پاش جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، دانیشتوانی ئۆروپا له‌ته‌ك بارودۆخێکی تازه ڕووبه‌ڕوو بوون. میرییه‌کانی پێشووتری ئۆروپای ناوه‌ندی ڕوخابوون. ڕوسیه له ده‌می شۆڕشێکدا بوو، که هیچ که‌س نه‌یده‌زانی سه‌ره‌نجامه‌که‌ی چی ده‌بێت. شۆڕشی ڕوسیه کارایی له‌سه‌ر هه‌موو کرێکارانی وڵاتانی تر دانابوو. ئه‌وان پێیان وابوو، که ئۆروپا له بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانه‌دایه و ئه‌گه‌ر نه‌توانن ئه‌و شۆڕشه به سه‌ره‌نجامێکی یه‌کلاییکه‌ره‌وه بگه‌یێنن، بۆ ساڵانێكی دوورودرێژ هیوابڕاو ده‌بن. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وان به‌زۆری هیوایان به شۆڕشی ڕوسیه‌وه گرێدابوو و به ده‌ستپێکردنی سه‌رده‌مێکی نوێی مێژوویی ئه‌وروپایان ده‌زانی. ساڵی 1919 پارتی بۆلشه‌ڤیك، که له ڕوسیه ده‌سه‌ڵاتی گرتبووه ده‌ست، بۆ پێکهێنانی نێونه‌ته‌وه‌یه‌کی نوێ، هه‌موو ڕێکخراوه کرێکارییه شۆڕشگێڕه‌کانی جیهانی بۆ به‌شداریکردن له کۆنگره‌یه‌کدا له مۆسکۆ بانگه‌واز کرد. ئه‌و کات ته‌نیا له چه‌ند وڵاتێک‌دا پارتی کۆمونیست هه‌بوو، به‌ڵام ڕێکخراوه یه‌کێتیگه‌راکان له وڵاتانی ئیسپانیا، پورتوگال، فه‌ره‌نسه، ئیتالیا، هۆڵه‌ند، سوید، ئاڵمان، بریتانیا و وڵاتانی باکوور و باشووری ئه‌مه‌ریکا هه‌بوون و له هه‌ندێکیاندا زۆر کارا بوون. له‌به‌ر ئه‌وه یه‌کێك له گرنگترین به‌رنامه‌کانی لێنین و هامڕاکانی، گۆڕینی ئه‌و ڕێکخراوانه بوو، به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان. به‌م جۆره بوو که نزیکه‌ی هه‌موو ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیسته‌کانی ئۆروپا له هاوینی 1920دا بۆ یه‌که‌مین کۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی سێیه‌م میوانی کران.
به‌ڵام شتێك که نێردراوانی یه‌کێتیگه‌را شۆڕشگێڕه‌کان له ڕوسیه دیتیان، شتێك نه‌بوو، که هاوکاری له‌ته‌ك کۆمونیسته‌کان لوا‌و یا ته‌نانه‌ت خوازراو وێنا بکرێت. دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا ئه‌و کاتیش ناوڕۆکی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی نیشان ده‌دا. زیندانه‌کان پڕ بوون له سۆشیالیستانی سه‌ر به فێرگه‌کانی تر و زۆرێك له ئه‌نارکیسته‌کان و یه‌کێتیگه‌راکانیش زیندانی کرابوون. به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر، زۆر به ڕوونی دیار بوو، که فه‌رمانڕوا تازه‌کان به هیچ شێوه‌یه‌ك توانای نۆژه‌نکردنه‌وه‌یه‌کی سۆشیالیستی راستینه‌یان نییه. پایه‌ڕێژی دیکتاتۆرئاسایانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی سێیه‌م و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی سه‌راپای بزاڤی کرێکاری ئۆروپا به ئامرازێك بۆ ڕامکارییه‌کانی ده‌وڵه‌تی بۆڵشه‌ڤیکی له په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کاندا، به خێرایی ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیسته‌کانی تێگه‌یاند، که له نێونه‌ته‌وه‌یی سێیه‌مدا جێیه‌ك بۆ ئه‌وان نییه. له‌به‌ر ئه‌وه، له کۆنگره‌ی مۆسکۆدا پێشنیار کرا له پاڵ نێونه‌ته‌وه‌یی سێیه‌مدا یه‌کێتییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی له یه‌کێتییه پیشه‌ییه شۆرشگێڕه‌کانیش پێك بهێنرێت، که تێیدا هه‌موو ڕێکخراوه یه‌کێتیگه‌راکان، به هه‌ر روانگه‌یه‌که‌وه که هه‌یانه، جێی خۆیان هه‌بێت. نوێنه‌رانی یه‌کێتیگه‌راکان به‌م پێشنیاره ڕازی بوون، به‌ڵام کاتێك که کۆمونیسته‌کان ویستیان ئه‌و ڕێکخراوه پاشکۆی نیونه‌ته‌وه‌یی سێه‌م بێت، ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیسته‌کان پێشنیاره‌که‌ی خۆیان کشانده دواوه.
له دێسه‌مبه‌ری 1920دا، ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیسته‌کان له کۆنفرانسێکی نێونه‌ته‌وه‌ییدا له به‌رلین کۆبوونه‌وه، تاوه‌کو له‌مه‌ڕ به‌رخوردیان له‌ته‌ك کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی سووری یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کان بڕیار بده‌ن، که بڕیار بوو ساڵی داهاتوو له مۆسکۆ به‌رپا بکرێت. کۆنفرانسه‌که له‌سه‌ر مه‌رجدانان بۆ به‌شداری یه‌کێتیگه‌راکان له‌و ڕێکخراوه‌دا ڕێککه‌وتن. گرنگترینی ئه‌و حه‌وت مه‌رجه ئه‌مانه بوون، که سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی بزووتنه‌وه‌که له پارته ڕامیارییه‌کان دابین بکات و په‌یگیری له‌سه‌ر ئه‌و ڕوانگه‌یه بکرێت، که نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه ته‌نیا له ڕێگه‌ی ڕێکخراوبوونی ئابوورییانه‌ی خودی چینی به‌رهه‌مهێنه‌وه له توانادا هه‌یه. له کۆنگره‌ی مۆسکۆی ساڵی دواتردا، ڕێکخراوه یه‌کێتیگه‌راکان که‌مایه‌تی بوون. یه‌کێتی ناوه‌ندی یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کانی ڕوسیه، به‌سه‌ر هه‌موو جولانه‌وه‌که‌دا زاڵ بوو و هه‌رچی ده‌ویست، په‌سه‌ندییان ده‌کرد. له ئۆکتۆبه‌ری 1921دا، کۆنگره‌ی یه‌کێتیگه‌راکان له دویسلدۆرفDüsseldorf ی ئاڵمان به‌رپا کرا و کۆبوونه‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی تر بۆ ساڵی داهاتوو له به‌رلین به‌رنامه‌ڕێژی کران. کۆبوونه‌وه‌که له 25ی دێسه‌مبه‌ری 1922 تا 02ی جانیوه‌ری 1923 درێژه‌ی کێشا. ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که به‌شدار بوون، بریتی بوون:- ئه‌رژه‌نتین: فیدراسیۆنی هه‌رێمی ئۆبرێرای ئه‌رژه‌نتینFederacion Obrera Regional Argentina به نوێنه‌رایه‌تی 200.000 ئه‌ندام. چیلی: ڕێکخراوی کرێکارانی پیشه‌سازی جیهان Industrial Workers of the World به نوێنه‌رایه‌تی 20.000 ئه‌ندام. دانیمارك: یه‌کێتی پرۆپاگه‌نده‌ی یه‌کێتیگه‌رایی Union for Unionist Propaganda به نوێنه‌رایه‌تی 600 ئه‌ندام. ئا‌ڵمانیا: یه‌کێتی کرێکارانی ئازادFreie Arbeiter Union به نوێنه‌رایه‌تی 120.000 ئه‌ندام. هۆڵه‌مده: سکرتاریاتی سه‌رتاسه‌ری کرێکارانNational Arbeids Sekretariat به نوێنه‌رایه‌تی 22.500 ئه‌ندام. ئیتالیا: یه‌کێتی سه‌ندیکایی ئیتالیاUnione Sindicale Italiana به نوێنه‌رایه‌تی500.000 ئه‌ندام. مه‌کسیكۆ: کۆنفیدراسیۆنی گشتی کرێکاران. نه‌رویژ: فیدراسیۆنی سه‌ندیکالیستی نۆرسك به نوێنه‌رایه‌تی 20.000 ئه‌ندام. پورتوگال: کۆنفیدراسیۆنی گشتی کرێکاران Confederacao Geral do Trabalho به نوێنه‌رایه‌تی 150.000 ئه‌ندام. سوید: ڕێکخراوی ناوه‌ندی کرێکارانی سوید به نوێنه‌رایه‌تی 32.000 ئه‌ندام. ئه‌سپانیا: له‌و کاته‌دا CNT به توندی سه‌رقاڵی خه‌باتێکی سه‌خت دژی دیکتاتۆری پریمۆ دێ ریڤێرا بوو و نه‌یتوانی نوێنه‌ری بنێرێت، به‌ڵام نوێنه‌رانی له کۆنگره‌ی نهێنی Saragossa له ئۆکتۆبه‌ری 1923دا به‌شدارییان کرد. له فه‌ره‌نسه، پاش جه‌نگ، له‌تبوون له CGT دا بووه هۆی پێکهاتنی CGTU، که دواتر به مۆسکۆوه په‌یوه‌ست بوو. به‌ڵام که‌مایه‌تییه‌ك تێیدا که پێکه‌وه له‌سه‌ر پێکهێنانی کۆمیته‌ی پشتیوانی له یه‌کێتیگه‌رایی شۆڕشگێڕانه Comite de Defence Unioniste Revolutionaire یه‌کیان گرت، نوێنه‌رایه‌تی نزیکه‌ی 100.000 کرێکاریان ده‌کرد و له دانیشتنه‌کانی کۆنگره‌ی به‌رلیندا به‌شداریان کرد. له پاریسه‌وه فیدراسیۆنی باتیمن Federation du Batiment به 32.000 ئه‌ندام و فیدراسیۆنی لاوانی Federation des Jeunesses de la Seine به‌شدار بوون. دوو نوێنه‌ری که‌مایه‌تی یه‌کێتیگه‌رایی کرێکارانی ڕوسیه، به‌شدارییان کرد.
کۆنگره به زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری له‌سه‌ر پێکهێنانی یه‌کێتی نیونه‌ته‌وه‌یی به‌نێوی کۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی کرێکاران International Workingmen’s Association ی نێوان ڕێکخراوه یه‌کێتیگه‌راکان دا. هه‌روه‌ها بڕیاری ڕاگه‌یاندنی گشتی بنچینه‌کانی ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیزم دا، که به‌م جۆره بوو:
ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیزم دژی هه‌موو شێوه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی پاوانگه‌رییه و ئامانجی بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌ی یه‌کێتییه ئازاده‌کان و ڕێکخراوه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کرێکاران به‌سه‌ر کێڵگه و کارخانه‌کاندا له‌سه‌ر بنه‌مای سیستمی ئازاد و ئه‌نجومه‌نه کرێکارییه‌کان، که له پاشکۆیی هه‌ر جۆره میرریی پارتییه‌ك ئازاد بێت. سه‌ندیکالیزمی شۆڕشگێڕانه، به پێچه‌وانه‌ی ڕامیارییه‌کانی ده‌وڵه‌ت و پارته ڕامیارییه‌کان، له بری فه‌رمانڕاوایی به‌سه‌ر تاکه‌کاندا، خوازیاری ڕێکخستنی ئابوورییانه‌ی کرێکارانه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کان. له‌به‌ر ئه‌وه، ئامانجی نه‌ك ته‌نیا ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵکو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره کارکردێکی ده‌وڵه‌تییه له ژیانی کۆمه‌ڵدا. له‌و باوه‌ڕه‌دایه که هاوکاتی له‌ناوبردنی چه‌پاوڵگه‌ری دارایی، ده‌بێت پاوانگه‌ری ده‌سه‌ڵات و ڕیشه‌کانی سه‌رکوتیش له‌نێو ببرێن؛ ئه‌وه‌ی که هه‌موو شێوه‌کانی ده‌وڵه‌ت، له‌وانه‌ش دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا، هه‌رده‌م دروستکه‌ری پاوانگه‌ری نوێ و به‌رته‌ریدانی نوێ ده‌بن، نه‌ك ئامرازێك بۆ گه‌یشتن به ئازادی.
به‌م کاره، سنووربه‌ندییه‌کی ته‌واو له‌ته‌ك بۆلشه‌ڤیزم و لایه‌نگرانی له وڵاتانی تر، ئه‌نجام درا. له‌و کاته‌وه I.W.M.A ڕێگه‌ی خۆی گرته‌به‌ر، کۆنگره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆی به‌رپاکردن، بۆڵتنه‌کانی خۆی بڵاوکردنه‌وه و په‌یوه‌ندی خۆی له‌ته‌ك ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیسته‌کانی وڵاتانی تر په‌ره پێدا.
به‌هێزترین و کاراترین ڕێکخراوی I.W.M.A، ڕێکخراوی CNT ی ئیسپانیا بوو، که گیانی خه‌باتکارانه‌ی سه‌ختی کرێکاران ئیسپانیا و دواتر ڕێکخه‌ری به‌رهه‌ڵستیان له دژی فاشیزم و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی سۆشیالیستی وڵاتی گرته ئه‌ستۆ. CNT تا پێش سه‌رکه‌وتنی فرانکۆ، نزیکه‌ی دوو ملیۆن و نیو کرێکار، جوتیار، کرێکاری هۆشی و ڕۆشنبیری ده‌گرته خۆ. سی و شه‌ش ڕۆژنامه‌ی ده‌رده‌کرد، له‌وانه ڕۆژنامه‌کانی وه‌ك سۆلیدارید ئوبررا Solidaridad Obrera له به‌رشه‌لۆنه، که یه‌کیك بوو له گه‌وره‌ترین ڕۆژنامه‌کانی ئیسپانیا و نزیکه‌ی 240.000 تیراژ چاپ ده‌کرا، کاستێلا لیبره، که یه‌کێك له گرنگترین ڕۆژنامه‌کانی مه‌درید بوو. CNT چه‌ندین ملیۆن په‌رتووك و نامیلکه‌ی چاپ کرد و زیاتر له هه‌ر بزاڤێکی تر له ئیسپانیا کاری بۆ په‌روه‌ده و راهێنانی جه‌ماوه‌ر کرد.
له پورتوگال، کۆنفیدراسیۆنی گشتی کرێکاران CGT له ساڵی 1911 پێكهات، که به‌هێزترین ڕێکخراوی وڵات بوو و هه‌مان بنچینه‌کانی CNT له ئیسپانیا گرتبووه‌به‌ر. پاش سه‌رکه‌وتنی دیکتاتۆری، چالاکی ئاشکرای CGT قه‌ده‌خه کرا و ژێرزه‌مینانه درێژه به چالاکی ده‌دات.
له ئیتالیا، باڵی ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیستی (Conlederazione del Lavoro)، له ژێر کارایی ئه‌ندێشه سه‌ندیکالیستییه‌کانی فه‌ره‌نسه، له‌و ڕێکخراوه جیابووه‌وه و یه‌کێتی سه‌ندیکاکانی ئیتالیا USI ی پێکهێنا. ئه‌م گروپه به‌رئه‌نجامی خه‌باتی بێوچانی کرێکاری بوو و له ڕوداوی هه‌فته‌ی سووری جونی 1914 و پاشان له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کارخانه‌کانی میلان و شاره‌کانی تری باکووری ئیتالیادا ڕۆڵێکی به‌رچاوی گێڕا. به ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی فاشیزم له ئیتالیا، سه‌راپای بزاڤی کرێکاری و له‌وانه‌ش USI تێکشکان.
له فه‌رنسه، ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیسته‌کان له CGTU له 1922 دا ده‌رچوون و پاش ئه‌وه ڕێکخراوه‌که به ته‌واوی که‌وته ژێر ده‌ستی بۆلشه‌ڤیکه‌کان. ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیسته‌کان Confederation Generale du Travail- CGT یان پێكهێنا، که به I.W.M.A وه په‌یوه‌ست بوون.
له ئاڵمان، تا پێش ده‌ستپێکردنی جه‌نگ یه‌که‌می جیهانی، ئه‌وانه‌ی که به لۆکاڵیسته‌کان نێو ده‌بران بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ هه‌بوون و ڕێکخراوه‌که‌یان ناوی FVDG بوو. له ساڵی 1897 دامه‌زراوه. له راستیدا ئه‌م ڕێکخراوه له‌سه‌ر ئه‌ندێشه‌ی سۆشیال–دیموکراتی دامه‌زرا بوو، به‌ڵام له بزاڤی یه‌کێتییه کرێکارییه‌کانی ئاڵمان‌دا دژی ئاراسته ناوه‌ندگه‌راکان تێده‌کۆشا. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌ندیکالیزمی فه‌ره‌نسی کاراییه‌کی زۆری له‌سه‌ر FVDG دانا و به‌ره‌و په‌سه‌ندکردنی ته‌واوه‌تی بنچینه‌کانی ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیزمی برد. له کۆنگره‌ی دویسلدۆف ی ساڵی 1920دا، ڕێکخراوه‌که ناوی خۆی گۆڕی به یه‌کێتی ئازادی کرێکارانی ئاڵمان Freie Arbeiter-Union Deutschlands- FAUD. ئه‌م بزاڤه خزمه‌تێکی زۆری له ڕێگه‌ی کرێکارانی ماندوونه‌ناسی بنکه‌ی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی خۆی له به‌رلین ئه‌نجام دا، که زۆربه‌ی کاره گرنگه‌کانی به تیراژێکی زۆر چاپ ده‌کرد. پاش به ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی هیتله‌ر، بزاڤیFAUD له‌سه‌ر شانۆ نه‌ما. زۆرێك له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی له ئوردووگه‌کانی نازییه‌کاندا ئه‌شکه‌نده دران یا ناچار به ده‌رچوون له وڵات بوون.
له سوید هێشتاکه بزاڤی یه‌کێتیگه‌رایی زۆرچالاك له ڕێکخراوی Sveriges Arbetares Centralorganisation – SAC بوونی هه‌یه. ئه‌م ڕێکخراوه، ته‌نیا ڕێکخراوێکی یه‌کێتیگه‌رای ئۆروپا بوو، که له چنگ کاردانه‌وه‌ی فاشیزم و هێرشی نازییه‌کانی ئاڵمان به درێژایی جه‌نگ ده‌رباز بوو. ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیسته‌کانی سوید له گشت خه‌باته گه‌وره‌کانی کرێکارانی وڵات‌دا به‌شدار بوون و ساڵانێکی دوورودرێژ ئه‌رکی په‌روه‌رده و ڕاهێنانی سۆشیالیستی و ئازادیخوازانه‌یان پێکه‌وه ئه‌نجام دا.
له هۆڵه‌ند، بزاڤی ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیستی له Nationale Arbeids Secretariatدا کۆ بووبووه‌وه، به‌ڵام کاتێك که ئه‌م ڕێکخراوه به هۆی کارتێکردنی کۆمونیسته‌کانه‌وه له بزووتن وه‌ستا، نزیکه‌ی نیو ملیۆن له ئه‌ندامانی جیابوونه‌وه و Nederlandisok Syndikalistisch Vakverbondیان پێکهێنا، که به I.W.M.Aوه په‌یوه‌ست بوو.
وێڕای ئه‌م ڕێکخراوانه، گروپه پاگه‌نده‌ییه ئه‌نارکۆسه‌ندیکالیستییه‌کان له نه‌رویژ، پۆلۆنیا و بولگاریا هه‌بوون، که به I.W.M.Aوه په‌یوه‌ست بوون. هه‌روه‌ها Jiyu Rengo Dantal Zenkoku Kaigiش له یابان به I.W.M.Aوه په‌یوه‌ست بوو بوو.
له ئه‌رژه‌نتین، Federacion Obrera Regional Argentina-FORA که له ساڵی1891دا پێکهاتبوو، سالانێك ناوه‌ندی خه‌باتی گه‌وره‌ی کرێکایی ئه‌و وڵاته بوو. مێژووی وی یه‌کێكه له به‌شه هه‌ڵچوونییه‌کانی مێژووی بزاڤی کرێکاریی. ڕێکخراوه‌که بۆ ماوه‌ی زیاتر له 25 ساڵ بڵاوکراوه‌که‌ی خۆی به ناوی La Protesta وه بڵاو ده‌کرده‌وه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه زۆر هه‌فته‌نامه‌ی له سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا چاپ و بڵا ده‌کرده‌وه. پاش کوده‌تای جه‌نه‌راڵ ئوریبورو، F.O.R.A که‌وته ژێر چاودێری، به‌ڵام توانی چالاکی ژێرزه‌مینی خۆی درێژه پێ بدات و له سه‌رده‌می دیکتاتۆر پێرۆن Peron یشدا بارودۆخه‌که به‌م جۆره بوو. له مانگی ئایاری 1929دا، F.O.R.A بانگه‌وازێکی بۆ کۆبوونه‌وه‌ی بزاڤه‌کانی هه‌موو وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتین له کۆنگره‌یه‌کدا له Buenos Aires ڕاگه‌یاند. له‌و کۆنگره‌دا، بێجگه له FORA، پاراگوای: Centro Obrero del Paraguay ، بۆلیڤیا: Federacion Local de la Paz, La Antorcha and Luz y Libertad، مه‌کسیك: Confederacion General de Trabajo ، گواتیمالا: Comite pro Accion Sindical، ئوروگوای: Federacion Regional Uruguaya، به‌رازیل: trade unions from seven of the constituent states و کۆستا ریکا: organization Hacia la Libertad به‌شدار بوون. هه‌ر له‌و کۆنگره‌دا بوو که Continental American Workingmens Association له دایك بوو، که باڵی ئه‌مه‌ریکایی I.W.M.A پێکهێنا. یه‌که‌مین دانیشتنه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه له Buenos Aires به‌رپا کرا، به‌ڵام پاش ئه‌وه له‌به‌ر دیکتاتۆری، ناچار بۆ پاراگوای گوازرایه‌وه.
ئه‌مانه هێزگه‌لی ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیزم، پێش ده‌رکه‌وتنی فاشیزم و هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م بوون.
* ئه‌م وتاره یه‌کێکه له بابه‌ته‌کانی په‌رتووکی ئه‌نارکیزم و ئه‌نارکۆ–سه‌ندیکالیزم، وه‌رگێڕانه فارسییه‌که‌ی له ماڵپه‌ڕی (http://khushe.ir)، وه‌رگێڕانی امید میلانی، وه‌رگیراوه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له وه‌رگێرانه فارسییه‌که‌دا، زۆربه‌ی ساڵ و هه‌ژماره‌کان نه‌هاتوون، ئه‌م وه‌رگێرانه کوردییه له‌ته‌ك ده‌قه ئنگلیزییه‌که‌ی به‌راورد کراوه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و ماڵپه‌ڕه هه‌نووکه له ئارادا نه‌ماوه، خوێنه‌رانی هێژا بۆ زانیاری زیاتر ده‌توانن به ئینگلیزی و ئاڵمانی له‌م دوو لینکه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌قه ئینگلیزی و ئاڵمانییه‌که‌ی بخوێننه‌وه:
ئینگلیزی: http://flag.blackened.net/rocker/aasind.htm
ئاڵمانی: http://www.marxists.org/deutsch/referenz/rocker/1938/anarsyndik/index.htm