕێگه‌ی ده‌زگه‌کانی راگه‌یاندن و نووسه‌ره پاگهندهگهراکانییهوه پانتایی ئه‌و ناهوشیارییه فروانتر ده‌کاته‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش ئایین و ڕه‌وتێك له فیلۆسۆفی و ته‌کنۆلۆژیا و زانستی خستووه‌ته گه‌ڕ و به‌ردوام کار له‌سه‌ر باری ده‌روونی تاك و یاری به هه‌ست و سۆزی ناهوشیارانه‌ی تاکه‌کان ده‌کات، بخه‌ینه ئه‌و لاوه، ئه‌وا یه‌کێك له‌و بنه‌مایانه‌ی که سیسته‌می دیمۆکراتی نوێنه‌رایه‌تی پستی پێ ده‌به‌ستێت و وه‌ك گوڵی جوانی و پاکیزه‌یی له یه‌خه‌ی نوێنه‌ره‌کانی ده‌دات، له‌به‌رچاوگرتنی زۆرایه‌تییه وه‌ك پاگه‌نده، هه‌رچه‌نده به کرده‌وه ئه‌مه‌ش په‌یڕه‌و ناکات و ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌وه خانه‌ی درۆ پیرۆزه‌کانی ترییه‌وه، به‌ڵام کاتیك که ده‌که‌وێنه به‌راوردی پاگهنه و کارکرده‌کانی پارله‌مان و له دووی هێڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی ڕهایهتی و ناڕه‌وایه‌تی کارکرده‌کانیان ده‌گه‌ڕێین، له ته‌ك دوو ناڕه‌وایه‌تی ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه:
یه‌که‌م، ده‌بێت که‌مایه‌تی ملکه‌چی زۆرایه‌تی بێت!
دووه‌م، ناوچه و نه‌ته‌وه و که‌مه‌نه‌ته‌وه که‌م ده‌نگه‌کان و ته‌نانه‌ت سه‌راپای کۆمه‌ڵگه ده‌بنه‌وه به که‌مایه‌تی و هه‌میشه وه‌ك پاشکۆ و پاشڕه‌و و پشتگوێخراو له‌به‌رامبه‌ر خواست و به‌رژه‌وه‌ندی چینی مشه‌خۆر و سه‌روه‌ری کۆمه‌ڵگه‌دا له‌به‌رچاو ده‌گیردرێن!
له‌باری یه‌که‌مدا ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به ئازادی تاك له رێسا خیله‌کی و پارتی (حزبی)یه‌کان هه‌بێت، ئه‌وا ده‌زانێت، که شێوازی به‌رته‌ریدان به زۆرینه له به‌رامبه‌ر که‌مایه‌تیدا، بۆ ڕه‌خنه‌ی فره‌پارتی له تا‌کپارتی ده‌گه‌رێته‌وه و له‌لایه‌کی تریشه‌وه سه‌ریشی ناوه‌ندگه‌رایی بۆلشهڤیزمهوه ده‌رده‌چێت، که له باری خێڵ و پارتی پێشڕه‌و و ناوه‌ندگه‌راییدا، تاکی نارازی، ئه‌ندامی نارازی، که‌مینه‌ی نارازی، ده‌بێت ملکه‌چی زۆرینه بێت، وه‌ك ده‌بینین و ده‌زانین له پارله‌مانیشدا هه‌مان ڕێسا ده‌گیردرێته به‌ر. کاتێك که تاکێك یا که‌مایه‌تییه‌ك ده‌که‌وێته به‌رامبه‌ر بڕیاره‌کان، به لۆجیکی ڕه‌وایه‌تی و پیرۆزی ده‌سه‌ڵات و ڕێسا باوه‌کان، نارازییان ده‌که‌ونه به‌ر شالاو، هه‌رچه‌نده پاساو و ئاوهزگیرییان بۆ داوا و بۆچوونه‌کانیشیان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر پاکتاو نه‌کرێن، ئه‌وا بێده‌نگ و فه‌رامۆش ده‌کرێن!
له‌باری پارله‌مانی و توانای چوونه پارله‌مان و بڕیاردانه‌وه، که‌مینه‌کان (چ زمانی، چ نه‌وه‌یی، چ رامیاریی) ده‌که‌ونه به‌ر گه‌له‌کۆمه‌کێی زۆرینه و ویست و داواکانیان ناڕه‌وایه‌تی وه‌رده‌گرن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له پارله‌مانی عیراقی‌دا، کورده‌کان داوای جیابوونه‌وه بکه‌ن، هه‌رچه‌نده زۆرینه‌ی ده‌نگی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیان به‌پێی ڕاپرسییه‌ك پێ بێت، ئه‌وا زۆرینه‌ی ناوپارلهمانی عیراقی که کورد نین و به‌رژه‌وه‌ندییان له‌وه‌دا نییه، دژی داواکه ده‌وه‌ستنه‌وه و ته‌نانه‌ت ده‌توانن داواگهران به زۆر تۆمه‌ت بکێشینه به‌رده‌م دادگه و ته‌نانه‌ت زیندانیشیان بکه‌ن! هه‌رواش له پارله‌مانی هه‌رێمی کوردستانیشدا ئه‌گه‌ر هۆرامییه‌کان داوای خوێندنی زمانه‌که‌یان بکه‌ن، دیسانه‌وه به هه‌مان شێواز ڕووبه‌ڕووی دیوه ڕاسته‌قینه‌که‌ی دێمۆکراسی پارله‌مانی ده‌بنه‌وه، هه‌رچه‌نده داخوازی و پاڵپشتی ته‌واوی تاکه‌کانی ناوچه‌ی هۆرامانیان له پشت بێت! هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری یه‌کێتییه کرێکارییه‌کانی کوردستان (وای دابنێین که هه‌ن) یا نوێنه‌رای یه‌کێتییه‌کانی ژنانی کوردستان یا نوێنه‌ری خوێنداکارانی کوردستان له پارله‌ماندا دژی که‌مکردنه‌وه‌ی موچه و زیادکردنی ماوه‌ی کار وجیاکردنه‌وه‌ی ئایینسالاری پارله‌مان و ئاییننیبوونی په‌روه‌رده و خه‌رجکردنی باجی کرێکاران بۆ جه‌نگ و پارته ڕامیارییه‌کان بووه‌ستنه‌وه، هه‌رچه‌نده داواکه‌یان ڕه‌وایه و له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌وه له راپرسییه‌کدا ڕه‌وایه‌تی وه‌رگرتبێت، ئه‌وا دیسانه‌وه زۆرینه‌ی نه‌یار تاکه نوێنه‌ر یا نوێنه‌ره که‌مایه‌تییه‌کان ده‌مکوت یا ده‌مکوتیان ده‌که‌ن! به‌م جۆره ده‌بینین، زۆرایه‌تی و که‌مایه‌تی که شێوازی بڕیاردانی پارله‌مانه، هیچ په‌یوه‌ندی به ڕه‌وایه‌تی و خواستی گشتی یا زۆرینه‌وه نییه و بڕیاره‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاپرسی گشتی نین و نوێنه‌رانی ناوپه‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگه و ته‌نانه‌ت دهنگپێدهرانیشیان ناکه‌ن!
له‌باری په‌یوه‌ندی ناوچه‌کان، که‌مینه‌کان له‌ته‌ك پارله‌مان و کاراییان له‌سه‌ر بڕیاره‌کانی نێو کۆبوونه‌وه‌کانی نییه و ته‌نانه‌ت هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان ناوچه‌کان و کهمینهكان له‌ته‌ك لیسته‌کان نییه و هه‌موو ئامانجی لیسته‌کان و نوێنه‌ره‌کان له به‌رزکرنه‌وه‌ی داخوازی تاکه‌کان و ناوچه و که‌مینه‌کان له ده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ته‌نیا فریودانی ده‌نگده‌رانه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌دا پارێزگه‌ی سلێمانی و ده‌روبه‌ری پڕ ههڵاترین و پاگه‌نده‌ی جیاوازی لیسته‌کان و بهڵێنهکانیانی به‌خۆوه گرتبوو، دیسانه‌وه ناچارم نموونه له‌و ناوچه‌یه بهێنمه‌وه، که که‌مینه‌یه‌کی هۆرامی له‌و پارێزگه‌دا ده‌ژی. لیستی گۆڕان، که ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، له کۆی 75 خۆهه‌ڵبژێر، 3یان خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری هۆرامان بوون و ئه‌م لیسته پاگه‌نده‌یه‌کی زۆری له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه چڕ کردبووه‌وه و به‌ڵینی سهرخهمانی به‌و ناوچه‌یه ده‌دا. سه‌ره‌تا ده‌بینین، له‌ته‌ك دابه‌شی هه‌ژماری کاندیداتهکان به‌سه‌ر ناوچه‌کاندا به‌پێی هه‌ژماری دانیشتوان له ناوچه‌کاندا ڕووبه‌ڕوو ده‌بین. ئه‌مه‌ش پایه‌یه‌کی تری پاگه‌نده‌کانی روایه‌تی نوێنه‌رایه‌تی پارله‌مانتاره‌کان بۆ خه‌ڵك ده‌ڕوخێنێت، چونکه ئه‌گه‌ر به‌پێی ئاماده‌یی که‌سه‌کان بۆ خۆهه‌ڵبژاردن و توانای دارایی که‌سه‌کان بۆ خۆهه‌ڵبژاردن و هه‌لی ڕه‌خساو بۆ که‌سه‌کان و ڕاده‌ی مافی ده‌نگدان له ناوچه‌کاندا له‌به‌رچاو بگرین، ده‌بینین، زۆر ناوچه به‌تایبه‌ت گوندنشینه‌کان و گه‌ره‌که هه‌ژاره‌کان بێبه‌ش ده‌بن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌مه‌ش بوگزه‌رێین، ده‌بینین، لیسته‌کان به یه‌کسانی نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگه ناکه‌ن، چونکه ته‌نیا ئه‌و که‌سانه‌یان مافی چوونه پارله‌مانیان هه‌یه، که سه‌ره‌تا له سه‌رووی لیست یا پارته‌وه نزیکن، پاشان چه‌نده خوێنده‌وار و ده‌وڵه‌مه‌ند و ناوچه‌که‌یان ڕێوشوێنی پته‌ویان له نه‌خشه‌ی نزیکایه‌تی ده‌سه‌لاته‌وه هه‌یه (نموونه بارزانییه‌کان به‌هۆی سه‌رۆکبوونی م. بارزانییه‌وه یا سلێمانییه‌کان به هۆی نه‌وشیروانه‌وه)، ئینجا پاش ئه‌م هه‌موو ڕێگرییه، به‌ختی ئه‌وه‌یان ده‌بێت، که بگه‌نه سه‌ر کورسییه‌ك، که نوێنه‌رایه‌تی به‌شه چه‌وساوه‌کانی کۆمه‌ڵگه ناکات.
له‌لایه‌کی تره‌وه، دیسانه‌وه به ڕێسای زۆرایه‌تی و که‌مایه‌تی، نوێنه‌رانی ناوچه‌کان له لیسته‌کاندا به‌ختی چوونه پارله‌مانیان نابێت. ئه‌گه‌ر ئێمه وای دابنێین، لیسته‌کان نوێنه‌ری داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانن، که‌واته ده‌بوو خه‌ڵکی ناوچه‌کان له خوڵه‌کانی ىریاردان و توێژینه‌وه‌ی پرسه‌کانی کۆمه‌ڵگه له پارله‌ماندا، به یه‌کسانی به‌ختی ئه‌وه‌یان هه‌بووایه پێ بنێنه تهلاریك که به‌ناوی هه‌موو دانیشتوانی هه‌رێمه‌وه قوتکراوه‌ته‌وه و خه‌رجی کارمه‌نده ته‌وه‌زه‌له‌کانی له خه‌رجی خودی کۆمه‌ڵگه زیاتره و ئاو و ئه‌له‌کتریك و خزمه‌تگوزاری له‌ته‌واوی کۆمه‌ڵگه ببڕێت، هه‌رگیز له‌وێنده‌رێ بۆ چرکه‌یه‌کیش نابردرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات، دیسانه‌وه پێه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه!
به‌رای من هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ملکه‌چپێکردنی که‌مایه‌تی بۆ زۆرایه‌تی یا زۆرایه‌تی بۆ که‌مایه‌تی – چونکه هه‌ر ئاوا که له کۆبوونه‌وه‌کانی پارله‌ماندا که‌مایه‌تی، ملکه‌چی زۆرایه‌تییه، هه‌روا به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه خودی دێمۆکراسی پارله‌مانی، زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه ده‌کاته ملکه‌چی بڕیاره‌کانی که‌مایه‌تییه‌کی چه‌ند سه‌د که‌سی (پارله‌مانتاران)! که‌واته ئه‌گه‌ر سیسته‌می پارله‌مانی ڕۆژێك له ڕۆژان بیویستایه خۆی له‌ته‌ك مافه‌سه‌ره‌تاییه‌کانی تاکی کۆمه‌ڵدا یا به واتایه‌کی تر مافه گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگه ته‌با بکات، ئه‌وا لانیکه‌م، مافی خۆهه‌ڵبژاردن یا هه‌ژماری نوێنه‌رانی به پێی هه‌ژماری دانیشتووانی ناوچه و شاره‌کان دیاری ده‌کرد، هه‌روه‌ها له کاتێکدا ئه‌گه‌ر ژماره‌ی دهنگهێنهرانی لیستێك له چاو هه‌ژماری گشت خۆههڵبژێرهرانی لیسته‌که که‌متر بووایه، وه‌ك ئه‌وه‌ی لیستی گۆران، که له کۆی 75، 25 که‌سییان ده‌گه‌نه پارله‌مان، ده‌بوو ئه‌و 25 کورسییه تایبه‌ت به نوێنه‌رانی ناوچه‌یه‌ك یا شارێك نه‌بن، به‌ڵکو 75 کاندیداتهکهیان و لایه‌نگرانی ئاماده‌یان بۆ ئه‌و کاره له ناوچه‌کاندا به خولی رێکخراو و به نۆره بیانتوانیانه بچنه پارله‌مانه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینین، ئه‌وه‌یه، که هه‌ر لیستێك یا پارت و کاندیداتێك خۆی به نوێنه‌ری گشت خه‌ڵك ده‌زانێت، که‌چی هه‌لی یه‌کسان بۆ گه‌یشتن به کورسییه‌کانی پارله‌مان بۆ هه‌مووان له ئارادا نییه، وه‌ك وتم جارێك له‌به‌ر پابه‌ندی مافی خۆهه‌ڵبژاردن به‌پێی هه‌بوونی بڕێك پاره، پله‌ی خوێندن و ملکه‌چی بۆ ده‌سه‌ڵات و یاسای په‌رله‌مان و دۆسایه‌تی بۆ وڵاتانی زلهێز و دراوسێ و زۆر شتی تر، جارێکیش له‌به‌ر به‌رته‌ریدان به زۆرینه‌کان له‌چاو که‌مینه‌کان و ڕێوشوێنی ناوچه‌کان له پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدا، له دابه‌شکردن و به‌رکه‌وتنی کورسی لیسته‌کاندا! ئه‌م لایه‌نه زۆر قسه‌ی تر هه‌ڵده‌گرێت، به‌لام ڕیفۆرمکردنی ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی بۆرژواکان، کاری ئه‌م نووسینه و ئه‌رکی من نییه، بۆیه زۆرتر له‌سه‌ری ناڕۆم.
به‌م جۆره ده‌بینین، سیسته‌می پارله‌مانی و شێوازه دێمۆکراسییه‌که‌ی، له‌به‌ر راۆشنایی مافی سه‌ره‌تایی تاکی کۆمه‌ڵگه و داخوازییه گشتییه‌کاندا ڕوایهتییان نییه و هه‌رده‌م وه‌ك چه‌کێك بۆ سه‌رکوتی داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگه یا به واتایه‌کی تر بۆ سه‌پاندنی داخوازییه‌کانی که‌مایه‌تییه‌کی سه‌روه‌ر به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك دێوجامه تاکی ناهوشیاری کۆمه‌ڵگه‌ی له ریگه‌ی ده‌نگدانه‌وه پێ فریو ده‌ده‌ن! دواجار به‌پێی ئه‌و بۆچوونانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی و باوهڕیك که له لای من دروست بووه، ئه‌و تاکه ناهوشیارانه‌ی که به‌ده‌نگدانیان و فریوخواردنیان به ههلایی گۆڕانخوازی بێپایه و بێناوه‌ڕۆکی هه‌ندێك لیست و به‌ڵێن و پارانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی خولی پێشوو، ده‌ستیان له بنی هه‌مانه‌که‌وه ده‌رچوو و تا چوار ساڵی تر و سیناریۆیه‌کی تر، هه‌ر ده‌بێت ئاخ هه‌ڵکێشن و گاز له په‌نجه‌ی مۆرکراویان بگرن!
* له به‌رامبه‌ر دێمۆکراسی نوێنه‌رایه‌تی (ناراسته‌وخۆ)دا، دێمۆکراسی راسته‌قینه (راسته‌وخۆ) هه‌یه، که ههلبژێردراوان بۆ پۆسته‌کانی کارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پشت به‌ده‌نگی خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه ده‌به‌ستن و هیچ ده‌زگایه‌ك یا ڕێکخستنێێك له سه‌رووی خه‌ڵکه‌وه بڕیار نادات و هه‌موو بریاره‌کان له کۆڕ و کۆبوونه‌وه و راپرسییه گشتییه‌کاندا ده‌درێن و هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه.