هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی/ بەشی بیستودووه‌م
٢– نه‌وت و ده‌سه‌ڵات
په‌نجا ساڵی ڕابردوو نیشانیداین ئابووری نه‌وت ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌و ترسناک به هێزه سیاسییه بالاده‌سته‌کان ببهخشێتو له‌به‌رامبه‌ریدا ده‌سه‌ڵاتی خهڵکو کۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌کی ترسناک لاوازبکات. ل٧٣
ئه‌وه‌ی سروشتێکی دیکتاتۆری به ڕژێمی وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت یا ڕاستر بڵێین پاسه‌وانانی بیره‌نه‌وت دەبەخشێت، پێداویستی دابینکردنی وزەی هەرزان و زۆروزەبەندە بۆ وڵاتانی زلهێزی خاوه‌ن پیشه‌سازی ئۆتۆمهبێلسازیی و لەو بارەوەش جه‌نگه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو بە جه‌نگی ئۆتۆمه‌بێڵ ناسراون و بیره‌نه‌وته‌کان شاده‌ماری درێژهپهیداکردن و په‌ره‌سه‌ندنی ئۆتۆمه‌بێلسازی و داگیرکاری جیهانن له‌و پێناوه‌دا[٧]. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی جه‌نگه جیهانی و ناوچه‌ییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو بده‌ین، ده‌بینین، که جه‌نگی پاوانخوازی پیشەسازی و داگیرکردنی سەرچاوەی وزە و بازارەکان بوون و دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان بۆ مسۆگەری بەرژەوەندییەکانیان بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیان لە کودەتا سەربازیی و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان کردووە. کاتێك که وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوو بۆ درێژه‌دان به چەپاوڵگەرییەکانیان پێویستی بێچهندوچوونیان به‌م خوێنه هه‌بێت، ئیتر ئاساییه، که کۆمه‌لێك چه‌قۆکێشی وەك به‌عسییەکان له کوده‌تایه‌کی سه‌ربازیدا سواری ملی خه‌ڵك بکه‌ن یا چه‌ند سەرۆکخێڵێك بکەنە پاسه‌وانی بیره‌نه‌وته‌کانی که‌نداوی عه‌ره‌بی–فارسی. ئالێره‌وه‌یه، که نه‌وت ده‌بێتە به‌خشه‌ری ئه‌و هێز و توانایه. ڕاسته نه‌وت ئاڵتوونی ڕه‌شه و توانابهخشه، به‌ڵام ئه‌وه نه‌وت نییه، که ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانە دەکاتە دیکتاتۆر یا وڵاتانی نه‌وتدار ده‌کاته پاشکۆی وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکەوتوو و کشتوکاڵ و پیشه‌سازی ناوخۆیان لاواز ده‌کات، به‌ڵکو ئەوە پێداویستی سیسته‌مه جیهانییه‌که‌یه، که باکوور و باشوور، جیهان به‌سه‌ر زلهێز و سه‌رله‌شکر و لاواز و پاسه‌واندا دابه‌ش ده‌کات و دەیانکاتە دیکتاتۆر. ئه‌گه‌ر عیراق و کوردستان نه‌وتیشیان نه‌بووایه، هیچ کات نه‌یانده‌توانی ببنه وڵاتانی پشتبه‌خۆبه‌ستوو و دارای ئابووری سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه ده‌چوونه ڕیزی ئه‌و وڵاتانه‌وه که نه‌وتیان نییه و هه‌ژارن و هاوکات وەك ئێستای عیراقیش پاشکۆن!
وەك پێشتر وتم، ئەوەی کە پێی دەوترێت دێمۆکراسی یا کراوەیی ڕامیاریی بەرهەمی نەبوونی نەوت یا بەرهەمی خێرخوازیی دەوڵەتمەندان نەبووه و نییه و ناشبێت، بەڵکو بەرهەمی خەبات و هوشیاربوونەوەی خەڵکن بە ماف و ویست و ڕێوشوێنیان. ئەگینا ئێستاشی له‌ته‌کدا بێت، له ئه‌مه‌ریکای سه‌رله‌شکری دێمۆکراسی بۆرجوازیدا ڕه‌شپێست و سوورپێسته‌کان ڕێوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و ڕامیاریی پلهچهندیان هه‌یه. ئێستاشی له‌ته‌کدا بێت نه‌ته‌وه‌کانی وه‌ك سکۆت و باسك و ..تد هەر وه‌ك سه‌د ساڵی پێشوو هێشتا له ژێر سایه‌ی بالاده‌ستی بۆرجوازی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه هه‌ر وه‌ك سه‌رده‌می سه‌روه‌ری ئیمپراتۆرییه‌کان مافی به‌کاربردنی ویستی خۆیان نییه. ئێستاشی له‌ته‌کدا بێت هێشتاکه وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌فریکا و ئاسیا و ئه‌مه‌ریکای لاتین به‌جۆرێك به‌ستراونه‌ته‌وه به وڵاتانی داگیرکاریانهوه[٨]. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی خاوەنپیشەسازی ئۆتۆمەبێل پاشەکەوتی نەوتی خۆیان بۆ ڕۆژی تەنگانە بپاریزن، وڵاتانی خاوەننەوتی تری نازلهێز ناچار بە پاشکۆیی و بەتاڵاندنی سامانی نەوتییان دەکەن، وەها مامەڵە و دەستتێوەردانێك پێویستی بە چەکمەی ئاسنین هه‌یه بۆ ڕاگرتنی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه له‌ژێر چه‌پۆکیی ئابووریی و ڕامیاریی و پاشکۆیی بازاریان وه‌ك شێوازی داگیرکاری سه‌رده‌می جیهانگیری نیئۆلیبراڵیزم و له هه‌ر شوێنێکیش پێویست بێت، ئه‌وا له‌شکرکێشی له چه‌شنی ئه‌وه‌ی بۆ سه‌ر یوگوسلافیا و ئه‌فگانستان و عیراق به بڕیاره‌کانی پشتبهردهی کۆمپانیا جیهانلوشه‌کان و پهسهرندکردن و ڕوایهتپێدانی له ڕێگه‌ی (UN) و ڕه‌وایه‌تیدان به کوشتوبڕی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه لەژێر پاساو و بیانووی فریوده‌رانه‌وه، چه‌ندباره ده‌بێته‌وه[٩].
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین ئه‌م هۆکارانه‌ن، که دیکتاتۆری له‌و وڵاتانه‌دا به‌هێز ده‌که‌ن و ڕایده‌گرن. باشترین نموونه‌ش زه‌مینه‌سازی کوده‌تای ١٩٦٣ی به‌عسییه‌کانه به‌سه‌ر قاسمییهکاندا و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا به‌رامبه‌ر پرسی کورد له ساڵی ١٩٧٥دا، کە بۆ ئەوان گرنگ مسۆگەریی نەوتەکە بوو، نەك مافی خەڵکی عیراق و سەربەخۆیی کوردان. ئه‌وه نه‌وت نه‌بوو، که کوده‌تا سه‌ربازییه‌کانی له خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاست (عیراق، ئێران، ئه‌فگانستان)، ئاسیای خۆرهه‌ڵاتی و باشوور، له ئه‌مه‌ریکای لاتین و ئه‌فریکا دروست و مه‌یسه‌ر کرد، ئه‌وه نه‌وت نه‌بوو که بووه هۆی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی میلیتاسیستی میرییه کودهتاییهکانی ئه‌و وڵاتانه، به‌ڵکو ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریی و ڕامیاریی ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکی و ڕوسی و وڵاتانی ئه‌وروپی بوو، که نه‌خشه‌کێش و هانده‌ر و ڕاهێنه‌ری ڕۆلدارانی ئه‌و کوده‌تایانه بوون!
ڕاستە بوونی نەوت بووە بە هۆکارێك بۆ پشتیوانی دەوڵەتە ئیمپرالییەکان لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، بەڵام بەو جۆرە نا، کە نووسەران نایانەوێت بەهیچ شێوەیەك خۆیان لە بنج و بنەوانی پرسەکان بدەن و تەنیا ڕواڵەتییانە تا ئەوێندەرێ کە زیانی بۆ پەزەکانیان نییە، باسییان لێوەدەکەن. باسکردن لە ڕۆڵی نەوت لە هێزداری ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا، بەبێ بنکۆڵی پرسەکە و دوان لە بەرژەوەندی کڕیاران و تاڵانگەرانی نەوت لە مانەوەی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرانەدا، ناتوانێت بەرهەمهێنەری ڕامیارییەکی دژە دیکتاتۆری بێت. چونکە ئەگەر پێداویستی ژیانیی پیسەسازی ئۆتۆمەبیلسازی و چەکسازی و … تد نەبووایە، ئەوا هەنووکەش لە جێی شارە ئاوەدان و بالاخانە هەورخورێن و هوتێلە پینج ئەستێرەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کۆمەڵێك ڕەشماڵی خێڵە کۆچەرەکان دیار دەبوون.
له نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌رێمدا هه‌ر هه‌شت هه‌زار کهسو یه‌ک قه‌ره‌وێڵه‌یان به‌رده‌که‌وێت، له‌کاتێکدا له زۆربه‌ی وڵاتانی دراوسێکدا بۆ هه‌ر دوو یا سێ هه‌زار که‌س، قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ک هه‌یه. له زۆر شوێنی کوردستاندا قوتابخانه نییه یا که‌مه‌و به‌شیکی زۆری ئه‌و قوتابخانانه‌ش که هه‌ن، سێ ده‌وامیان تیڏادهکریتو پۆله‌کانی خوێندن سیخناخن به‌ژماره‌یه‌کی زۆر له قوتابیان. ل٧٧– ٧٨
نووسه‌ران له بری ڕه‌خنه له سیسته‌می ته‌ندروستی و نه‌بوونی بیمه‌ی ده‌رمانی و زۆربوونی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی و وێرانی نه‌خۆشخانه گشتییه‌کان یا ده‌وڵه‌تییه‌کان، دێن و له کلك و پۆپه‌وه ڕه‌خنه له که‌می قه‌ره‌وێڵه ده‌گرن. هه‌روه‌ها له بری ڕه‌خنه له سیسته‌می ئۆتۆریتییانهی په‌روه‌رده و خوێندن، که به‌ڕاده‌یه‌ك نائازادانهیه، هێشتاکه له کوردستان جیاوازی په‌یمانگه‌ی مامۆستایان و په‌یمانگه‌ی پۆلیس نییه و مامۆستای بێکار ده‌توانێت ببێته پاسه‌وانی زیندان و له‌سێداره‌دان و له به‌رامبه‌ریشدا پۆلیس و ئەشکەنەدەر ده‌توانن وانه‌کانی ئۆتۆریتهگهری سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی کوردستان بڵێنه‌وه. ته‌نیا جیاوازی ئه‌وه‌یه، که له زیندانه‌کانی هه‌رێم و عیراقدا زیندانیان له سێداره ده‌درێن، به‌ڵام له فێرگه‌کاندا خوێندکاران خۆیان ده‌سوتێنن. ئه‌گه‌ر هه‌موو گه‌ڕه‌کێك خوێندنهگهیهکی تێدا بێت، هیشتا هیچ له‌وه ناگۆڕێت که سیسته‌می په‌روه‌رده و فێرکاری هه‌رێم پۆلیسیانهیه و هێشتاکه پابه‌ندی یاسا و ڕێساکانی به‌عسه و فێرگه‌کان بارهێنه‌ر و پهروهردهگهری مرۆڤی ئازادڕه‌و و ئازادیخواز نیین، به‌ڵکو نوێگه‌ره‌وه و پهروهردهگهری مرۆڤی ملکه‌چ و شهلاقوهشێن و پاشڕهون!
گرفته‌که له‌وه‌دا نییه، چه‌ندایه‌تی مامۆستا و فێرگه بگۆڕیت، به‌ڵکو له چۆنایه‌تی په‌روه‌رده و وانه وتنهوهدایه، له جیاوازی و سه‌رهه‌ڵدانی فێرگه‌ی تایبه‌ت و سیسته‌می نمره و هیراشییانهی په‌روه‌رده‌یه. له‌و سیسته‌مه‌دا خوێندکار به‌رکاره (ئۆبجێکت)، نه‌ك بکه‌ر (سه‌بجێکت). چاره‌سه‌ر ئاوه‌ڵاکردنی ده‌رگه‌کانی خوێندنی ئاره‌زوومه‌ندانه و کۆتاییهینان به په‌یوه‌ندی خودا و به‌نده‌یی مامۆستا و خوێندکاره، له‌وێدا که خوێندن و په‌روه‌رد ده‌بنه ئامرازی ڕاهاتن و په‌روه‌رده‌ی مرۆڤی ئازاد، دەبنە ئامرزای کۆتایی به بنه‌ماکانی ملکه‌چی خوێندگه‌کان بۆ سه‌رووی خۆیان. هەوەها چارەسەر لەوەدایە کە چیتر ئامانج له ئاماده‌کردنی ده‌رچووانی خوێندنگه‌کان، به‌ڕێکردنی له‌شکری کرێکار و فه‌رمانبه‌ر و تاکی گوێڕایه‌ڵ و ملهکچ بۆ سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵات نەبێت!
گه‌ر که‌رتی تایبه‌تیش له پیشه‌سازیی نه‌وتدا به‌شداریکرد، ئه‌وا ده‌بێت به‌رده‌وام بڕی سه‌همی ده‌وڵه‌ت له پڕۆژه هاوبه‌شه‌کاندا له بڕی که‌رتی تایبه‌ت گه‌وره‌تربێت. پاره‌ی نه‌وت ده‌بێت بخرێته‌گه‌ڕ بۆ به‌هێزکردنی ئابووری کوردستان به‌گشتی له ڕێگای خستنهگهرێ ئه‌و داهاته له بواری گه‌شه‌دان بهکشتوکاڵو پیشه‌سازی بچوک‌و مامناوه‌ندی که هه‌لی کارکردن زیاده‌که‌ن، ل٧٩
وه‌ك پێشتر ده‌ستنیشانم کرد، یا ئه‌وه‌تا نووسه‌ران ده‌رکێکی ڕۆشنیان له ڕامیاری ئابووری بازارئازادی نیئۆلیبراڵیزم نییه، که ئامانجی یه‌که‌می ده‌ستکۆتاکردنی ده‌سه‌ڵاته هه‌رێمییه‌کانه له ئاستی سه‌رمایه‌گوزاری و ده‌ستتێوه‌ردانی کۆمپانیا جیهانلوشه‌کان و تایبه‌تیکردنه‌وه‌ی بانکه ده‌وڵه‌تییه‌کان و که‌رته پیشه‌سازییه ده‌وڵه‌تییه‌کان، یا ئه‌وه‌تا ئه‌و دروشمه بێبنه‌مایانه له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی و نوێنه‌رایه‌تی پارله‌مانیدا ته‌نیا وه‌ك پاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌لاڕێدابردنی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕیز دەکەن. ئه‌وان ده‌زانن و خۆیان له‌وه گێل ده‌که‌ن، که گێڕانه‌وه‌ی ڕۆڵی زیاد بۆ ئابووری ده‌وڵه‌تیی و به‌رنامه‌ڕێژ، پێچەوانه سه‌وڵلێدانه به ئاراسته‌ی جیهانگیری نیئۆلیبراڵیزم. ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکی شاره‌زوور و بازیان ساخکه‌ره‌وه‌ی خه‌یار و ته‌ماته‌ی تورکیه و وڵاتانی ترن، ئه‌وه‌ی که شاره‌کان سیخناخن له پۆشاکی ناته‌ندروستی نایلۆنی پاکستان و چین، ئه‌وه‌ی که کوردستان بووه‌ته بازاری ساخکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می بێکه‌ڵك و به‌سه‌رچوو (ئێکسپایه‌ر)ی تورکیە و ئێران، ئاسایی‌ترین دیارده‌ی بوون به به‌شێکی بازاری کوردستانه له سیسته‌مه‌که‌ی نیئۆلیبراڵیزم. ١٨ ساڵه کوردستان ته‌نیا له ڕووی ڕامیاری و سه‌ربازییه‌وه داگیرکراوی داواکارییه ڕامیاریی و سه‌ربازییه‌کانی تورکیه و ئێران و وڵاتانی دیکه نه‌بووه، به‌ڵکو مه‌یدانی ته‌ڕاتێنی سه‌رمایه‌گوزارانی ئه‌و وڵاتانه‌ش بووه و له داگیرکاریی سه‌ربازیانه‌ی به‌عسه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ داگیرکاریی ئابووریی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که و ئیمپریالیزم.
نووسەران لە مۆدێلی به‌ڕێوه‌به‌رایەتی (سەرخان)ی کۆمەڵدا، خوازیاری دێمۆکراتی نوێنەرایەتین و تەواوی هەوڵیشیان بۆ پەسەندانی ئەم سەرخانەیە لای خەڵکی و خۆشباوەڕکردنی تاکی ناڕازی کۆمەڵگە بە ئازادی کەتواریی و یەکسانی هەمەلایەنە و دادپەروەی کۆمەلایەتی و دێمۆکراسی ڕاسته‌قینه لە سایەی ئەو سیستەمەدا کە لە ئەوروپا و ئەمەریکا باڵادەستە. بۆیە پاگەندەی فرەتر ڕۆڵبەخشین بە دەوڵەت لە کەرتی نەوت و بەرنامەڕێزژی کە پێستر هاتووە، ناکرێت پەیگیرانە لێیان وەربگیرێت و بڕوا و متمانەی پێببەخشرێت. چونکە پابەندبوون بە سیستەمی به‌ڕێوه‌به‌رایەتی نیئۆلیبراڵیستی، دەستئاوەڵاکردنی کۆمپانییە جهیانلووشەکانه لە تاڵان‌کردنی سامان و داهاتی کۆمەڵگەکاندا و مەرجی سەرەتاییەتی. ئەگەر کەسێکیش خوازیاری ئابووری بەرنامەڕێژ و ناوەندیی و کۆنترۆڵکراوی دەوڵەت بێت، ئەوا دەبێت بگەرێتەوە بۆ سەر مۆدێلە سەرخانییەکەی ڕوسیەی جاران (بۆڵشه‌ڤیکی) و ڕژێمی بەعس و لە باشترین باردا ڕژێمەکەی ئێستای کوبا و ڤێنزەویلا. هەڵبەتە ئەوەشمان لەبیر نەجێت، کە هەردەم ڕێگەی سێیەم لەبەردەم بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا هه‌بووه و هەیە، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و دێمۆکراتی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەلگەکان و یه‌کگرتنه‌وه‌یان له سه‌ر بنه‌مای فێدرالیزمی ئازاد و ناده‌وڵه‌تی بە پشتبەستن بە هەرەوەزییە ئابووریی و کێڵگە و کارخانە و فەرمانگە و خوێندگە و هاوبەشییەکان. ئەم مۆدێلەی کۆتایی تەنیا بۆ خوێنەرە و من لەوە دڵنیام کە بە کەڵکی دەستەبژێری ڕامکار و “ڕۆشنبیر” نایێت!
له‌ڕاستیدا کوردستان پێویستی به بوونی دوو ده‌زگا هه‌یه. یه‌کێکیان ده‌زگایه‌ک بێت زیاده‌ی داهاتی نه‌وتی تێداهه‌ڵبگیرێت به‌تایبه‌تی له‌کاتێکدا نرخی نه‌وت به‌رزه‌بێته‌وه ئه‌م زیاده‌یه‌ش له بواری گه‌شه‌دانی گشتی به‌ژێرخانی ئابووریدا سه‌رفبکرێت. ل٧٩
نووسه‌ران به په‌رده‌پۆشکردنی داگیرکراویی هه‌رێمی کوردستان و عیراق له‌لایه‌ن کۆمپانییه جیهانلوشه‌کان و ناوه‌نده بڕیارده‌ره‌کانی جیهان، ده‌که‌ونه ڕیزکردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی خه‌وناوی و وێناکردنی جیهانی سه‌رمایه‌داری به جیهانێکی ئازاد و پێکهاتوو له کۆمه‌ڵێك یه‌که‌ی سه‌ربه‌ست، که هه‌ر وڵاتێك تێیدا ئازادانه بڕیار ده‌دات و له ڕێکه‌وتن و بڕیاره خۆییه‌کانیدا سه‌ربه‌خۆیی خۆی ده‌پارێزێت. بە بڕوای من وه‌ها هه‌رێم و وڵاتانێكی سه‌ربه‌خۆ له سایه‌ی جیهانگیری نیئۆلیبراڵیزمدا چیتر مه‌گه‌ر له ئهفسانهبافی ئه‌م نووسه‌رانه‌دا بوونیان هه‌بێت.
نووسه‌ران سیسته‌مێکی بانکی مۆدێرن، پێشنیار ده‌که‌ن، که ئه‌گه‌ر زۆر دوور نه‌ڕۆین، ده‌توانین سه‌رنجی تورکیه‌ی دراوسێ بده‌ین، که له دوامانگهکانی ١٩٩٧ و ١٩٩٨دا بۆ ئه‌وه‌ی پاش قه‌یرانە ئابوورییه‌که‌ی، سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانکی جیهانی قه‌رزی بده‌نێ، به‌سه‌ریاندا سه‌پاند، که ده‌بێت بانکه‌کانی تایبه‌تی بکاته‌وه و کۆتایی به سیسته‌می بانکی ده‌وڵه‌تی بهێنێت و ده‌رگه‌ی پارله‌مان به ڕووی مه‌رجه‌کانی ئه‌و ناوه‌ندانه‌دا ئاوه‌ڵا بکات. هه‌روه‌ها سیسته‌می بانکیی له‌وه‌ته‌ی هه‌یه بۆرجوازییانهیه و ته‌نیا شتێك که گۆرانی به‌سه‌ردا هاتووه، تایبه‌تیکردنه‌وه یا بوونه به‌ش له بانکه جیهانییه‌کان و ده‌ستکۆتاکردنی ده‌وڵه‌ته‌کان تیایاندا گۆڕاوه. ڕێك پێچه‌وانه‌ی خواست و پاگه‌نده‌که‌ی نووسه‌ران، که وانیشانده‌ده‌ن، سیسته‌می بانکی ده‌وڵه‌تییان ده‌وێت، ئه‌وه‌ی که نێوی ده‌نێن “ده‌زگایه‌ک بێت زیاده‌ی داهاتی نه‌وتی تێداهه‌ڵبگیرێت“، سیسته‌می بانکیی مۆدێرن، چیتر ده‌وڵه‌تی نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه تا ئه‌و شوێنه‌ی که نیئۆلیبرالیزم توانیبێتی بازاره‌کان داگیربکات و پارله‌مانی وڵاتان بکاته خانی له‌شکره‌کانی، ئه‌وا یه‌ك سیسته‌م سه‌روه‌ره، ئه‌ویش سیسته‌می بانکی تایبه‌تییه!
ئینجا نازانم سه‌ربه‌خۆیی ڕامیاریی که بڕیارده‌ری وه‌ها پڕۆژه‌گه‌لێك بێت، له سایه‌ی پاشکۆیی ئابووریی به هۆی قه‌رزه‌کان و میوانداری لهشکرکێشییهکانهوه، ئایا ده‌توانێت مه‌رجه سه‌پاوه‌کانی ئه‌و ناوه‌ندانه پێشێل بکات؟
ئه‌وان خۆیان له‌وه لاده‌ده‌ن،ڕاستی شته‌کان بدرکێنن، که ئه‌و بانکه مۆدێرنانه، ئایا بانکی دەوڵەتین یا بانکی تایبه‌تی و پشکداریی ناوه‌نده جیهانلوشه‌کانی وه‌ك بانکی جیهانی؟ هه‌روه‌ها پێمان ناڵێن ئه‌و بانکه مۆدیرنانه جیاوازییان له بانکه‌کانی ئێستا چییه، ئایا قه‌رزی بێسوود به خه‌ڵکی ده‌ده‌ن، یا پشتیوانی ده‌وڵه‌ته نیشتمانییه‌که‌ی نووسه‌ران ده‌که‌ن، له‌وه‌ی پاشکۆی بانکه جیهانلوشه‌کان نه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه نین، ئه‌دی سوودی ئه‌و بانکه مۆدێرنانه بۆ خه‌ڵکی چییه و چی له بارودۆخی ئێستا ده‌گوڕن؟ ئایا نووسەران بانکەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بە مۆدێرن نازانن، ئەگەر وەڵام ئەرێیە، بۆ ناڵێن لە چەشنی بانکەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا، که نەك تەنیا تاکی ناچار و بەدبەخت دەدۆشن، به‌ڵکو تەنانەت دەوڵەتهکانیش دەدۆشن؟!
هه‌روه‌ها ئه‌وه له‌بیر ده‌که‌ن، که سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانی، وه‌ك ده‌وڵه‌تی بۆجوا–نیشتمانی، له باشترین باردا وه‌ك میراتییه‌که‌ی چاڤێز و ڕاوڵی برای کاسترۆ،ڕووبه‌ڕووی ئابڵۆقه‌ی ئابووریی و ڕامیاریی و سه‌ربازیی هێزه جیهانلوشه‌کان ده‌بێته‌وه و دواجار خۆبه‌خۆ و ناچار به‌ره‌و دیکتاتۆری بێپه‌رده‌یه ملده‌نێت. له به‌رامبه‌ریشیدا سیسته‌می فره‌پارتی پارله‌مانی پشتبه‌ستوو به بازارئازاده‌که‌ی نئیۆلیبرالیزم وه‌ك عیراق و ئه‌فگانستان، ناچاره ببێت بە به‌شێك له سیسته‌مه جیهانگرهکه وه‌ك ئه‌وه‌ی که ده‌یبینین، له هه‌ردوو باردا باجده‌ری بارۆدۆخهکان، هه‌ر خه‌ڵکی بێده‌سه‌ڵات و نه‌داران، ئیتر ئەو بانکانە دەوڵەتی کۆن بن یا تایبەتی مۆدێرن، ئەوە هیچ لە ئامانجی بانکدارییەکە ناگۆڕێت، کە قۆستنەوەی ناچاری خەڵكە!
په‌راوێز:
[٧]. بۆنی نه‌وت، زاهیر باهیر
http://www.dengekan.info/dengekan/11/3682.html
[٨]. له ده‌ره‌وه‌ی ئێدن (Out of Eden)
[٩]. سەرنج بدەنە پەرتووکەکەی جۆن پێرکینز، کە بۆ زۆربه‌ی زمانه ئهوروپییهکانوهرگءڕدراوه و لە پێگەی ئینتەرنێتی نووسەردا هەم دەتوانن پەرتووکەکەی بەدەستبهێنن و هەم گفتوگۆ دۆکومێنتهرەییەکانی ببینن http://www.johnperkins.org