به‌شی چواره‌م له په‌رتووکی ئانارشیزم و ئانارکۆسه‌ندیکالیزم
ئانارکۆسه‌ندیکالیزمی هاوچه‌رخ درێژه‌ی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و بۆچوونه کۆمه‌ڵایه‌تییانه بوو، که له باوه‌شی ئینته‌رناسیونالی یه‌که‌مدا سه‌ریانهه‌ڵدا، باشتر له هه‌ر شوێنێکی دیکه، له باڵی ئازادیخوازی وی‌دا یه‌کێتی گه‌وره‌ی کارگه‌ران په‌یان پیبردن و پارێزران. پێگه‌یینی وی کاردانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر به چه‌مک و شێوازه‌کانی سۆشیالیزمی سیاسی بوو؛ ئه‌م کاردانه‌وه‌یه له ده‌هه‌کانی پێش شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م، به به‌ره‌ولوتکه‌کشانی بزووتنه‌وه‌ی ئانارکۆسه‌ندیکالیستی له فه‌ره‌نسه، ئیتالیا و به تایبه‌ت ئه‌سپانیا، خۆی به باشی نێسان دا. ئه‌مانه ناوچه‌گه‌لێکن، که زۆربه‌ی کارگه‌رانی ڕێکخراو به‌رده‌وام پابه‌ندی بنچینه‌کانی باڵی ئازادیخوازی ئینته‌رناسیونال مابوونه‌وه.
ناکۆکی هه‌میشه‌یی نێوان فراکسیۆنه جیاوازه سۆشیالیسته‌کان خۆبه‌خۆ کێشرایه نێو یه‌کێتییه کارگه‌رییه‌کان، هه‌روا زۆرجار وا ده‌هاته پێش، که یه‌کێتییه‌کانی سه‌ربه فراکسیۆنێک مانگرتنیان ده‌کرد، یهکیتییهکانی فراکسیۆنێکیتر له‌وان جیاده‌بوونه‌وه و مانگرتنه‌که‌یان تێکده‌شکاند. ئه‌م باره ناله‌باره چاوی کارگه‌رانی کرده‌وه. کۆنگره‌ی یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کان له نانت (1894) کۆمیته‌یه‌کی تایبه‌تی کرده به‌رپرسی هه‌ڵهێنجانی شێوازگهلیك بۆ له‌یه‌كتێگه‌یشتنی گشت یه‌کێتییه‌کان. ئه‌م کاره ساڵێك دواتر له کۆنفرانسی گشتی زه‌حمه‌تکێشان، له کۆنگره‌ی لیموگس دا و به ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له گشت پارته‌کان، ئه‌نجامی دابه‌ده‌سته‌وه. له‌و کاته‌وه، ته‌نیا دوو گروپی گه‌وره له یه‌کێتییه‌کان له فه‌ره‌نسه‌دا مانه‌وه،CGT و فیدراسیۆنی نرخدانانی زه‌حمه‌تکێشان، ساڵی 1902، له کۆنگره‌ی مۆنۆلیه دا، دووه‌میش به CGT وه په‌یوه‌ست بوو.
هه‌ندێکجار که‌سانیك له‌گه‌ڵ ئه‌م هۆشمه‌ندییه فراوانه و به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی په‌روه‌رده‌ی ڤێرنه‌ر سومبارت ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، که سه‌رچاوه‌ی سه‌ندیکالیزمی شۆڕشگێڕانه‌ی فه‌ره‌نسه، بۆ ڕۆشنبیرانی وه‌ک جی. سورلG. Surel، ئه‌ی. بێرتA. Bert ، ئێچ. لاگاردل H. Lagardel ، ده‌گه‌ڕێته‌وه، که له بڵاوکراوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی دا، دامه‌زراو له 1899دا، به شێوازی ڕۆشنبیرانه‌ی خۆیان، بزووتنه‌وه‌یه‌کی نوێیان داڕێژا. ئه‌م هۆشمه‌ندییه ته‌واو نادروسته. هیچ یه‌ك له‌م که‌سانه نه په‌یوه‌ندییان به بزووتنه‌وه‌که‌وه هه‌بوو، نه کاراییه‌کی به‌رچاوییان له‌سه‌ر پێگه‌یینی ناوه‌کی بزووتنه‌وه‌که داناوه. هه‌ڵبه‌ته CGT، ته‌نیا له سه‌ندیکا شۆڕشگێڕه‌کان پێك نه‌هاتبوو، زیاتر له نێوه‌ی ئه‌ندامانی ئاراسته‌یه‌کی ڕیفۆرمیستانه‌یان هه‌بوو و به CGT وه په‌یوه‌ست بووبوون، چونکه ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش تێگه‌یشتبوون، که پشتبه‌ستنی یه‌کێتییه پێشه‌ییه‌کان به پارته سیاسییه‌کان هۆی لاوازبوونی بزووتنه‌وه‌که‌یه. به‌ڵام باڵی شۆڕشگێڕانه‌ی، که به ورهترین و چالاکترین ئه‌ندامانی کارگه‌ری و هه‌روا ئاماده‌ترین هێزه هزرییه‌کانی له خۆ گرتبوو، مۆری تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی له CGT دا و ئه‌وه ئه‌وان بوون، که بۆچوونه‌کانی سه‌ندیکالیزمی شۆڕشگێڕانه‌یان پێگه‌یاند. زۆرێک له‌وان له نێوان ئالمانیسته‌کان*ه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدابوو، به‌ڵام ژماره‌یه‌کی ته‌نانه‌ت فره‌تر، وه‌ک فێرناند پلوتیه، سکرتێری زۆر هۆشمه‌ندی فیدراسیۆنی ئاڵووێری (مبادلات) کارگه‌ری، ئه‌میل پوژه، ڕێکخه‌ری ئۆرگانی فه‌رمی CGT ، ئیوتوت و زۆرێکیتر، پێش ئه‌وه‌ش ئانارشیست بوون. به‌زۆری له ژیر کارایی باڵی ڕادیکاڵی CGT دا بوو، که بزوتنه‌وه‌ی نوێ پیکهات و له به‌رجه‌سته‌بوونه ئارامه‌کانی ( 1906)دا، که بنچینه و شێوازه‌کانی بزووتنه‌وه‌که‌ی جێگیر کردبوو، ده‌رکه‌وت.
بزووتنه‌وه‌ی فه‌ره‌نسه کاردانه‌وه‌ی به‌رچاوی له‌سه‌ر کارگه‌رانی وڵاتانی لاتاین دانا و له وڵاتانیتریشدا په‌ره‌ی سه‌ند. قه‌یرانی ناوخۆیی، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا نزیکه‌ی هه‌موو پارته سۆشیالیسته‌کانی ئه‌وروپای گرتبووه‌وه، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر بووه هۆی به‌هێزبوونی کارایی سهندیکلیزمی فه‌ره‌نسه له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کارگه‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی. ململانێی نێوان به‌ناو لاده‌ره‌کان و مارکسیسته توندڕه‌وه‌کان، زۆرێک له که‌سانی ئه‌ندێشمه‌ندی کیشایه پای ڕامانی په‌یگیره‌وه. ئه‌وانه بۆیان ده‌رکه‌وت، که به‌شداری له سیاسه‌تبازی ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، تاڵه موویه‌ک بزووتنه‌وه‌که‌ی له سۆشیالیزم نزیک نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵکو له‌بری ئه‌وه لێدانێکی توندی له باوه‌ڕی کارگه‌ران به پێداویستی چالاکی سۆشیالیستانه‌ی چاره‌نووسساز داوه و له‌وه‌ش خراپتر، به سه‌پاندنی ئه‌م خۆشباوه‌ڕییه وێرانگه‌ره به‌سه‌ر هۆشی جه‌ماوه‌ردا، که هه‌میشه ڕزگاری له سه‌ره‌وه دێت ( نه‌ک له‌نێو خۆیانه‌وه)، گشت ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی جه‌ماوه‌ری له‌نێو بردووه.
له‌ژێر کارایی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌دا بوو، سۆشیالیزم ڕۆڵی ئامانجدارانه و فه‌رهه‌نگی خۆی، که بڕیاربوو کارگه‌ران بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئاماده بکات، له‌ده‌ست ده‌دا و چیتر نه‌یده‌توانی خۆی له سنووری ده‌ستکردی ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌ربازبکات. تێگه‌یشتنی ڕابه‌رانی پارته کارگه‌رییه هاوچه‌رخه‌کان له داخوازییه‌کانی بزووتنه‌وه‌که، به‌رده‌وام زیاتر و زیاتر له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌کاندا ئامێته ده‌بوو، تا گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، که دواجار نه‌ده‌کرا هیچ سنوورێک له‌نێوانیاندا بکێشرێت. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی زۆرێك وێنای ده‌که‌ن، که ئه‌م ڕوخسار گۆڕینه، به دژه‌خونی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕابه‌ران دانانی، هه‌ڵه‌یه. له ڕاستیدا ئێمه له‌گه‌ڵ کشانی به‌ره‌به‌ره‌یی به‌ره‌و شێواز و ئه‌ندێشه‌کانی کۆمه‌ڵگه ڕووبه‌ڕووین، که به‌پێی پێداویستی له‌سه‌ر ئاراسته‌ی هزری ڕابه‌رانی جۆراوجۆری پارته کارگه‌رییه‌کان له وڵاتانی جۆراو جۆردا، کارایی دانا. ئه‌و پارتانه‌ی ، که ڕۆژگارێک ئامانجی خۆیان به به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به ئاڵای سۆشیالیزمه‌وه دانابوو، خۆیان له لۆژیکی پۆلایینی هه‌لومه‌رجدا گیریان خوارد و به به‌قوربانیکردنی که‌م که‌مه‌ی باوه‌ڕه سۆشیالیستییه‌کانی خۆیان له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ده‌وڵه‌تدا ناچاربوون. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی که ده‌یانویست به‌ده‌ستی بێنن، سۆشیالیزمهکهیانی تێکشکاند، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که شتێک بێجگه له‌ناوه‌که‌یان نه‌مابووه‌وه.
* آلمانیست‌ها، له‌م وشه‌یه دڵنیا نیم و زۆرگه‌رام بۆ سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌که، به‌داخه‌وه له‌به‌ر نه‌کرانه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕی خوشه، نه‌متوانی ده‌ستم پیی ڕابگات.
سه‌رچاوه‌ی لێوه‌رگیراو : http://khushe.ir/maghale/rocker4.shtml