نووسینی: ئێریکۆ مالا‌تێستا
و. لە فارسییەوە: هەژێن
باوه‌ڕی گشتی ئه‌وه‌یه، له‌بەر ئەوەی كه ئێمه خۆمان به شۆڕشگێڕ نێو ده‌به‌ین، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه ئه‌ناركیزم به یه‌ك لێدان به‌دی بێت؛ لێدان وه‌ك سه‌ره‌نجامی ده‌ستبه‌جێی یاخیبوون، كه به توندوتیژییه‌وه هێرش بۆ هه‌رچییه‌ك كه هه‌یه ده‌بات و به پێکهاتەی كه‌تواری تازه جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م تێڕوانینه تەنانەت له نێو هه‌ندێك هاوڕێیاندا كه شۆڕش به وه‌ها شێوازێك ده‌رك ده‌كه‌ن، بوونی نییه.
ئه‌م ده‌مارگیرییه ڕوونی ده‌كاته‌وه، كه بۆچی ئه‌م هەندێك لە نه‌یاره ڕاستگۆکان، پێیانوایە كه ئه‌ناركیزم شتێكی نه‌لواوه؛ هه‌روه‌ها ئاواش ڕوونی ده‌كاته‌وه، كه بۆچی هه‌ندێك له هاوڕێیان، له بارودۆخی هه‌نووكه‌یی مۆڕاڵی خه‌ڵكی بێزارن و له بارێكدا كه ئه‌ناركیزم توانای نییه به‌م زووانه ڕوو بدات، ئه‌وان له نێوان په‌یگیرییه‌كی هزریی توندڕه‌وانه، كه ئه‌وان له بینینی كه‌تواری ژیاندا كوێر ده‌كات و هه‌لپه‌رستییه‌ك كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی له كاردا له‌بیر بكه‌ن، كه ئه‌ناركیستن و ده‌بێت بۆ ئه‌ناركیزم تێبكۆشن، له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ردان.
بەهەر بارێک‌دا سەرکەوتنی ئەنارکیزم ناتوانێت سەرەنجامی پەڕجوویەك بێت؛ واتە ناتوانرێت لە ناکۆکی لەتەك یاساکانی گەشەکردندا (وەك سەلمێندراوە هیچ گەشەکردنێك بەبێ هۆکار ڕوونادات) بێتە دی، هیچ شتێك بەبێ ئامرازی پێویست و گونجاو بێتەدی.**
ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت میرییه‌ك له‌جێی میرییه‌كی تردا دابنێین، واته سه‌پاندنی ئاره‌زووه‌كانی خۆمان به‌سه‌ر كه‌سانی تردا، بۆ به‌رهه‌ڵستی له‌به‌رامبه‌ر چه‌وسێنه‌رانی راستەقینە، ته‌نیا تێكه‌ڵاوكردنی هێزه مادییه‌كان پێویسته، ئەویش به خۆخستنه جێی چه‌وسێنه‌ران.
به‌ڵام ئێمه ئه‌مه‌مان ناوێت، ئێمه ئه‌ناركیزمێكمان ده‌وێت، كه تێیدا كۆمه‌ڵگه له سه‌ر ئازادی و هاریكاری خۆخواستانه بنیات نرابێت– كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه تێیدا هیچ كه‌س ناتوانێت خواسته‌كانی به‌سه‌ر كه‌سانی تردا بسه‌پێنێت و تێیدا هه‌مووان بتوانن هه‌ر كارێك كه پێیان خۆشه ئه‌نجامی بده‌ن و له‌ته‌ك یه‌كتردا خۆخواستانه كۆمه‌كی خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵگه بكه‌ن. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌م هۆیه ئه‌ناركیزم سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری و جیهانی نابێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی نه‌ك ته‌نیا نه‌یانه‌وێت فه‌رمان به‌رن، به‌ڵكو مه‌به‌ستی فه‌رماندانیشیان نه‌بێت؛ ئه‌ناركیزم ئه‌نجامێك به‌ده‌سته‌وه نادات، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی باشه‌ی یه‌كگرتن تێبگه‌ن و بزانن چۆن شێوه‌یه‌ك له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕێكبخه‌ن، كه تێیدا چیتر نیشانه‌یه‌ك له زۆر و توندوتیژی نه‌بێت. هه‌روه‌ها به هه‌مان شێوه كه ویژدان، ویست و توانای لێهاتوویی مرۆڤه‌كان به‌رده‌وام په‌ره‌ده‌سێنیت و له ئاڵوگۆڕی به‌ڕه‌وپێشچووی ده‌وروبه‌ری تازه‌دا، توانای خۆده‌رده‌برنیان دەبێت و ئاره‌زووەکانیان بەدیهاتوون و له‌ته‌ك بارودۆخ به‌دی هاتوودا ده‌گونجێن، ئەمە باری ئەنارکیزم دەبێت؛ ئه‌ناركیزم توانای ڕوودانی نییه، مه‌گه‌ر به‌ره به‌ره و له‌سه‌رخۆ، به‌ڵام لێبراوانه، به توندی و فراوانییه‌كی زۆره‌وه گه‌شه ده‌كات.
بەم پێیە، پرسەكه ئەوە نییە، کە ئایا ئه‌ناركیزم هه‌ر ئه‌مڕۆ، سبه‌ینێ یا له نزیكه‌ی 10 سه‌ده‌دا به‌دیده‌هێنین، به‌ڵكو ئێمه ئه‌وڕۆكه، سبه‌ینێ و هه‌رده‌م به‌ره‌و ئه‌ناركیزم هه‌نگاو ده‌نێین.
ئه‌ناركیزم هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌هره‌كێشی و چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤە له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، واته هه‌ڵووه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و میرایه‌تی (حکومەتی). ئه‌ناركیزم له‌ناوبردنی به‌دبه‌ختییە، ڕزگارکردن لە پڕوپوچی (خورافات) و نه‌فره‌ت. هه‌ر لێدانێك له پێكهاته‌كانی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و دەوڵەت، هه‌ر ستایشێك له ویژدانی مرۆڤ، هه‌ر دابڕانێك له هه‌لومه‌رجی هه‌نووكه‌یی، ڕوماڵكردنی هه‌ر درۆیه‌ك، هه‌ر به‌شێك له چالاكی مرۆڤ كه له كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌رچێت، هه‌ر به‌هێزبوونێكی گیانی یه‌كێتی و داهێنان، هه‌نگاوێكه به‌ره‌و ئه‌ناركیزم.
گرفت له ناسینی چۆنییه‌تی رێگه‌یه‌كدایه، كه به كه‌تواری له‌م ئامانجه نزیكمان ده‌كاته‌وه و له‌مه‌دا پێشكه‌وتنی ڕاسته‌قینه و ڕیفۆرمی ڕیاكارانه‌مان لێ تێكنه‌چێت. چونكه ڕیفۆرمی درۆینه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سبه‌جێ ئاراستەکەی لادانی خه‌ڵكییە له خه‌بات دژی سه‌روه‌ری و سه‌رمایه‌داری و له هه‌وڵی ناكاراكردنی چالاكییه‌كانی خه‌ڵكییه و هیوایه‌ك لای چەوساوان دروست ده‌كات، كه ده‌توانن به هۆی سۆزڕاكێشانی به‌هره‌كێشان و میرییه‌كانه‌وه شتگه‌ێیك به‌ده‌ستبهێنن. گرفت له دەرکی چۆنیەتی به‌كاربردنی ئەو کەمە هێزەیە كه هەمانه؛ ئەوەی کە به ڕێگەیەکی فرەتر ئابوورییانە بەرەو بەدیهێنان بڕۆین، متمانه‌ی فره‌تر بۆ ئامانجی خۆمان به‌ده‌ست بهێنین.
له هه‌ر وڵاتێكدا میرییه‌ك هه‌یه، كه به زۆری دڕندانه، یاساكانی به‌سه‌ر هه‌موواندا ده‌سه‌پێنێت؛ ته‌واوی خه‌ڵكی چ بیه‌وێت و چ نه‌یه‌وێت ناچار به كۆیله‌تی له‌ژێر به‌هره‌كێشی و مانه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه له ئارادان ده‌كات. میری كرده‌ییكردنه‌وه‌ی ئامانجگەلی كه‌مایه‌تییه‌كان قه‌ده‌خه ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مۆڵه‌ت نادات ڕێكخراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌پێی و هاوكات له‌ته‌ك گەشەی بۆچوونی گشتی بگۆڕدرێت. به توندوتیژی به‌ر به ڕه‌وتی ئاشتیخوازیی و ئاسایی پێگه‌یین (تکامل) ده‌گیرێت، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته ئه‌م ڕه‌وته به توندوتیژی بكه‌ینه‌وه و له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه، كه ئێمه ئه‌وڕۆكه خوازیاری شۆڕشێكی توندوتیژین، تا كاتێك كه مرۆڤ كۆیله‌ی شتگه‌لێك بێت، كه پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زووه‌كانین، هه‌رده‌م پێویسته، توندوتیژی میریی له‌نێوبه‌رن، ئه‌وكات ئیتر توندوتیژی ئێمه‌ش هیچ بیانوو و پاساوێكی بۆ مانه‌وه، نابێت.
ئێمه به هه‌مان شێوه كه ئه‌ورۆكه ناتوانین میری فه‌رمانڕه‌وا بڕوخێنین، له‌وانه‌یه سبه‌ینێش نه‌توانین له ویرانه‌كانی میرییه‌ك كه هه‌یه، ڕێگه له سه‌رهه‌ڵدانی میرییه‌كی هاوشێوه به میری پێشووبگرین. به‌ڵام ئه‌م پرسه ، نه ئێستا و نه له داهاتوودا، ئێمه له وه‌ستانه‌وه دژی هه‌ر شێوه‌یه‌ك له ده‌سه‌ڵاتداری ناگێڕێته دواوه؛ هه‌رده‌م تا ئه‌و جێیه‌ی كه ده‌لوێت، سه‌رپێچی له ملدان به یاساكانی ده‌كه‌ین و به‌ردوام له به‌رامبه‌ر توندوتیژی سوود له توندوتیژی وه‌رده‌گرین.
هه‌ر لاوازییه‌ك له هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كدا و هه‌ر گەیشتن بە ئازادی، به‌ره‌وپێشچوون ده‌بێت به‌ره‌و ئه‌ناركیزم؛ هه‌رگیز نابێت داوا بكرێت، ده‌بێت بسێندرێت، هه‌رده‌م ده‌بێت له خه‌باتدا هێزی فره‌ترمان پێبدات؛ هه‌رده‌م ده‌بێت ببێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌ت وه‌ك دو‌ژمنێك له‌به‌ر چاو بگرین و هه‌رگیز ئاشتی له‌ته‌كدا نەكه‌ین؛ هەردەم پێویستە به باشی وه‌بیری خۆمانی بهێنێته‌وه، كه كه‌مبوونه‌وه‌ی زیانگه‌لێك كه میری هۆكاریانه، كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری و هێزه‌كانیشی ده‌گرێته‌وه، ئه‌م هه‌لومه‌رجه به‌ده‌ستهاتووه، ده‌بێت له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه دیاری بكرێت، كه میرایه‌تی ده‌كرێن نه‌ك ئه‌وانه‌ی میرایه‌تی ده‌كه‌ن. مه‌به‌ستی ئێمه له میری هه‌ركه‌سانێك یا هه‌ر گروپێك له كه‌سانێك لە ده‌وڵه‌ت و وڵات و كۆمه‌ڵگه یا كۆمه‌ڵه‌یەکدا، كه مافی ڕێكخستنی یاساكانیان هه‌یه و به‌سه‌ر كه‌سانی تردا ده‌یانسه‌پێنن، كه ئه‌و یاسایانه‌یان ناوێت.
تا كاتێك كه هێشتاكه نەمانتوانیبێت خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی له‌نێوبه‌رین، ناتوانین ئامرزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان بۆ كاری ئازادانه به‌كار به‌رین، له‌وانه‌یه هه‌رواش له بزاڤێکی سەرپێچکەرانەی داهاتووشدا نه‌توانین ئه‌م كاره ئه‌نجام بده‌ین. به‌ڵام ئه‌مە چ له ئێستا و چ داهاتوودا، نابێت له‌وە بمانگێڕێتەوە کە نه‌یاری به‌رده‌وامی سه‌رمایه‌داری یا هه‌ر شێوه‌یه‌كی تری سه‌ركه‌وتگه‌ری بین. هه‌روه‌ها هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك، هه‌رچه‌نده بچو‌وكیش بێت، كه له‌لایه‌ن كرێكارانه‌وه به‌سه‌ر به‌هره‌كێشانیاندا بسەپێت، هه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كی سوود، هه‌ر تۆزێك له سه‌رمایه كه له خاوه‌ندارانی تایبه‌تی ده‌سێندرێتتەوە و ده‌كه‌وێته به‌رده‌ست هه‌مووان، پێشكه‌وتن و هه‌نگاوێكه به‌ره‌وپێش به‌ره‌و ئه‌ناركیزم. هه‌رده‌م ده‌بێت له پێناو پەرەدان بە داخوازیییه‌كانی كرێكاران و توندكردنه‌وه‌ی خه‌باتیاندا بێت، هه‌رده‌م ده‌بێت به‌سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دوژمن‌دا بژمێردرێت، نه‌ك بەرتەرییەك (امتیازێك) كه بۆی سوپاسگوزار بین؛ هه‌رده‌م و تا ئه‌وێنده‌رێ كه له توانادا هه‌یه، ده‌بێت له بڕیاری خۆماندا بۆ سوودوه‌رگرتن له هێز پێ‌داگر بین، به‌و واتایه‌ی، كه خاوه‌ندارانی تایبه‌ت، بە پاڵپشتی دەوڵەت، دزییە له كرێكاران كراوە.
به له‌نێوچوونی مافی سوودوه‌رگرتن له هێز، ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ده‌كه‌ونه ده‌ست هه‌ركه‌سێك كه ده‌یه‌وێت كار بكات، ده‌بێت به‌رهه‌می پێگه‌یینی ئاشتیوازانه بێت.
ئه‌ناركیزم نەیدەتوانی ببێت، هەرگیز نەشدەبوو، ئه‌گه‌ر بۆ کەمایەتییەك نەبووایە، كه خوازیارنی و تەنیا له‌و شتانەدا دەیانەوێت، كه به‌بێ به‌شداری نائه‌ناركیسته‌كان ده‌توانن ئه‌نجامیان بده‌ن. ئه‌مه به پێی پێویست به‌و واتایه نییه، كه نموونەی باڵای ئه‌ناركیزم، كه‌مێك پیشكه‌وتنی بەخۆوە دیتووە یا نە، كه‌م كه‌م ئامانجه‌كانی بۆ مرۆڤه‌كان و له زۆر بواردا په‌ره‌ده‌سێنن تا كاتێك كه ته‌واوی مرۆڤایەتی و گشت لایه‌نه‌كانی ژیان ده‌گرێته‌وه.
به له‌ناوبردنی میرایەتی و هه‌موو ئەو ده‌زگه مه‌ترسیدارانەی لە ئارادان، كه به‌هێزه‌وه پارێزگاری له میرایەتی ده‌كه‌ن، به سه‌ركه‌وتنی ئازادی ته‌واو بۆ هه‌مووان و به هۆی كاری ڕێکخراوەوە، كه به‌بێ ئه‌و ئازادی، له درۆیه‌ك به‌ولاوتر نابێت و له كاتێكدا كه بۆ گه‌یشتن به‌م خاڵە له باری خه‌باتداین، مه‌به‌ستمان له‌ناوبردنی شتگه‌لێك نییه، كه كه‌م كه‌م سه‌رله‌نوێ بنیاتیان ده‌نێینەوە.
بۆ نموونه، له‌م كۆمه‌ڵگه‌ی هەنووکەییدا كاروباری وه‌ك ئاماده‌كردنی خواردن بوونی هه‌یه. ئه‌م كاره خراپ وبێسەروبەرانە، به‌فێڕۆدانی وزه و کاڵایەکی زۆر و به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سه‌رمایه‌داری ئه‌نجام ده‌درێت؛ به‌ڵام سەرەرای هەموو ئەمانە، ئێمه ده‌بێت خواردن بخۆین. بێواتایه، كه بمانه‌وێت سیسته‌می به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی خواردن له‌نێو به‌رین، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بتوانین كه به شتێكی باشتر و گونجاوتر جێگه‌ی بگرینه‌وه.
خزمه‌تگوزاری پۆستی لە ئارادایە. هه‌زاران ڕه‌خنه‌مان هەیە بۆ گرتن لێی، بەڵام له‌م ساته‌دا بۆ ناردنی نامەکانمان سوودی لێوه‌رده‌گرین و سه‌ره‌رای هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانی ناچارین سوودی لێورده‌گرین، تا كاتێك كه توانا‌مان هه‌بێت چاكسازی تێدا بكه‌ین یا به شتێكی تر جێی بگرینه‌وه.
فێرگه (قوتابخانە) لە ئارادان و هەن، به‌ڵام كاركردیان زۆر خراپه. سەرەرای ئەوەش، بۆمان نییه زارۆكه‌كانمان له نه‌زانیدا بهێڵینه‌وه و ڕێ فێربوونی خوێندنه‌وه و نووسین بگرین.
له‌م بارەدا، چاوه‌ڕوان ده‌بین و خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ سه‌رده‌مێك، كه بتوانین سیسته‌مێكی فێرگه‌یی نموونه بۆ چاكسازی ته‌واوی فێرگه‌كان ڕێك بخه‌ین.
لێرەوە ده‌توانین بینین، كه بۆ گه‌یشتن به ئه‌ناركیزم، هێزی مادی ته‌نیا هۆكارێك نییه بۆ شۆڕشکردن؛ بەلکو پێویسته كرێكارانی ڕێکخراو به لەبەرچاوگرتنی بەشە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان ، خۆیان بخه‌نه ڕێوشوێنێكه‌وه، كه توانای ڕێکخستنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان به‌بێ پێدویستبوون و كۆمه‌كی سه‌رمایه‌داران و میرایەتییەکانیان، هەیە.
هه‌روه‌ها ده‌بینین، كه ئامانجە ئه‌ناركیستییه‌كان، ئاوا کە “سۆشیالیسته زانستییه‌كان” پاگه‌نده‌ی بۆ دەکەن، لەتەك یاساكانی پێگه‌یین، بەو جۆرەی کە لەلایەن زانسته‌وه سه‌لمێندراون، له ناكۆكیدا نین؛ وێناکردنێکن له‌ته‌ك ئه‌و یاسایانه به ته‌واوی گونجاون و سیستمێكی ئه‌زموونگه‌ریین، كه له مه‌یدانی ده‌ركی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رهه‌م هاوتوون.
* وتاری بەرەو ئەنارکیزم لەلایەن ئێریکۆ مالا‌تێستا(١٨٥٣–١٩٣٢) یەکەم جار بە زمانی ئینگلیزی لە سەردەمێکی خامۆشیدا دەرکەوت! ئەم کورتە وتارە لەلایەن ئەنارکیستی شۆڕشگێڕی زیندانی کارل هارپ (Carl Harp 1949-1981 )ەوە پێشنیاری سەرلەنوێ چاپکردنەوەی لەم فۆرمەی ئێستادا کرا. یەکەمین چاپی لە ساڵی ١٩٨٢دا لەلایەن چاپەمەنی ( Black Cat Press, P.O. Box 11261, Edmonton, Alberta, Canada) دەرچوو.
**. ئەم پەرەگرافە لە وەرگێرانە فارسییەکەدا نەهاتووە و لە دەقە ئینگلیزییەکەوە وەرم گرتووە و ناچار سەرلەبەری وتارەکەم لەتەك دەقە ئینگلیزییەکەدا بەراورد کردووە. ( و.کوردی)
نووسینەکانی تری نووسەر:
http://dwardmac.pitzer.edu/anarchist_archives/malatesta/Malatestaarchive.html