سه‌لام عارف
هه‌مووان ئه‌وه ده‌زانین که دوای پرۆسه‌ی داگیرکردنی عێراق، به‌زمی فیدریالییه‌ت کرایه گه‌مه‌یه‌کی سیاسیی باو، سه‌روه‌ره سیاسییه‌کانی کورد و عه‌ره‌ب به چاودێریی که‌له‌پاچکه‌رانی گه‌لانی دنیا (ئه‌مریکا–ئینگلتەرا)، بە دزیی گه‌لانی عێراقه‌وه، له هۆڵه داخراوه‌کاندا که‌وتنه مشتومڕی دامه‌زراندنی حوکمڕانییه‌کی فیدریالی!! به واته‌یه‌کی تر، دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و سامانه کۆمه‌ڵایه‌تی و سروشتییه‌کان. دواتر بۆ به‌یاساکردنی ئەو فیدرالییەتە هه‌ندێ لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌شکراوه‌ی دژه‌چاره‌نووسیی ناقۆڵایان خسته به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێکی کوێره‌خوێنه‌وار تا به ئازادی!!! ده‌نگی پێبده‌ن. کاتی ده‌نگدان به‌و شه‌پڵاخه‌یه، له سه‌دا هه‌شتای ده‌نگده‌ران نه ده‌یانزانی فیدرالییه‌ت مانای چییە! نه له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی خۆیاندا هه‌ستیان به بوونی ئه‌و ده‌عبایه ده‌کرد! گه‌لانی عێراق به درێژایی چه‌نده‌ها سه‌ده‌ی پێکه‌وه‌ژیانیان ئه‌وه له‌ناویاندا ڕووی نه‌دابوو، که هه‌ر هیچ نه‌بێت چه‌ند سه‌د هه‌زارێك جووتبوونی ڕه‌گه‌زی –ئایینی–کولتوری– له‌ناویاندا دروست ببێت، له‌به‌ر ئه‌وه چه‌ند سه‌د هه‌زارێك به‌چه‌ی جووتڕه‌گه‌ز و جووتمه‌زه‌ب و جووتکولتوور نه‌ده‌بینرا، تا ئه‌مڕۆش ئه‌و حاڵه‌ته وه‌هایه و له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆش وه‌ك دوێنێ و پێرێ بڤه و شه‌رمه‌زاری بێت. ئه‌وه له بواری به‌شێك له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا. له به‌شێکی گرنگ و هه‌ستیاری تری‌دا که که‌رته ئابوورییه‌که‌یه، نه‌ك دوێنی و پێرێ بگره ئه‌مڕۆی دوای شه‌پڵاخه‌که‌ش له هیچ بوارێکی ئابووریی به‌رهه‌مهێنانێکدا –کارگه، کێڵگه، دوکان و بازاڕ– نیمچهههرهوهزییهك نابینرێت. ئه‌ی که‌وایه، ئه‌و فیدرالییەتە له‌سه‌ر چ سه‌کۆ و ژێرخانێك دروست کراوه؟ ژێرخانی فیدرالییه‌ته سه‌پێنراوه‌که‌ی ئه‌وان! فیدرالییه‌ت، یا باشتر بڵێین یه‌کگرتنی سه‌روه‌ر و ئاغا بیرۆکراته سیاسییه ده‌رامه‌تده‌ره‌کان، فیدرالییەتێکی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وەی (فیدرالیزمی ده‌وڵه‌تی)ی فه‌رزکراوه و هیچ بناغه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ڕه‌وشتی و وره‌ی ئازادیخوازانه‌ی جه‌ماوه‌ری پێوه دیار نییه. واته له‌سه‌ر به‌رمیلێك بارووت چیچکه‌ی کردووه، هاکا وێنه‌ی فیدرالییه‌ته‌که‌ی یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت و به‌لجیکا هه‌ره‌سی هێنا. هه‌ر یه‌ککه‌وتنێك له خواره‌وه بۆ سه‌رەوه(له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کگرتنی ئازادانه‌ی کۆمیونیتی و شار و ناوچه و هه‌رێمه‌کان.. تد) نه‌بێت، بناغه‌ی په‌ڕپووته و مایه‌پووچبوونی ئاسان.
پارادۆکسێکی تری ئه‌و فیدرالییه‌ته‌ی ئه‌وانی سه‌روه‌ر، ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی هه‌ڵیاندووری، هه‌ر ئه‌وانه‌ن که له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو به دواوه جه‌ماوه‌ریان به ڕقوکینه‌ی دووبه‌رەکی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی گۆش ده‌کرد، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌ره کوردییەکه هه‌ر ئه‌وانه نین که دروشمی: “ئێمه کوردین کوردمان ده‌وێ، عه‌ره‌ب حیزه و نامانه‌وێ.”، و ئه‌وانه‌ی به‌ره عه‌ره‌بزمانه‌کانیش هەر ئه‌وانه نین که ده‌یانگوت: “کورده‌کان کێوی و غه‌یره‌دین و کافر و زه‌رده‌شتین و کوشتاریان فه‌توای نه‌گه‌ره‌که، ئه‌وه‌ی بیانکوژێت ده‌ستی سه‌وز ده‌بێت.”! به‌پێی ئه‌و پرانسیپه‌یان پشتگیریی جه‌نه‌راڵه سه‌ربازییه‌کانی حکوومه‌تی ناوه‌ندیان ده‌کرد هه‌ر له سه‌رده‌می جه‌نه‌راڵی مرۆکوژ؛ قاسمه‌وه تا سه‌دام.
که‌سێك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره بڵێت: “نەفرەت له فیدرالییه‌ته‌که‌ی ئه‌وان، یه‌کێتیی ڕاووڕووتکه‌رانی بیرۆکراته سه‌روه‌ره ته‌قه‌که‌ره‌کان!”