هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی/ بەشی بیستوشهشهم
2- به‌ره‌و به‌رهه‌مهێنانی سیاسه‌تێکی ناوه‌کی و ده‌ره‌کی عه‌قڵانی
گوتاری نیشتمانپهروهرێتیو سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کاڵایه‌ک نییه هه‌ر رۆژه‌ی له بازارێکدا ساغبکرێته‌وه یا ته‌نها له کاتی ڕووداو‌و پێشهاته سیاسییه گه‌وره‌کاندا بیری سیاسه‌تمه‌داران بکه‌وێته‌وه. گوتاری نیشتمانپهروهرێتیو سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵگری پرنسیپی سیاسین، به‌شێکی گرنگن له شێوازی دهسهڵاتدارێتیو سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی. ل٩٣
سه‌ره‌تا پێویسته که‌مێك له واژه‌گه‌لی وه‌ك “عه‌قلانی” و نا “ناعه‌قڵانی” بکۆڵینه‌وه. ئه‌گه‌ر عه‌قڵانی بکه‌ینه کوردی ده‌بێته “ژیرانی، ژیرانه” و به‌واتایه‌کی دیکه “ئاوه‌زپه‌سه‌ندی” دێت. به‌ڵام له هه‌موو باره‌کاندا ناعه‌قڵانی بوونی نییه. ناعه‌قڵانی یه‌کێكه له کۆمه‌ڵە واژه‌یه‌ك، که به هه‌ڵه به‌کوردی کراون یا سه‌رچاوه و به‌کاربردنیان به‌و جۆره بۆ ده‌رکی ڕێڕه‌وی (مذهبی)یانه‌ی نووسه‌ره‌کانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه؛ له‌وانه “نامۆڕاڵی، بێمۆڕاڵی، نائه‌خلاقی، بێ ئه‌خڵاقی“، که له ڕاستیدا هه‌موو “ژیرانی“یه‌ك، “مۆڕاڵی“یه‌ك ده‌توانێت له ڕوانگه‌ی به‌رامبه‌ره‌وه “ناژیرانی” و “نامۆڕاڵی” ببینرێت و ده‌رك بکرێت. ئه‌وه‌ی کامه‌یان دروسته پرسێکی دیکه‌یه و پێویسته لۆجیك و ئاوه‌زپه‌سه‌ندی و بنه‌ما هاوبه‌شه‌کانی خواسته سروشتییه مرۆییه‌کان پاڵپشتی بکه‌ن. به‌ڵام له باری زمانه‌وانییه‌وه، ئه‌وه‌ی که له وه‌رگێڕانی واژهکاندا بۆ سه‌ر زمانی کوردی بووه‌ته هۆی هه‌ڵه لێکدانه‌وه‌یان، له‌لایه‌ك ئه‌وه‌یه که “بد“ی فارسی به “بێ“ی کوردی وه‌رگێردراوه، که وانییه و “بد” به واتای خراپ، ناجۆر، ناپه‌سه‌ند دێت، له لایه‌کی دیکه‌وه له‌ژێر کارایی ئاینن و زمانی عهرهیبیهوه، “لا” عه‌ره‌بی ده‌قاوده‌ق به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی هه‌ریه‌ك له‌و زمانانه، ده‌کرێته کوردی و به‌و جۆره چ له باری پۆزه‌تیڤ و چ له باری نیگه‌تیڤدا زمان ده‌سته‌مۆی بیرکردنه‌وه و تێڕوانینی په‌یڕه‌و (مذهب)گه‌رایانه ده‌بێت و نووسه‌ر دیارده‌کان به ڕه‌ش و سپی وێنا ده‌کات و خوێنه‌ری نائاگاش به هه‌مان شێوه ده‌یانگوازێته‌وه و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بنه‌وه.
به‌م جۆره ده‌بینین، که باڵه‌که‌ی دیکه‌ی بۆرجوازی، که فه‌رمانڕه‌وایه، به هه‌مان پاگه‌نده، وردهگیرانی خۆی تاوانبار به “ناژیرانی“بوون ده‌کات، به‌ڵام ڕاستی شهڕۊدهنووکی ئه‌م دوو باڵه هیچ په‌یوه‌ندی به مافی مرۆڤ و ئازادی و یه‌کسانی تاك و مۆڕاڵ و ژیرییه‌وه نییه.
ڕێك به پێچه‌وانه‌ی ده‌رك یا وانیشاندانی نووسه‌رانه‌وه، نیشتمانپه‌روه‌ری و ڕامیاری و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی، کاڵایه‌کی ته‌مه‌ن کورته و سه‌رهه‌ڵدانی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی تیئۆری ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ناسیونالیزم ئایدیلۆجیاکهیهتی و ده‌سه‌ڵات ناتوانێت شوناسی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، به‌ڵکو شوناسی چینایه‌تی بۆرجوازیانه‌ی هه‌یه، که چینێکی جیهانییه و مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازان و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له شاخه‌وه بۆ شار، له ئه‌شکه‌وته‌وه بۆ پارله‌مان، یه‌که‌مین و دواهه‌مین مامه‌ڵه‌ی نوێنه‌رانی ڕامیاریی بۆرجوازی نییه به نێوی نه‌ته‌وه و نیشتمان و هاووڵاتی و هاوخوێنی و زۆر شتی دیکهوە.
له‌وێوه که نه‌ته‌وه له چین و توێژی کۆمه‌ڵایه‌تی خواست و ئامانج جیاواز پێکدێت و هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی هاوبه‌ش نییه، که بتوانێت بۆرجوازی و کرێکار، سه‌روه‌ر و ژێرده‌ست پێکه‌وه کۆبکاته‌وه. ته‌نانه‌ت له شه‌ڕه خوێناوییه‌کانی ڕزگاری له داگیرکاریشدا، له‌و کاته‌دا که کۆڕان و کچانی کرێکار و جوتیار و زه‌حمه‌تکێش خۆیان بۆ ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری له سایه‌ی ده‌رپه‌ڕاندن و ڕاماڵینی هێزی داگیرگه‌ر و پاراستنی زمان و کو‌لتوور و پێکهاته‌کانی خۆیان به کوشتداوه، هه‌رده‌م سه‌رانی پارته‌کان و هێزه چه‌کداره‌کان له‌ته‌ك داگیرگه‌ران له سازش و مامه‌ڵه‌ی به‌رده‌وامدا بوون و ته‌نانه‌ت به‌ره‌ی هاوبه‌ش و پێشله‌شکری بۆ داگیرگهرانیش. وابزانم لێره‌دا پێویست به نموونه‌هێنانه‌وه ناکات و ئه‌زموونه‌کان له سه‌راپای جیهاندا به درێژایی دوو سه‌ده‌ی ڕابوردوو و له هه‌موو هه‌رێمه‌کانی کوردستانیشدا بینه‌ری جیاوازی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانین و ١٩ ساڵی ڕابوردووی ده‌سه‌ڵاتداری بۆرجوازی کورد، زیندووترین و ئاشکراترین نموونه‌یه.
ورده‌بۆرجوازی به به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌ییشتنی نوێنه‌رانی بۆرجوازی له باشووری کوردستاندا و ده‌رکه‌وتنی ده‌سته چینایه‌تییه‌که‌یان، ناچار به به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای ڕیفۆرمخوازییە، تاوه‌کو فریای ده‌سه‌ڵاتداران بکه‌ون و پێیانبڵێن “ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌م باره نه‌کرێت قوربانی یه‌که‌م خۆتان ده‌بن“!
به‌م جۆره ده‌بینین، که له به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه و سازشی بۆرجوازی به ویست و داخوازی و ئامانجی چین و توێژه سته‌مدیده‌کان، نیشتمانپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌په‌رستی که‌سانێك که نه‌یانتوانیوه له داوی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی ڕزگاریان ببێت و نه‌یانتوانیوه هۆکاری نه‌هاتنه‌دی خه‌ونه‌کانیان، وێرای ڕاپه‌ڕین و سه‌دان هه‌زار قوربانی و ده‌رپه‌ڕاندنی داگیرگه‌ر، ده‌رك بکه‌ن، نهتهوهچییهتییهکهیان سه‌ری له شۆڤێنیزم و نیشتنمانپهروهرییهکهیان سه‌ری له ڕاسیزمه‌وه ده‌رچووه. با خوێنه‌ران و نووسه‌ران سه‌رنجی هه‌ڵویستی ناسیونالیسته‌کان به‌رامبه‌ر که‌مه نه‌ته‌وه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و به‌رامبه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی که له ئه‌نجامی داگیرکاری ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی و به‌رهه‌ڵستی تێرۆریستانه‌ی هه‌ر ڕۆژه‌ی هێزه ناسیونالیسته عه‌ره‌به‌کان و ئیسلامییه‌کان، به‌ره‌و هه‌رێمی کوردستان ئاواره بوون و هه‌ر له هاوسێ ماڵهکانیانهوه تا ڕۆژنامه پارتیی و میریی و ئه‌هلییه‌کان پڕن له هاندان و هه‌ڵخڕاندنی ده‌مارگیری و هه‌ستی دژه‌مرۆییانه‌ی ناسیونالسیتی و ڕاسیستی و ته‌نانه‌ت ڕاسیزمی نۆزاد له کوردستان له ١٩ ساڵی ڕابوردوودا ئاواره‌کانی که‌رکووك و ئاواره و په‌نابه‌رانی خۆرهه‌لات و باکوور و خۆراوای کوردستانیشی نه‌بواردووه و دژایه‌تی و سوکایه‌تی پێکردوون و گرفته کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانیان بۆ بوونی ئه‌وان گێڕاوەتهوه!
نیشتمانپه‌روه‌ره‌کان و ناسیونالیسته‌کان سه‌ریان له شاگردی و پاشڕه‌وی و په‌یڕه‌وی بیر و ئایدیاکانی (هیتله‌ر و مۆسۆلۆنی و که‌مال ئه‌تاتورك و میشێل ئه‌فله‌ق و سه‌دام و حافیز ئه‌سه‌د)ه‌وه ده‌رده‌چێت و له باشترین باردا کاره ئهنجامنهدراوهکانی ئه‌وان ته‌واو ده‌که‌ن. چونکە هیچ کات بە شوێنگرتنەوەی قوربانی لە جێی سەرکوتگەر، هیچ لە کرۆکی نامرۆییانەی سەرکوت ناگۆڕێت. ئەگەر پاوانگەریی و تاڵانگەریی بۆرجوازی هاندەری داگیرکاری بێت، ئەوا بە هانابردنەوە بۆ هەمان سیستەمی بۆرجوازیی، هیچ لە چەوساوە مانەوەی تاکە داگیرکراوەکان لە سایەی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی سەرکەوتوودا ناگۆڕێت. بە هەمان شێوە کە تاکی ژێر سایەی ده‌سه‌ڵاتی داگیرگەر بە پشتیوانی لە مانەوەی داگیرکاری، مۆری کۆیلەتی لە چارەنووسی خۆی دەدات، بە هەمان شێوە تاکی خۆشباوەڕ و شوێنکەوتووی بۆرجوازی ده‌سه‌ڵاتخوازی بەرهەڵستکار، چەوسانەوەی خۆی درێژ دەکاتەوە و بندەستی خۆی لە بندەستی داگیرکارانەوە دەگوازێتەوە بۆ بندەستی تازە– بەدهسهڵاتگەییشتوان.
نووسەران تەنیا ئەوەیان ڕاست گوتووە، کە “گوتاری نیشتمانپه‌روه‌ری و ڕامیاری نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵگری پرنسیپی ڕامیارین و به‌شێکی گرنگن له شێوازی ده‌سه‌ڵاتداری و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی“. ئەمە تەنیا ڕاستگۆترین دەستەواژەی نووسەرانە لەمەڕ نەتەوەچییەتی، هەڵبەتە بە لادانی دێوجامەکە، کە پرنسیپلی ڕامیاریی هیچ کات پرنسیپلی نەگۆڕ و هەردەمی نین و ڕۆژگارێك هەبووە، کە لە ئارادا نەبوون و ڕۆژگارێکیش دێت، کە لە ئارادا نامێنن. هەروەها خودی تەمەنی گوتاری نیشتنمانپهروهری و ئەوەی ناویانناوە ڕامیاریی نەتەوەیی پێش سەرهەڵدانی خواستی دەوڵەتە بۆرجوازییە سەرتاسەرییەکان [وەك ئامرازی ڕێکخستنەوەی ده‌سه‌ڵات له بۆشایی نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی فیئۆدالەکان و پاراستنی لە دەستی بۆرجوا شارییەکاندا] بوونیان نەبووە و ئەو دەمارگیرییەی کە ئەوڕۆ بۆ نەتەوە هەیە، پێشتر بۆ خێڵ بووە و ئەگەر بەراوردی ئەورۆی ئەوروپا و کوردستان بکەین، بە ڕۆشنی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت، به‌و ڕادەیەی کە خۆگریدانەوەی تاك بۆ نەتەوە لە ئەوروپا کاڵبووەتەوە، بەو ڕادە (یا کەم و زیاد) لە کوردستان خۆگریدانەوە بۆ خیڵ کاڵبووەتەوە، پێچەوانەکەشی دروستە، بەو ڕادەیەی خۆگریدانەوەی تاك لە ئەوروپا بۆ نەتەوە ماوە، لە کوردستانیش خۆگرێدانەوەی تاك بۆ خێڵ ماوە.
ئەمەش هەم بەڵگەی پاشڕەوی کۆمەڵگە ژێردەستەکانە بۆ سەردەستەکانیان، هەم بەڵگەی دروستکراوی نەتەوە و ناسروشتبوونییەتی، هەروەها بەڵگەی کار و کاردانەوەییبوونی ناسیونالیزمە وەك بەرهەمی داگیرکاری وڵاتانی ئەوروپی، کە وای لە کۆمەڵگە داگیرکراوەکان کردووە، دهسهڵاتخوازانیان شوێنپێی دەوڵەتانی ناسیونالیستی داگیرگەر هەڵگرنەوە و هەم تاکی ناهوشیار لە بری تێگەیشتن و پەیبردن بە هۆکارەکانی داگیرکاری، کەوتووەتە لیتەی ڕکوکینەدۆزی ناسیونالیستانە بەرامبەر تاکی بێدەسەڵاتی وڵاتانی داگیرگەر. به‌و جۆرە کایەی پێگرتنی دەسەڵاتی بۆرجوازی وەك سیستەمێك لە پێگه‌یینی بەرهەڵستی ناسیونالسیتیدا به‌رامبه‌ر داگیرکاریی ناسیونالیستی، جیهانگیر بووە و کار و کاردانەوەکە سەروەری چینایەتییان بەهێزتر کردووە. به واتایه‌کی دیکه، دروستبوونی حه‌زی ده‌وڵه‌تی سه‌راپاگیر له وڵاتانی داگیرکراودا له چه‌شنی ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر، بووه‌ته تهواوگهری سیسته‌مه چینایهتیییهکه و هه‌ر وه‌ك توندوتیژی به‌رامبه‌ر توندوتیژی، توندوتیژی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، هه‌رواش داگیرکردنی کۆمه‌ڵگه‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاته سهراپاگیرهکانهوه، له خودی کۆمه‌ڵگه داگیرکراوه‌کاندا ده‌سه‌لاتی سه‌راپاگیری به‌رهه‌مهێناوه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌شه واده‌کات، که ڕه‌وتی ڕزگاربوونی وڵاته داگیرکاوه‌کان به ئازادی کۆمه‌ڵگه‌کان کۆتایی نه‌هیێت و خواسته و نه‌خواسته ببنه‌وه پاشکۆی ده‌سه‌ڵاته داگیرگهرهکان و به‌شێك له سیسته‌مه جیهانگیرهکه و ته‌نانه‌ت ببنه مه‌ترسی که‌مایه‌تییه‌کانی ژێرده‌ستی خۆیان.
ئاشکرایه سیسته‌می فیدراڵی ڕێگانادات کورد خاوه‌نی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بێت، ئه‌م کێشه‌یه‌ش خودی سیاسه‌تمه‌دارانی کورد له‌کاتی داڕشتنی ده‌ستووری کاتی عیراقدا بۆ کوردیان دروستکرد، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه که کورد خاوه‌نی هیچ به‌رنامه‌و ستراتیژێکی سیاسی ناوهکیو ده‌ره‌کی تایبه‌ت به‌خۆی نه‌بێت. ل٩٣
لێره‌دا پێویسته ئاوڕێك له ئایدیای فیدرالیزم و سیسته‌می فیدرالیستی (فیدرالیزم له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێکه‌وتنی ده‌سەڵاتداران) بده‌ینه‌وه. نووسه‌ران زۆر بێباکانه به دوو وشه به‌سه‌ر بیری فیدرالیستیدا تێده‌په‌ڕن و فیدرالیزم له ڕێکه‌وتنی پارته‌کان و هێزه خێڵه‌کی و ئایینه‌کانی عیراقدا کورت ده‌که‌نه‌وه و چه‌پ و ڕاستی به‌سه‌ردا ده‌هێنن.
فیدرالیزم وه‌ك هه‌موو چه‌مکێکی دیکه، ئاراسته و ئامانج و شێوازی جیاوازی له خۆگرتووه و پێش ئه‌وه‌ی له هیچ گۆشه‌یه‌کی ئه‌م دونیایه‌دا سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن، شێوه و وێنای سه‌روه‌رانه له فیدرالیزم به‌خۆوه بگرێت، فیدرالیزم شێواز و میکانیزمێك بووه بۆ خودموختاری که‌مینه‌کان و ناوچه‌کان له بەرامبه‌ر به سه‌راپاخوازی که‌نیسه و ئیپراتۆرهکان، له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ته ناسیونالیستهکانیشدا بیر و ئایدیای بزاڤه دژهدهولهت و دژهناوهندگهراکان بووه، که له هه‌ردوو باردا پێداگرتنه له‌سه‌ر ئازادی تاك و گروپ و که‌مینه و کۆمون و هه‌ره‌وه‌زییه ئازاده‌کان له به‌رامبه‌ر گشتگیری و سه‌راپاخوازی ده‌سه‌ڵاتداران و داگیرگه‌ران.
ئه‌گه‌ر به پێوانه به‌وانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌وه‌ی له عیراقدا به‌نێوی فیدرالیزمه‌وه له ئارادایه، بنوارین، ئه‌وا بریتی ده‌بێت له یه‌کگرتنی کۆمه‌ڵێك پارت و خێڵ و مه‌زهه‌ب وه‌ك دارده‌ستانی داگیرگه‌ران و پاسه‌وانی له به‌رژوه‌ندییه‌کانی کۆمپانییه جیهانلوشه‌کان، که تێیدا هیچ نه‌ته‌وه و که‌مایه‌تی و گروپێکی ئایینی و ناوچه‌یه‌ك ئازادانه و خۆویستانه و خۆخواستانە نه‌چووته پای ئه‌و یه‌کگرتنه بانهکییهی فیدرالیزمی ده‌وڵه‌تی. به واتایه‌کی دیکه، فیدرالیزمی ده‌وڵه‌تی جۆرێکه له سه‌رکوتی ویست و داخوازی ژێرده‌ستانی کۆمه‌ڵگه و که‌مایه‌تی و گروپه‌کان و سه‌رکوتی ئازادی و یه‌کسانی و دادپەروهری وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ یه‌کگرتنی ئازادانه‌ی تاکه‌کان و گروپه‌کان.
نووسه‌ران دێن و ئه‌م دێوجامه‌یه له فیدرالیزم ده‌که‌نه ئامراز و له‌وێوه ئایدیای ئازادیخوازانه‌ی فیدرالیزم ده‌ده‌نه به‌ر ڕه‌خنه و ڕه‌تده‌که‌نه‌وه. فیدرالیزم وه‌ك بنچینه‌ی ڕێکخستنی ئازادانه‌ی کۆمه‌ڵگه له خواڕه‌وه‌ڕا له سه‌ر بنه‌مای سه‌ربه‌ستی تاك و گروپه‌کان و یه‌کگرتنیان له‌سه‌ر ویست و خواستی خۆیان به ئامانجی پێکهێنانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئازادانه‌ی کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کگرتنی ئازادانه‌ی ئه‌نجومه‌ن و کۆمون و هه‌ره‌وه‌زییه‌کان پێشنیارکراوه، تاوه‌کو له پایه‌کانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سهراپاخواز و سه‌روه‌ری چینایه‌تی بده‌ن و که‌م بکه‌نه‌وه.
به‌ڵام هه‌روه‌ك دێمۆکراسی ڕاسته‌خۆ شێوێنراوه و له‌ته‌ك سه‌روه‌ری کۆمه‌لێك به‌سه‌ر کۆمه‌لێكی دیکه‌دا په‌یوه‌ستکراوه و شێوه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ناراستهخۆی پێ به‌خشراوه، هه‌روا فێدرالیزمیش تا ئاستی ڕێککه‌وتن و یه‌کگرتنی ده‌سه‌ڵاته سه‌روو خه‌ڵکییه‌کان کورتکراوه‌ته‌وه. سه‌د و ئه‌وه‌نده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نارکیسته‌کان ڕه‌خنه‌یان له‌و شێوه یه‌کگرتنه ڕواڵه‌تییه‌ی سه‌روه‌ری بۆرجواکان و فیدرالیزمێك که پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌گه‌ن، گرتووه تا ده‌گاته ئه‌و ڕێکه‌وتن و دێوجامه له فێدرالیزم، که به ئه‌ندازیاری هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی له عیراقدا پێكهێنراوه و سه‌پێنراوه.
نووسه‌ران له خۆشباوه‌ڕکردنی تاکی کورددا په‌یگیری له ناڕاستی وتن ده‌که‌ن و پاگه‌نده‌ی له توانادابوونی دوو ڕامیاری جیاوازی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌کاته ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، که نه داگیرگه‌ران و نه ده‌سه‌ڵاتداران و نه خودی نووسه‌رانیش خوازیاری نین و له به‌رژه‌وه‌ندییان نییه. هه‌روه‌ها ئه‌مه ده‌توانێت نووسینی سه‌ر لافیته‌یه‌کی پاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژرادن بێت، به‌ڵام ناتوانێت به‌شێکی په‌یگیرانه‌ی ناو به‌رنامه‌یه‌ك بێت. چونکه یه‌ك ده‌وڵه‌ت (به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تی عیراقی خاوه‌ن شوناسی عروبه‌یی)، واته یه‌ك ڕامیاری ناوخۆیی – ده‌ره‌وه‌یی و یه‌ك پلانی ئابووری و یه‌ك سیسته‌م. با بزانین له دونیای که‌تواریدا له فیدرالیزمه درۆینه‌کانی تریشدا که له‌وانه‌یه لای نووسەرانی کورد نموونه‌یه‌کی ئایدیال بن، ئایا هیچ هه‌رێمێك ڕامیاری ناوخۆیی و ده‌ره‌کیی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر نا، ده‌ی که‌واته ڕامیاری ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌یی هه‌رێمی کوردستانیش به‌شێك ده‌بێت له ڕامیاری ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌یی گشتی عیراق. ئه‌وه‌ی لای نووسه‌ران ژیرانییه یان نا، ئه‌وه‌یان پرسێكی تره و ئه‌گه‌ر خوازیاری گۆڕین و ژیرانهکردنی هه‌ریه‌ك له‌و دوو ڕامیارییهن، ئه‌وا ده‌بێت له ناوه‌نده‌وه هه‌وڵ بۆ گۆڕینی بده‌ن، نه‌ك له هه‌رێمه‌وه وه‌ك به‌شێك له ده‌وڵه‌تی عیراق [چونکه له‌سه‌ر بنه‌ماکانی سه‌روه‌ری بۆرجوازی و فیدرالیزمی بۆرجوازی، شته‌کان ته‌نیا له ناوه‌نده‌وه و له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتداران لە سەرەوە ده‌کرێت بگۆڕدرێن]. نه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌فسانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی له سایه‌ی بۆرجوازیدا، وڕێنه‌ی سه‌ربه‌خۆبوون و جیاوازبوونی ڕامیاری هه‌رێم له عیراق وه‌ك گشت و ناوه‌ند بکه‌ن!
دروستنکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان‌و بهدامودهزگایینهکردنی پێکهاته جیاجیاکانی‌و نه‌هێنانی بۆ ژێر بڕیاره‌کانی په‌رله‌مان، پێمانده‌ڵێت که حیزبه سیاسییه کوردییه‌کان له یه‌کێک له گرنگترین هه‌نگاوه‌کاندا بۆ دروستکردنی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی، تووشی نووچدانو فه‌شه‌ل بوون‌و ئیراده‌ی بنیادنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی سیاسی کوردستانیییان نییه. ل٩٤
لێره‌دا نامه‌وێت قسه له ئه‌فسانه‌بوونی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی نادروست ناونراوی سه‌روه‌ری بۆرجوازی به سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی بکه‌مه‌وه، ئه‌وه‌نده به‌سه بلێم “به‌بێ توانج!”. مه‌به‌ستی من له ئه‌فسانه‌ی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی له سایه‌ی سه‌روه‌ری بۆرجوازی و سه‌رده‌می جیهانگیری نیئۆلیبراڵیزمدا، ئه‌وه نییه ڕزگاربوون و ئازادی و ئۆتۆنۆمی تاك و گروپ و نه‌ته‌وه‌کان به ناکه‌تواری بچوێنم، ته‌نیا مه‌به‌ستم نیشاندانی دووری و پێچه‌وانه‌بوون و دژبهیهكبوونی ئازادی، یه‌کسانی، دادپه‌روه‌ری وه‌ک خواستی تاك و گروپ و نه‌ته‌وه‌کان له‌ته‌ك سه‌روه‌ری بۆرجوازییه. چونکه ئه‌وان پێیانوایه که‌سانێك ده‌توانن ئه‌و ئه‌فسانه‌یه بکه‌نه که‌توار!
کاتێك کە سەروەری و دەسەڵاتی نەتەوەیی لە ناوەڕۆکدا سەروەری و دەسەڵاتی بۆرجوازی بن، ئیتر هێز و سوپای نەتەوەیی خۆبەخۆ دەبنە کوتەکی دەستی ئەو دەسەڵات و سەروەرییە چینایەتییە بۆ سەرکوتی تاکەکانی هەمان نەتەوە. لێرەوە ئەو هێزە دەزگایی بێت یا نا، میلیشیای پارتیی بێت یا گاردی کۆماری، هیچ لە سەرکوتگەربوونی ناگۆڕێت. ئەگەر ڕۆژگارێك ڕۆڵەی کرێکار و زەحمەتکێش بۆ ڕزگاربوون لە داگیرگەر و خۆشباوەڕی بە سەربەخۆیی نەتەوەیی و هاوبەشیی و یەکسانی هەموو ئەندامانی نەتەوە خۆیان فیدا کردبیت و ئامادە بووبن بۆ پاراستنی مناڵێك لە ئەنفالگەران و کێڵگە و ماڵی جوتیارێك لە نۆکەرانی بەعس گیانیان بەخت بکەن، ئەوا ئەمڕۆ چیتر چەکدارانی دەسەڵات، ئەوانە هیچ ئامانج و پێناویان نین، بەڵکو لەسەر فەرمانی پارتەکەیان و میرایەتی بۆرجوازی هەرێم ئامادەن تەقە لە خۆپیشاندەران و کرێکارانی مانگرتوو و خەڵکی ناڕازی بکەن و وەك بەعسییە نۆکەرەکانی پێش خۆیان، چالاکڤانانی ئازادیخواز تیرۆر یا لە زیندانەکاندا بەند بکەن!